سەرکردە کوردەکان: ئەوەى لە ئەمریکامان دەوێت؟

ڕاپۆرت

16 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 989 جار خوێندراوه‌ته‌وه


المجلە
وەرگێڕان: د.حلمی رەسوڵ ڕەزا
پرسی کوردانی ئێران و هێزە سیاسییەکانیان بووە باسێکی سیاسیی سەرەکی لە ئاستی جیهاندا، ئەمەش دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" ئەنجامی دا. لەو پەیوەندییەدا تاوتوێی ئەگەری بەشداربوونی هێزە چەکدارەکانی سەر بە حیزبە کوردییەکان لە جەنگێکی زەمینی فراوان لە ناوچەکانی خۆیاندا کراوە، بۆ ئەوەی ببێتە چەخماخەی دەرکردنی ڕژێمی ئێران لە ناوچەیەکی جوگرافی ناوخۆیی و لە ئەنجامدا بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی جەماوەری دژی ڕژێم.
لە ڕووی مەیدانییەوە، چاوەڕوانییەکی توند باڵی کێشاوە بەسەر زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی باکوور و ڕۆژئاوای ئێراندا. لە هەمان کاتدا پێنج حیزبی سیاسی کوردی ڕۆژهەڵات دامەزراندنی ئەنجومەنێکی هاوپەیمانییان لە نێوان خۆیاندا ڕاگەیاند، کە لەلایەن هەندێک هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییەوە پێشوازی لێکرا و هەندێکی تریش هۆشدارییان لێ دا. سەرچاوەیەکی سیاسی لە حیزبی "کۆمەڵە" لە گفتوگۆیەکدا بۆ گۆڤاری "المجلە" دیدگای حیزبەکەی و ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکانی بۆ قۆناغی داهاتوو ئاشکرا کرد.
پاش قسە کردنی لەگەڵ هیجری، ترەمپ دوو پەیوەندی تەلەفۆنی تری لەگەڵ دوو سەرکردەی کوردی عێراق ئەنجام دا: مەسعوود بارزانی لە "پارتی دیموکراتی کوردستان" و بافڵ تاڵەبانی لە "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان". دوای ئەوە هەردوو پارێزگای کوردستان و کرماشان لە ڕۆژئاوای ئێران، کە زۆرینەیان کوردن، کەوتنە بەر بۆردومانێکی چڕ. ئامانجەکان دەیان شوێنی سوپا، هەواڵگری، سوپای پاسداران و تەنانەت دامەزراوە ئەمنییە مەدەنییەکانی وەک بنکەکانی پۆلیسی گرتەوە، کە چاودێران ئەمە وەک ئامرازێک لێکدەدەنەوە بۆ پاڵنانی کوردەکان بەرەو کۆنترۆڵکردنی مەیدانیی ناوچەکانی خۆیان.
سەرچاوەیەکی سیاسی باڵا لە "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" بۆ "المجلە" ڕایگەیاند کە جووڵەی مەیدانییان بەستراوەتەوە بە سێ دیدگای ناڕوون تا ئێستا، ئەوانیش:
1.    ئەمریکا چۆن دەیەوێت ئەم جەنگە کۆتایی پێ بهێنێت؟ ئایا بە گۆڕینی ڕەگ و ڕیشەیی ڕژێم یان تەنها گۆڕینی سەرۆکی ڕژێم یان تێکشکاندنی بەرنامە سەربازی و ئەتۆمییەکەی ئێران و بەجێهێشتنی ووردەکارییە ناوخۆییەکان بۆ گەل؟
2.    چ گەرەنتییەکی پاراستن پێشکەش بە کورد دەکرێت، چ لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە یان سیاسی؟
3.    چ دیدگایەک دەسەپێنرێت بەسەر هێزە سیاسییەکانی تری ئێراندا سەبارەت بە داهاتووی وڵات و شوناسی سیستەمی سیاسی و پێگەی کورد تێیدا؟
لە ڕووی مەیدانییەوە، دەنگۆی بەرفراوان هەیە دەربارەی پێکدادانی چەکداری لە نێوان یەکەکانی "پاسداران" و شەڕڤانانی کورد، بێ ئەوەی هیچ حیزبێک بە فەرمی بەرپرسیارێتییەکەی بگرێتە ئەستۆ و لایەنە فەرمییەکانی ئێرانیش هیچ بەیاننامەیەکیان دەرنەکردووە. بەڵام گرتە ڤیدیۆییەکان لە چەند شارێکی کوردییەوە خۆشحاڵی دانیشتووان نیشان دەدەن دوای بیستنی هەواڵی کوژرانی "ڕێبەر" عەلی خامنەیی، کە تێیدا دروشمی کوردی بۆ ڕووخانی ڕژێم و داوای ئازادی بۆ گەلی کورد دەڵێنەوە.
چالاکوان فەریاد جەمکار، کە دانیشتووی شاری سنەیە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ گۆڤاری «المجلە»دا، باس لە دۆخی ژیانی ناوچە کوردییەکانی ئێران دەکات و دەڵێت: «نزیکەی دوو هەفتەیە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پێشبینییەکان بۆ هەڵگیرسانی جەنگ، دەیان هەزار کورد کە نیشتەجێی تاران، تەورێز، ئەسفەهان و تەنانەت مەشهەدیش بوون، دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ ناوچە کوردییەکان، بەتایبەت خوێندکاران و ئەو خێزانانەی کە کەسیان لە فەرمانگە فەرمییەکاندا کار ناکات. چونکە باوەڕێکی گشتی هەیە کە ئەو شارانە لە کاتی جەنگدا دەبنە ئامانجی بۆردومانی توند و ڕەنگە پشێوییەکی گەورەشیان تێدا ڕووبدات.
تەنانەت گەڕەکەکانی وەک سادقیە، نەرەمەک و ستارخان لە تارانی پایتەخت، کە زۆرینەی دانیشتووانیان کوردن، خەریکە لە دانیشتووە کوردەکانیان چۆڵ دەبن. هاوکات لەگەڵ ئەمەدا، دانیشتووانی شارە کوردییەکانی ڕۆژئاوای وڵاتیش بەرەو گوندەکان و شارۆچکە بچووکەکان بەڕێدەکەون. لەم چەند کاتژمێرەی ڕابردووشدا، خواستێکی یەکجار زۆر لەسەر کڕینی خۆراک و سووتەمەنی هەبووە، بە جۆرێک نرخەکان بە شێوەیەکی نائاسایی بەرزبوونەتەوە و زۆرێک لە بازرگانانیش ئامادە نین کاڵاکانیان بفرۆشن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردی، ئەگەر بە ئاشکراش باسی نەکەن، بەڵام لە ناخەوە هەست بەوە دەکەن کە گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکانیاندا ڕوودەدات و ئەگەری زۆرە ناوچەکانی ئەوان ببێتە چەخماخەی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە نێوان ڕژێم و کۆمەڵگە ناوخۆییەکانی ئێراندا ڕووبدەن. ڕەفتارەکانی ئێستای خەڵکیش ئامادەکارییە بۆ ئەوەی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دێتە پێش.»
هیچ ئامارێکی فەرمی بۆ ژمارەی کورد لە ئێراندا نییە، بەڵام خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیان لە نێوان ٧ بۆ ١٠ ملیۆن کەسدایە. ئەوان زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و کوردستان لە ڕۆژئاوای وڵات پێکدەهێنن، بەڵام نزیکەی سێیەکیان نیشتەجێی تاران و شارە سەرەکییەکانی تری ئێرانن. هەژارییەکیش کە لە ئەنجامی بێبەشکردنی ناوچە کوردییەکان لە گەشەپێدان دروستبووە، وای کردووە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە سەدان هەزار کورد بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران کۆچ بکەن.
کوردانی ئێران خاوەنی ئەزموونێکی سیاسیی فراوانن کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی ڕابردوو، کاتێک ڕاپەڕینە کوردییەکان دژی دەسەڵاتی قاجاڕییەکان دەستی پێکرد، تا دەگاتە ڕاگەیاندنی یەکەمین دەوڵەتی کوردی لە شاری مهاباد لە ساڵی ١٩٤٦دا لە سەردەمی حوکمی شادا. هەروەها ئەم مێژووە بە خەباتی چەکداریی حیزبە کوردییەکانی ئێران لە سەرەتای هەشتاکاندا کۆتایی نایەت، کە دوای سەرکەوتنی "شۆڕشی ئیسلامی" بۆ ماوەی چەندین ساڵ کۆنترۆڵی ناوچە کوردنشینەکانیان کرد، تا ئەو کاتەی ڕژێمی ئێران توانی لە ڕێگەی ئۆپۆزسیۆن و پرۆسەی سەرکوتکردنی توندەوە کە ساڵانێکی خایاند، دووبارە دەسەڵات بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێنێتەوە.
لەو کاتەوە، ناوچە کوردییەکان جۆرەها شێوازی ناڕەزایەتی بەردەوامیان بەخۆوە بینیوە، کە هەندێک جار گەیشتووەتە ئاستی شۆڕشی جەماوەریی سەرتاسەری، وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕوویدا دوای کوژرانی کچە گەنجی کورد ژینا (مەهسا) ئەمینی. دەسەڵاتدارانی ئێران بە ئامراز و دەزگا ئەمنییەکان حوکمی ناوچە کوردییەکان دەکەن و بارودۆخی نائاسایی بەردەوامیان بەسەردا سەپاندوون.
بە جۆرێک کە نیوەی زیندانیانی سیاسی لە ئێران و هەمان ڕێژەش لەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردن. دەسەڵاتدارانی ئێران کۆمەڵگەی کوردی بە ڕێکخراوترین کۆمەڵگە دادەنێن لە پەیوەندییان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێم، و وەک نەیارێکی هەمیشەیی و ئامادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جەوهەری ڕژێمی حاکم دەیانبینن، ئەمەش بەهۆی جیاوازییە دووفاقییەکی ناسنامەیی (نەتەوەیی و مەزهەبی).
دیدگایەکی سیاسیی یەکگرتوو
سەرچاوەیەکی سیاسیی کورد لە حیزبی «کۆمەڵە»، کە خاوەن ناسنامەیەکی نەتەوەیی چەپڕەوی کوردی ئێرانییە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دیدگای کۆمەڵە سیاسییەکانی کوردی ئێرانی بۆ ڕووداوەکانی ئێستا و ئەوەی لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا ڕوودەدات، ئاشکرا کرد و وتی:
«پێمان وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا یەکێک لەم دوو دیمەنە لە ئێراندا ڕوودەدات؛ یان ڕژێم بە تەواوی دەڕووخێت، یان پەیکەرێکی لاوازی لێ دەمێنێتەوە کە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتگیری دەکرێت، چونکە ئەوان نایانەوێت ڕووبەڕووی دۆخێکی پشێویی کراوە و بێسەروبەر ببنەوە. لە هەردوو بارەکەدا، ئێمە داوای پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سیاسیی بچووک دەکەین کە لە هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی وڵات پێکبێت، بۆ ئەوەی بە پەلە لەسەر سێ خاڵی سەرەکی ڕێکبکەون:
یەکەم: دیاریکردنی دیدگایەکی ستراتیژی بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن هەنگاو بە هەنگاو وڵات بەرەو سیستەمێکی سیاسیی نوێ بگوێزرێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی قۆناغی ڕوون و دیاریکراوەوە بێت بۆ ئەوەی دووربین لە هەر جۆرە پشێوی و ململانێیەکی ناوخۆیی.
دووەم: وەستانێکی ورد لەسەر ئەو کێشە بنەڕەتییانەی کە ئێرانیان گەیاندووەتە ئەم دۆخە مێژووییە خراپە، کە دەرەنجامی سیستەمە سیاسییە یەک لەدوای یەکەکانە؛ ئەو سیستەمانەی کە خاڵی هاوبەشی هەموویان بریتی بوو لە ڕادیکاڵیزمی نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژیای توندڕەو، لەگەڵ ناوەندگەراییەکی توند کە کۆنترۆڵی هەموو سامان و دامەزراوە و جوگرافیای وڵاتی کردبوو. ئەمەش بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر مۆدێلی سیستەمێکی سیاسیی نوێ کە تەواو جیاواز بێت لە هەموو ئەو خەسڵەت و ڕەفتارانەی پێشوو.
سێیەم: کێشانی شێوازی پەیوەندییەکانی داهاتوو لە نێوان نەتەوەی فارسی ناوەندی و مافەکانی نەتەوەکانی تری ئێران (عەرەب، کورد، ئازەری و بەلووچ)، ئەمەش لە ڕێگەی سیستەمێکی فیدراڵی کە ڕێز لە تایبەتمەندیی ئەم نەتەوانە بگرێت لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەتی ئێراندا، و ڕێگری بکات لە دروستبوونی هەر جۆرە هەژموونێکی نوێی نەتەوەیی یان مەزهەبی لەلایەن هەر لایەنێکەوە بەسەر داهاتووی ئێراندا.»
چەند ڕۆژێک پێش هەڵگیرسانی جەنگی دوایی، پێنج حیزبی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی ئێران (کە گەورەترین حیزبن و نوێنەرایەتی هەموو ڕەنگە سیاسییەکانی نەتەوەیی، چەپ و پارێزگار دەکەن)، پێکهێنانی «هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان لە کوردستانی ئێران»یان ڕاگەیاند. ئەمەش دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ماراسۆنی هات کە لە «ناوەندی گفتوگۆ بۆ هاوکاری» ئەنجامیان دابوو.
هەندێک سەرچاوەی چاودێر دەڵێن ئەم هاوپەیمانییە نوێیە بە هاندەر و سەرپەرشتیی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بووە وەک گوشارێکی سیاسی بۆ سەر ڕژێمی ئێران. بەڵام حیزبە کوردییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە پڕۆژە سیاسییەکەیان ئامادەکارییە بۆ «قۆناغێکی نوێ و گرنگی خەباتی مەیدانی». ئەو بەیاننامەیەی کە لەلایەن ئەم حیزبانەوە واژۆ کراوە:
•    پارتی ئازادیی کوردستان (PAK).
•    پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (PJAK) (کە نزیکە لە پەکەکە
•    حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI) (کە نزیکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێراق).
•    سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.
•    کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران (کۆمەڵە) (کە نزیکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: «ئامانجی هاوپەیمانییەکە یەکێتی و تێکۆشانی هاوبەشە بۆ فراوانکردنی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران، بەهێزکردنی ڕۆڵی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکانی وڵاتدا، گەرەنتی کردنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردستان و بەشداریی کاریگەر لە داڕشتنەوەی داهاتووی ئێران.. ئێمە پشتگیری لە گواستنەوەیەکی دیموکراتی و گشتگیر دەکەین کە لەسەر بنەمای دانپێدانان بە مافی نەتەوەکان و قبووڵکردنی دیموکراسی و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەتێک بێت.»


کاردانەوەکان: پەهلەوی و موجاهیدینی خەلق
لە بەرامبەردا، ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران، پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییەی بە «کۆمەڵێک گرووپی جوداخواز» وەسف کرد کە «بانگەشەی وەهمی و پووچ دەربارەی پاراستنی خاکی ئێران و یەکێتی نەتەوەیی دەکەن». پەهلەوی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لێ کردن لە ڕێگەی سوپای ئێستای ئێرانەوە و وتی: «لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا، لەگەڵ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، ئێمە زیاتر لە هەموو کاتێک چاوکراوە و جێگیر دەبین لە بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاکی ئێران.. چاوەڕوانین لە سوپای ئێران ئەرکی نیشتمانیی خۆی جێبەجێ بکات و دژی جوداخوازەکان بوەستێتەوە.»
هاوپەیمانیی کوردی وەڵامی توندی لێدوانەکانی پەهلەوی دایەوە و بە «بێبایەخ و بەتاڵ » وەسفی کردن و ڕایگەیاند: «ئەم ڕقە بێبنەمایە هیچ ئەنجامێکی نابێت، بەڵکو تەنها ئیرادەی نەتەوە ئازادەکان و گەلانی ئازادیخوازی ئێران بەهێزتر دەکات بۆ تێکۆشان لە پێناو ئازادی و ناشتنی دیکتاتۆری و فاشیزم بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ هەمیشە.»
هەر لەم چوارچێوەیەدا، مریەم ڕەجەوی، سەرۆکی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق، هێرشەکانی پەهلەوی شەرمەزار کرد و بە هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی سیستەمێکی «تاکڕەوی نەتەوەیی» ناوی برد. ڕەجەوی جەختی کردەوە کە ڕێکخراوەکەیان کار دەکات بۆ دامەزراندنی سیستەمێک کە نە پاشماوەکانی ڕژێمی ئێستا و نە پاشماوەکانی ڕژێمی شای تێدا بێت، و بەڵێنی دا دەوڵەتێکی نامەرکەزی دابمەزرێنن کە تێیدا نەتەوە غەیرە فارسەکان مافی پێکهێنانی فیدراڵی و حوکمی ناوخۆییان هەبێت.