شارپرێس:
دوای تێپەڕبونی زیاتر لە 10 کاتژمێر بەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆگاکانی سوتەمەنی لەتاران، هێشتا ئاسمان دەسوتێت، دوکەڵێکی چڕو ڕەش زۆربەی گەڕەکەکانی پایتەختی داپۆشیوەو بۆنی سوتەمەنی هەناسەی لەهاوڵاتیان بڕیوە، دیمەنە بڵاوکراوەکان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیشانیدەدەن کە تاران لەنێوان سوتانو خنکاندایە.
ڕێکخراوی مانگی سوری ئێران لەبەیاننامەیەکدا هۆشداریدەدات، پایتەخت لەبەردەم کارەساتێکی ژینگەیی مەترسیداردایە، چونكه وهكو دهڵێت، "تەقینەوەی کۆگاکانی نەوت بڕێکی یەکجار زۆر لەئۆکسیدی گۆگرد، ئۆکسیدی نایترۆجینو پێکهاتە ژەهراوییەکانی هایدرۆکاربۆنی ڕەوانەی بەرگەهەوا کردوە، ئەم مادانەش لەگەڵ هەورەکان تێکەڵبونو ئەگەری بارینی بارانی تێزابیان لێدەکرێت".
مانگی سور ئهوهش دەڵێت، "ئەم بارانە تەنها ئاو نییە، بەڵکو گیراوەیەکی کیمیایی مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی سوتانی کیمیایی پێستو زیانی کوشندە بەسییەکان دەگەیەنێت".
ههروهك ڕێنمایی بۆ هاوڵاتیان بڵاوكردوهتهوهو جهختدهكاتهوه، باشترین كار كه هاوڵاتیان لهئێستادا بیكهن ئهوهیه، لهماڵهكانیان نهچنه دهرهوهو بمێننهوه.
هاوكات ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە-ش ڕاگهیهنراوێكى بڵاوكردوهتهوهو داوا لەدانیشتوانی تاران دەکات، بەهیچ شێوەیەک لەماڵەکانیان نەچنه دەرەوەو لەکاتی بارانبارینیشدا، ئەگەر بارانەکە بەر پێستیانکەوت، بەهیچ شێوەیەک نەیخورێننو دەستی لێ نەدەن، تەنها بەئاوێکی ساردی ڕەوان (بەبێ سابون) دەستتان بشۆنو ئەو جلانەی بەر بارانەکە کەوتون، دەستبەجێ دایانبکەنەو بیخەنە ناو کیسەیەکی نایلۆنو سەری توند ببەستنو دەرگاو پەنجەرەکان دابخە ئهمهش بۆ ڕێگریکردن لەهاتنە ژورەوەی گازە ژەهراوییەکان.
ئێستا تاران تەنها گیرۆدەی ترس لەهێرش نییە، بەڵکو گیرۆدەی هەناسەدانە، شارەزایانی ژینگە هۆشداریدەدەن، ئەو پیسبونە کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر تەندروستی گشتیی دەبێت، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هێشتا نەگەیشتونەتە ئەنجامی کۆتایی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، چونکە قەبارەی سوتەمەنییەکان یەکجار زۆرە.
لەکاتێکدا جیهان چاوی لەسەر پەرەسەندنی سەربازییە، دانیشتوانی تاران لەژێر هەورە ڕەشەکاندا چاوەڕێی بارانێکن کە لەبری ژیان، لەوانەیە تێزاب ببارێنێت.
