شارپرێس:
ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕایگەیاند، لە دوای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاک لایەنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەوڵەتی تورکیا، جارێکی تر سوپای تورکیا دەستیکردۆتەوە بە دروستکردنی بازگە لەناو گوندەکان و ڕێگریکردن لە هاتووچۆی گوندنشینان بۆ سەر ڕەزوباخەکانیان.
کامەران عوسمان لەڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی دەڵێت، لە ڕۆژی ٣ی ئاداردا، سەربازانی تورکیا بازگەیەکیان لە ناو زەوییەکانی شیڤا مێزیا، لە ناو گوندی کەشانی سەر بە قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستکرد.
دەشڵێت، سەربازانی تورکیا لە بازگەکە، ڕێگە لە گوندنشینان دەگرن کە بچنە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و جوڵەی هاووڵاتیانی ناوچەکەیان سنوردارکردووە. ئەمەش بە مەبەستی کارکردن لە دروستکردنی ڕێگای سەربازی لە نێوان بارەگای کوخێ دپشکا و کوخێ مەلاهێ و بەستنەوەیان بە بنکە و بارەگاکانی تری تورکیا لە ناوچەی باتیفا.
هەروها کامەران عوسمان ڕونیکردەوە، لەگەڵ ئەوەی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان وەستاوە، بەڵام سوپای تورکیا بەردەوامە لە بەهێزکردنی بنکە و بارەگاکانی و فراوانکردنی هەژموونی سەربازی خۆی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
