کۆبونەوەی نهێنیی نێوان جێفریزو کۆشنەر؛ هەوڵێک بۆ هاوکاری لەگەڵ ترەمپ‌و هەڵگیرسانی توڕەیی لەناو دیموکراتەکاندا

ڕاپۆرت

45 خولەک پێش ئێستا‌ 114 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرایدەکات کە حەکیم جێفریز سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لەئەنجومەنی نوێنەران، بەنهێنی چاوی بەجارید کۆشنەر کەوتوە؛ هاوکات "گاردیان"یش باس لەشەپۆلێکی ناڕەزایەتی توند لەناو بەرەی دیموکراتەکان دەکات.


ڕۆژنامەكه‌ لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە حەکیم جێفریز سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لەئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لەچەند هەفتەی ڕابردودا بەنهێنی لەگەڵ جارید کۆشنەر زاوای دۆناڵد ترەمپ‌و ڕاوێژکاری باڵای کاروباری دەرەوەی کۆبووەتەوە، لەو دیدارەدا باس لەبوارە ئەگەرییەکانی ڕێککەوتن لەنێوان دیموکراتەکان‌و ئیدارەی ترەمپ کراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەیی لەمانگی تشرینی دوەم (نۆڤەمبەر) نزیکدەبنەوە.

کۆبونەوەیەک لەشوێنێکی تایبەت لەنیویۆرک
به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی پێنج کەسی ئاگادار، کۆبونەوەکە لەشوێنێکی تایبەت لەشاری نیویۆرک ئەنجامدراوە کە لەلایەن هاوڕێیەکی هاوبەشی جێفریزو کۆشنەرەوە دابینکراوە، ئاماژە بەوەشكراوه‌، ئەم دیدارە گفتوگۆیەکی بەرفراوان بوەو چەندین پرسی گرتوەتەوە، هەرچەندە یاریدەدەرانی هەردولا ئامادەنەبون هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ناوەڕۆکەکەی بدەن.

ئەم کاتەی کۆبونەوەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی، کەسانی نزیک لەترەمپ، ئەگەری کۆنترۆڵکردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەهەند وەردەگرن‌و دەیانەوێت پەیوەندییەکی کارکردن پێشوەختە دروستبکەن، چاوەڕواندەکرێت ئەگەر دیموکراتەکان زۆرینە بەدەستبهێننەوە، جێفریز ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنەکە.

خانوبەرە، کۆچبەریی‌و گرانیی ژیان لەسەر مێزی گفتوگۆ
لەدیدارەکەدا، جێفریزو کۆشنەر باسیان لەکێشەکانی نیشتەجێبون، کۆچبەری‌و بەرزبونەوەی تێچوی ژیان کردوە وەک ئەو دۆسیانەی کە دەکرێت هاوکارییان تێدابکرێت، کۆشنەر پێشنیازی بۆ جێفریز کردوە کە لەگەڵ (سۆزی وایڵز) سەرۆکی ستافی کۆشکی سپی کۆببێتەوە، کە وەک کەسایەتییەکی جدی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دیموکراتەکاندا سەیر دەکرێت.

پەیوەندییەکی کۆن لەناوجەرگەی ململانێدا
سەرباری گرژییە سیاسییە توندەکانی نێوان ترەمپ‌و دیموکراتەکان، جێفریزو کۆشنەر لەخولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپەوە یەکتر دەناسن، کاتێک پێکەوە کاریان لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازیی دادی تاوانکاری کردوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کەناڵەکانی پەیوەندیی نێوانیان هەرگیز بەتەواوی دانەخراون، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ بەردەوام جێفریز بە"خوێڕی"و "کەم عەقڵ" ناودەبات‌و جێفریزیش ترەمپ بە"فاسدو گەندەڵ" تۆمەتباردەکات.

توڕەیی‌و ڕەخنە لەناوخۆی دیموکراتەکاندا
ئاشکرابونی ئەم کۆبونەوەیە دەنگدانەوەی زۆری لەناوەندە سیاسییەکاندا هەبوە، ڕۆژنامەی گاردیان ئاماژەی بەوەکردوە، ژمارەیەکی زۆر لەدیموکراتەکان‌و نەیارانی ترەمپ توشی سەرسوڕمان بون، بەتایبەت کە کۆشنەر هیچ پۆستێکی فەرمی لەئیدارەی ئێستای ترەمپدا نییە.

تۆمی ڤیتۆر یاریدەدەری پێشوی باراک ئۆباما بەتوندی ڕەخنەی لەم هاوکارییە گرتوەو دەڵێت، "کۆشنەر پۆستێکی حکومی نییەو پەیوەندییەکانی بۆ کۆکردنەوەی پارە لەوڵاتانی کەنداو بەکاردەهێنێت"، هەروەها جیمی ڕاسکن پەرلەمانتاری دیموکراته‌كان وتویه‌تى، "ناکرێت کەسێک هەم ڕۆڵی دیپلۆماسی بگێڕێت‌و هەم وەک ئامرازێکی دارایی بۆ وڵاتانی بیانی کاربکات".

هەڵوێستی کۆتایی جێفریز
حەکیم جێفریز لەبەیاننامەیەکدا بەبێئەوەی ڕاستەوخۆ ئاماژە بەکۆبونەوەکە بدات، ڕایگەیاندوه‌، "هەر هاوکارییەک لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا دەبێت بەستراوەبێت بەگۆڕینی هەڵوێستی کۆمارییەکان بەرامبەر پرسی گرانیی ژیان کە ئەولەویەتی سەرەکیمانه‌، دیموکراتەکان شەڕ بۆ ئەمریکایەک دەکەن کە نرخەکان تێیدا گونجاوبن، ئایا کۆمارییەکان بۆ ئەوە ئامادەن؟".

ئەم کۆبونەوە نهێنییە، پەردە لەسەر جۆرە پەیوەندییەک لادەبات کە لەپشت پەردەکانەوە لەواشنتۆن بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا لەڕوکەشدا هەردولا خەریکی توندترین ململانێی مێژویین، لەگەڵ ئەگەری گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لەکۆنگرێس، واشنتۆن لەبەردەم قۆناغێکی نوێدایە کە ڕەنگە تێکەڵەیەک بێت لە"هاوکاریی سنوردار"و "لێکۆڵینەوەی پەرلەمانیی توند" لەسەر ئیدارەکەی ترەمپ.