درۆن‌و موشەکەکانى تاران وڵاتانى عه‌ره‌بى كۆكرده‌وه‌

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1293 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ناوچەکە لەناو دەریایەک لەئاگرو هەڕەشەی موشەکیدایە، میسر جارێکی دیكه‌ وەک دەستپێشخەرێک بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی دەرکەوتەوە، لەکۆبونەوەیەکی بەپەلەی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبیدا، میسر داوایەکی ڕاشکاوو بەپەلەی ئاراستەی پایتەختە عەرەبییەکان کردو وتى، "کاتی ئەوەهاتوە هێزێکی سەربازیی هاوبەش پێکبهێنرێت"


د.بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر بەزمانێکی توندو هۆشدارکەرەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو هێرشە موشەکی‌و درۆنانەی ئەمدواییانە کرانەسەر وڵاتانی کەنداو، ئوردن‌و عێراق، زەنگێکی مەترسیدارن.

جەختیکردەوە، "چیتر دیپلۆماسی بەتەنها بەس نییەو پێویستە چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی لەچوارچێوەی تیۆرییەوە بگۆڕدرێت بۆ ئامادەباشییەکی سەربازیی مەیدانی".

ئەم داوایەی میسر تەنها پێشنیازێکی کاتی نییە، بەڵکو زیندوکردنەوەی پڕۆژەیەکە کە لەساڵی 2015وە لەچوارچێوەی کۆمەڵەی عەرەبیدا باسی لێوەدەکرێت، بەڵام جیاوازییەکەی ئێستا لەوەدایە کە هەڕەشەکان گەیشتونەتە ئاستی تێکدانی سەروەریی دەوڵەتان‌و دروستکردنی پشێویی گشتگیر لەناوچەکەدا.

وه‌كو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى میسر ڕونیكرده‌وه‌ پەیامەکانی بۆ کەمکردنەوەی پشتەستنه‌ بەهێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتانی عەرەبی‌و ناردنی پەیامێکی ڕون بۆ تاران‌و هەر لایەنێکی دیكه‌ کە ناوچەکە وەک گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی چەک بەکارده‌هێنێت‌و میسریش پێیوایە ئەگەر ئەم هێزە نەبێت، ناوچەکە بەرەو لێواری داڕمانێکی سەربازیی گەورە دەچێت.