شارپرێس:
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات
(هەسەدە)، لەوەرچەرخانێکی مێژویدا خەریکی داڕشتنی پڕۆژەیەکی سیاسیی نوێیە کە نەخشەی
هاوسەنگییەکان لەسوریادا دەگۆڕێت، ئەم هەنگاوە کە بەئاڕاستەی دیمەشقدایە، تەنها جوڵەیەکی
ناوخۆیی نییە، بەڵکو ئەنجامی جۆرێک لەلێکتێگەیشتنی ناڕاستەوخۆیە لەنێوان حکومەتی
سوریاو دەوڵەتی تورکیادا، کە تێیدا دیمەشق وەک باوەشگرتنەوەو ئەنكەرەش وەک مەرجدارکردنی
پڕۆژەکە مامەڵە دەکەن.
دیمەشق؛ لەدوژمنایەتییەوە بۆ میوانداریکردنی سیاسیی
حکومەتی سوریا کە ساڵانێک بوو هەسەدەی بەجوداخواز تۆمەتبار
دەکرد، ئێستا گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەهەڵوێستیدا دەبینرێت، دیمەشق ڕەزامەندیی سەرەتایی
نیشانداوە کە مەزڵوم عەبدی نوسینگەی سەرەکیی پڕۆژە سیاسییە نوێیەکەی لەدیمەشقی پایتەخت
بکاتەوە، ئەمەش وەک دانپێدانانێکی فەرمی بەپێگەی سیاسیی عەبدی لەداهاتوی سوریادا دەبینرێت.
چاودێران باس لهوهدهكهن، ئەم وەرچەرخانە سیاسییە دوای
ئەوەدێت، دیمەشقو عەبدی گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە
لەناو سوپای سوریادا، بەتایبەت دوای ڕێککەوتنەکانی ئاداری 2025و کانونی دوەمی ڕابردوو،
تەنها خاڵێک کە دیمەشق وەک گوشار هێشتویەتییەوە، نەبونی یاسایەکی تایبەتە بۆ ڕێکخستنی
حزبەکان، کە ئەمەش وەک کارتی کاتکوشتن یان مانۆڕ لەدەستی حکومەتهكهى شهرعدا ماوەتەوە.
ئەنكەرە؛ گۆڕینی ستراتیژی لەشەڕەوە بۆ مەرج
تورکیا بهسهرۆكایهتى ڕهجهب تهیب ئهردۆغان کە هەمیشە
هەسەدەی وەک هەڕەشەیەک بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەبینی، ئێستا بەرەو جۆرێک لەبێدەنگیی
مەرجدار هەنگاو دەنێت، سەرچاوەکان ئاشکرایدەکەن، تورکیا دژایەتیی پێکهێنانی ئەم بهره
سیاسییە نوێیە ناکات، بەڵام ئەمە بەواتای ڕەزامەندیی تەواو نییە، بەڵکو دەرفەتدانە
بەسوریبونی کێشەکە.
سهرچاوهكانیش دهڵێن، "گەورەترین مەرجی ئەنكەرەو
ئهردۆغان ئەوەیە کە نابێت هیچ کەسایەتییەکی نا سوری لەناو پڕۆژەکەی عەبدییدا هەبێت،
تورکیا داوایكردوه، تەواوی ئەو کوردانەی باكورى كوردستان کە پێشتر ئەندامی پەکەکە
بونو لەڕیزەکانی هەسەدەدا جەنگاون، لەم پڕۆژە سیاسییە دوربخرێنەوەو هیچ جێگهیهكیان
نهبێت.
سهبارهت بهئامانجی تورکیا، سهرچاوهكان باس لهوهدهكهن،
ئەنكەرە دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە هێزە کوردییەکانی باکوری سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان)
لەقەندیل داببڕێتو ناچاریان بکات تەنها وەک هاوڵاتیو سیاسیی سوری لەچوارچێوەی دەوڵەتی
سوریادا مامەڵە بکەن، نەک وەک هێزێکی نەتەوەیی فرەڕەهەند.
ناوەڕۆکی پڕۆژە نوێیەکە؛ کۆتایی مۆدێلی کۆن
پڕۆژەکەی مەزڵوم عەبدی بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی هەردولایەنی
(دیمەشقو ئەنكەرە) بەدەستبهێنێت، دەستبەرداری چەند تایبەتمەندییەکی پێشوی بوە،
دورکەوتنەوە لەنەتەوەگەرایی، واته پڕۆژەکە فرەنەتەوەیەو تەنها بۆ کورد نییە، بەڵکو
مۆدێلێکی سوریی گشتگیرە، هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرۆکایەتی، بۆ گونجاندن لەگەڵ سیستمە
سیاسییەکانی ناوچەکەو دەوڵەتی سوریا، سیستەمی (هاوسەرۆکایەتی ژنو پیاو) لەم پڕۆژەیەدا
نامێنێت.
مەزڵوم عەبدی ئەندازیارە کۆبانییەکەی ناوجەرگەی جەنگ، ئێستا
لەسەر پەتێکی باریک ڕێدەکات؛ لەلایەکەوە دەیەوێت ڕەزامەندیی دیمەشق بۆ مانەوەی سیاسیی
خۆی بپارێزێتو لەلایەکی دیکەشەوە دەیەوێت مەرجە سەختەکانی تورکیا جێبەجێبکات بۆ ئەوەی
پڕۆژەکەی لەناونەبرێت، ئەم کایە نوێیە نیشانەی کۆتاییهاتنی سەردەمی چەکو دەستپێکردنی
سەردەمی دیپلۆماسیی مەرجدارە لەخاکی سوریادا.
