شارپرێس:
لەنوێترین گۆڕانکاریی سیاسیی ناوچەکەدا، ڕوسیا بەشێوەیەکی فەرمیو ڕاشکاو، هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی خۆی لەململانێی نێوان ئێرانو نەیارەکانیدا کێشا، ئەندرێ کێلین باڵیۆزی ڕوسیا لەبەریتانیا، بەپەیامێکی توندو جیاواز، ئاوی ساردی بەسەر ئەو چاوەڕوانییانەدا کرد کە باسیان لەبێلایەنیی مۆسکۆ دەکرد.
کێلین لەلێدوانەکانیدا پەردەی لەسەر هەڵوێستی ڕاستەقینەی وڵاتەکەی لاداو ڕایگەیاند، "ڕوسیا لەم شەڕەدا بێلایەن نییەو پشتیوانیی لەتاران دەکات".
چاودێران بۆچونیان وایه، ئەو دەربڕینە تەنها لێدوانێکی دیپلۆماسی سادە نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ قووڵایی ئەو هاوپەیمانییە ستراتیژییەی کە لەساڵانی ڕابردودا لەنێوان ڤلادیمێر پوتنو سەرکردایەتی ئێراندا دروستبوە.
باڵیۆزی ڕوسیا هێرشێکی توندیکردەسەر وڵاتانی ڕۆژئاواو بە دوڕوو وەسفیکردن، ئهوهشى وت، "ڕۆژئاوا تەنها ئێران وەک خەتابار دەبینێت، بەڵام چاویان لەئاست ئەو هێرشانە نوقاندوە کە ئەمریکاو ئیسرائیل دەستیانپێکردوە".
وهكو شرۆڤهكاران باسیدهكهن، ئەم قسانەى ڕوسیا نیشانەی ئەوەن کە مۆسکۆ دەیەوێت شەرعییەت بداتەوە بەهەڵوێستەکانی تارانو وەک بەرگریی لەخۆکردن نیشانی بدات.
هەرچەندە کێلین جەختی لەدراوسێیەتیو پەیوەندییە باشەکان کردەوە، بەڵام بەوریاییەوە خۆی لەباسی هاوکاری سەربازیی لادا، ئەو بێدەنگییە گومانی زیاتری لای چاودێران دروستکردوە؛ ئایا پشتیوانییەکەی ڕوسیا تەنها لەچوارچێوەی پەیامی سیاسیدا دەمێنێتەوە، یان ژورە تاریکەکانی مۆسکۆو تاران خەریکی داڕشتنی نەخشەی سەربازیی هاوبەشن؟
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، باڵیۆزە ڕوسییەکە هۆشدارییەکی مەترسیداریدا؛ ئەو پێیوایە تاکە ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لەکارەساتێکی گەورەتر، ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانە، ئەو لێدوانە وەک کاتژمێرێکی تهقه تهقكهر وایە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە ئەگەر شەڕ نەوەستێت، ڕەنگە جیهان بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەک بڕوات کە ڕوسیاش یەکێک بێت لەجەمسەرە سەرەکییەکانی ناو مەیدانەکە.
