شارپرێس:
وهزارهتی دەرەوەى سوریا لەڕاگەیەندراوێکدا، هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بەجوڵە سەربازییەکانی شهوى ڕابردوى سوپای ئوردن لەناوخۆی خاکەکەیدا نیشانداو ڕایگەیاند، "بەفەرمی ناڕەزایەتیو تێبینیی تەواوی خۆمان گەیاندوەتە لایەنی ئوردنی"، دهشڵێت، "حکومەتی سوریا بەتوندی دژایەتیی خۆی بۆ هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی یان هێرشێکی ئاسمانیی لەناو سنورەکانیدا دەربڕیوە کە بەبێ ههماههنگى پێشوەختەو فەرمی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق ئەنجامدرابێت".
دوای چەند کاتژمێرێک بێدەنگی، وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، "بڕیارمانداوە بەشێوازێکی فەرمی لایەنی ئوردنی لەتێبینییە قورسەکانمان ئاگاداربکەینەوە، هەرچەندە لهمەترسییە ئەمنییەکانی سەر ناوچەکەو مەلەفی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر تێدەگەین، بەڵام ڕێگەنادەین هیچ دەوڵەتێک بەبێ پرسو ڕێککەوتنی پێشوەختە لەگەڵ سوپای سوریا، هێرشی ئاسمانی یان وشکانی لەناوچەکانی باشوری وڵاتەکە (بەتایبەت لەدەرعاو سوەیدا) ئەنجامبدات، چونکە ئەمە بەزاندنی ڕونی سەروەریی نیشتمانییە".
ئەم تەقینەوە دیپلۆماسییە دوای ئەوەدێت، شهوى ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی شاهانەی ئوردن زنجیرەیەک بۆردومانی چڕیان لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (بەرپەرچدانەوەی ئوردنی - حەمود) بۆسەر چەندین پێگە لەگوندەوارەکانی دەرعاو سوەیدا ئەنجامدا، ئوردن-یش ڕایگەیاندبوو، ئەم هێرشانە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بوە بۆ لێدانی ئەو گروپە توندڕەوانەی کە لەپشتپەردەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کەنیسەی حەمود بون لەشاری کەرەک، جەختیکردبوەوە، ئەوان چاوەڕوانی مۆڵەت لەهیچ لایەنێک ناکەن کاتێک ئاسایشی ناوخۆییان دەکەوێتە مەترسییەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان سوریاو ئوردن ساڵانێکە لەسەر مەلەفی سنورەکان ئاڵۆزیهكى زۆرى بهخۆیهوه بینیوه، بەهۆی تۆمەتبارکردنی بەردەوامی دیمەشق بەچاوپۆشیکردن لە هەناردەکردنی مادەی هۆشبەر (کاپتاگۆن)و چەک لەباشوری سوریاوە بۆ ناو خاکی ئوردن، چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە، ئەم بەیاننامە توندەی وهزارهتى دەرەوەی سوریاو وەڵامنەدانەوەی پێشوی بۆ داواکارییەکانی عەممان، وادەکات کە مەلەفی ئەمنیی سەر سنورەکان بچێتە قۆناغێکی زۆر هەستیارهوه کە ڕەنگە ببێتە هۆی پچڕانی تەواوی پێکهاتە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتەکە.
