پەرلەمانتارێک داوا لەزه‌یدیى دەکات مۆدێلی ئابوریی فرۆشتنی نەوت‌و وردەکارییەکانی گۆڕینی دراو ئاشکرابکات

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2499 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانتارێكى عێراق داوادەکات بۆ گۆڕینی دراوی عێراقی مۆدێلێکی "هێمن" پەیڕەو بکرێت‌و بۆ ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵ هەردوو جۆرە دراوەکە (کۆن‌و نوێ) پێکەوە لەبازاڕدا بمێننەوە، ده‌شڵێت، "ئەوەش وەک تاکە ڕێگە بۆ دڵنیابونەوە لەوەی کە هیچ گەندەڵییەک لەکاتی لەناوبردن‌و سوتاندنی پارە کۆنەکاندا ڕونادات".


عامر عەبدولجەبار ئەندامی لیژنەی گواستنەوەو گەیاندنی پەرلەمانی عێراق كه‌ ساڵانێكیش وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ى عێراق بوو، لەچوارچێوەی پێشنیازەکانیدا بۆ چاکسازیی دارایی، داواکارییەکی ئاراستەی عەلی زەیدیی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق کرد سەبارەت بەپڕۆژەی گۆڕینی دراوی نیشتمانی.

عەبدولجەبار هۆشداریدەدات، پڕۆسەی گۆڕینی دراو ئەگەر بەشێوەیەکی خێراو لەناکاودابێت، ڕەنگە ببێتە دەروازەیەک بۆ گەندەڵی، بەتایبەت لەو قۆناغەی کە تێپەڕە کاغەزییە کۆنەکان کۆدەکرێنەوەو لەناودەبرێن.

ناوبراو پێشنیازیکرد، حکومەت ڕێگەبدات بۆ ماوەی چوار تا پێنج ساڵ هەردوو دراوە کۆن‌و نوێیەکە پێکەوە لەبازاڕدا مامەڵەیان پێوە بکرێت، وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت، "بەمشێوەیە پڕۆسەی گۆڕینەوەکە بەشێوەیەکی سروشتی لەبانکەکاندا ئەنجامدەدرێت‌و ڕێگریی لەهەر جۆرە دەستکارییەک یان فێڵێکی دارایی دەگیرێت کە زیان بەسامانی گشتیی بگەیەنێت".

لەگەڵ ئەم پێشنیازەدا، عەبدولجەبار جگه‌له‌وه‌ى ساڵانێك وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ى عێراقیش بوه‌، هاوكات بۆ ماوەی 20 ساڵیش بەڕێوەبەری گشتیی بوە لەوەزارەتی نەوت داوای لەسەرۆک وەزیران کردوە، "وردەکاریی ئەو مۆدێلە ئابورییە ئاشکرابکات کە بەهۆیەوە نەوتی خاو بەنرخێکی داشکێنراو (30٪ کەمتر لەنرخی جیهانی) بەکۆمپانیا ناوخۆییەکان دەفرۆشرێت، چونکە مەترسی هەیە ئەم بڕیارە کۆمپانیا نەوتییەکان توشی زیان بکات‌و ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌، ئەم بڕیارە ڕەنگە جێبەجێکردنی قورس بێت‌و ڕوبەڕوی ناڕەزایی کۆمپانیاکانی نەوت ببێتەوە، چونکە داشکاندنی 30٪ لەنرخی جیهانی، کۆمپانیا قازانجدارەکان دەگۆڕێت بۆ کۆمپانیای زیانمەند".