بارزانى هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

کوردستان

18 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5165 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مه‌سعود بارزانی پەیامێکی ئاراستەی ڕای گشتیی کردو تێیدا هۆشداریی توندیدایە ئەو گروپە چەکدارانەی بەناوی موقاوەمە هێرشدەکەنەسەر هەرێمی کوردستان، ده‌شڵێت، "پێشمەرگە زوڵم قبوڵناکات‌و بەردەوامبونی ئەم دۆخە، دەرئەنجامی خراپی دەبێت".


لەکاتێکدا ناوچەکە لەئاگرێکی گەورەی جەنگدایە، هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی زنجیرەیەک هێرشی نادیارو ناڕەوا دەبێتەوە کە ژێرخانی ئابوریی‌و هاوڵاتیانی سڤیل دەکەنە ئامانج، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ بارزانی بەزمانی هۆشداریدان داوا لەحکومەتی عێراق‌و لایەنە سیاسییەکان دەکات سنورێک بۆ ئەو شەڕفرۆشییە دابنێن.

بارزانى جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "هۆشداریی به‌و گروپانە ده‌ده‌ین كه‌ پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن، ئه‌وه‌ بزانن دانبەخۆداگرتن سنوری هەیەو نابێت ئەو شەڕفرۆشتن‌و دەستدرێژییانە بۆ سەر ئاسایشی وڵات‌و مافی هاوڵاتیان چیدی بەردەوامبن".

مه‌سعود بارزانى پەلاماری گروپە چەکدارەکان لەژێر ناوی (مقاوەمە) بۆ سەر شوێنی سڤیل‌و ژێرخانی ئابوریی بەدەستدرێژییەکی ئاشکرادەزانێت‌و جەختدەکاتەوە، تێكدانی ئاسایشی خەڵک بەهیچ شێوەیەک قبوڵناکرێت، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ داوا لەحکومەت‌و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی، بەجددی بێنەسەر هێڵ‌و سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، چونکە بەردەوامبونی ئەو شەڕپێفرۆشتنە ئەنجامی خراپی دەبێت.