فوئاد سدیق
ئەزموونی بەیەکگەیشتن و دواتر لێکترازانی نوخبەی ڕەخنەی کوردیی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان، ئاوێنەیەکە ڕووخساری ڕاستەقینەی ئەقڵی ڕۆشنبیریی کوردی تێدا دەخوێنیتەوە. کاتێک بزووتنەوەکە سەری هەڵدا، بەختیار عەلی، مەریوان وریا قانع، فارووق ڕەفیق،ڕێبین هەردی و چەندانی دیکە، کە لە دەوری گۆڤاری ڕەهەند گوتارێکی هەندێك نوێیان دامەزراندبوو(بۆ ناو ئەدەبیاتی كوردی نوێ بوو، دەنا لەسەر ئاستی رۆژئاوا، زۆر كۆن بوو!)، نەوشێروانیان وەک فریادرەس دەبینی!. بەڵام هەمان ئەو بزووتنەوەیەی کە بە فریادڕەسی نەتەوە دەناسرا، لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵدا گەورەترین گورزی لە ئیرادەی ئەو خەڵکە دا کە بە ملیۆنان دەنگ متمانەیان پێی بەخشیبوو، ڕۆشنبیرانیش یەک لە دوای یەک بە شكستخواردوویی لێی دوور کەوتنەوە. پرسیاری بنەڕەتی لێرەدا ئەوە نییە چی ڕوویدا،چونكە ئەوەی روویدا جەهەنەمێك بوو بۆ كورد، بەڵکو پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ئەو جەهەنەمە ڕوویدا؟، بۆچی ئەو ئەقڵانەی خۆیان بە پاسەوانی گومان دەزانی، بە ئاسانی و بە پەلەپەل ملیان بۆ یەقینی سەرکردەیەک کەچ کرد ؟.
لە سەرەتای نیوەی دووەمی نەوەدەكانەوە(1996)، گرووپی رەهەند گوتارێكی كۆن بە رەنگێكی نوێیان دروستكرد، بەتایبەت لەناو چڕەدووکەڵی شەڕی ناوخۆدا گوتارەكە گەشەی كرد، ئەوەبوو بۆ یەکەمجار زمانی هاووڵاتیبوون، سەروەریی یاسا، دەوڵەتی مەدەنی، هەڵوەشاندنەوەی شەرعییەتی شاخ، هێنایانە ناو ئەدەبیاتی كوردییەوە. ڕەهەند هەوڵێک بوو بۆ گوازتنەوەی ڕەوایی لە تفەنگەوە بۆ ئەقڵ، لە شەهیدەوە بۆ هاووڵاتی، لە حیزبەوە بۆ کۆمەڵگە. بەڵام ئەم گوتارە لە بنەڕەتدا گوتارێکی بێ جەستە بوو،بێ جەستە بوو، چونكە ڕۆحێک بوو تەنیا لە ناو کتێب و گۆڤار و کۆڕو سیمینارەکاندا دەخولایەوە، بێ ئەوەی هیچ ئامرازێکی ماددییان بۆ دەستێوەردان لە واقیعدا هەبێت. زانکۆ، میدیا، بازاڕ، ئیدارە، تەنانەت یادەوەریی شەهیدانیش لە لایەن دوو حیزبی چەکدارەوە كۆنتڕۆڵ کرابوون. هیگڵ دەڵێت ڕۆح بۆ ئەوەی ببێتە مێژوو، دەبێت خۆی لە دەزگادا بەرجەستە بکات، دەنا وەک خەونێکی جوانی بێ کاریگەر دەمێنێتەوە. ڕۆشنبیرانی ڕەهەند بە درێژایی پازدە ساڵ هەستیان بەم بێ جەستەییە دەکرد، ئەوان دەیاننووسی، بەڵام نووسینەکانیان هیچ قەڵایەکی نەدەڕووخاند. ئەم هەستی بێهێزییە، کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات قووڵتر دەبووەوە، بوو بە برینێکی کراوە، ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەو مەرهەمەیان بۆ دروست نەكرا و ،برینەكە لە ئێستادا تەواو بۆگەن بووە.
کاتێک نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی جیا بووەوە، دوو بۆشایی یەکتریان دۆزییەوە، ئەقڵێک کە جەستەی نەبوو(رەهەندییەكان)، جەستەیەکیش بە دوای ئەقڵدا دەگەڕا(بزووتنەوەی گۆڕان). سەرکردە یاخیبووەکە(نەوشێروان) پێویستی بە زمانێکی نوێ بوو تا ململانێکەی لەگەڵ هاوڕێکانی دوێنێیدا لە شەڕێکی ناوماڵییەوە بگۆڕێت بۆ پرۆژەیەکی ئەخلاقی و نیشتمانی. نوخبەکەش پێویستی بە هێزێکی جەماوەری هەبوو تا بیرۆكەکانی لەسەر کاغەزی رووتەوە بگوازێتەوە بۆ سەر شەقام.
ئەمە هاوپەیمانییەک بوو کە لە سەرەتاوە لەسەر پێداویستیی دوولایەنە دامەزرابوو، نەک لەسەر یەکسانیی مەعریفی. بەڵام هۆکاری قووڵتر لە ئاستی دەروونیدایە. ڕۆشنبیرانی کورد لە ماوەی دوو دەیەدا لە نێوان دوو ئەزموونی تاڵدا گیریان خواردبوو، ئەزموونی بێبەشبوون لە دەسەڵات و ئەزموونی بێهوودەیی یان ناكاریگەریی وشە. ئەم دوو ئەزموونە پێکەوە جۆرێک لە تینوێتیی مێژوویییان دروست کرد بۆ ساتێکی یەکلاکەرەوە.
فرۆید ئەوەی شی كردۆتەوە کۆمەڵ کاتێک لە نائومێدیدا دەژی، بیرۆكەی خۆی دەخاتە سەر کەسێکی دەرەکی و لەو ساتەدا توانای ڕەخنەگرتن لەو کەسە لەدەست دەدات، چونکە ڕەخنەگرتن لێی وەک ڕەخنەگرتن لە بیرۆكەی خۆی دەردەکەوێت. نەوشیروان بوو بەو رووخسارو تابلۆیەی کە ڕۆشنبیران خەونی خۆیانی لەسەر وێنا دەکرد. خاڵێكی دیكە هەیە ئەویش پەلەپەلی گرووپی رەهەندو بەشێكی فراوانی رۆشنبیرانی كورد بوو.
ئەم برادەرانە لەبیریان چوو، ڕۆشنگەری پرۆسەیەکی سەدەییە کە ڕەگ لە پەروەردە و زمان و دامەزراوەكاندا دادەکوتێت، بەڵام زۆربەی ڕۆشنبیرانی ئێمە دەیانویست لە ماوەی چەند ساڵێكدا كە بەپەنجەی دەست دەژمێردێن، بە چاوی خۆیان ڕووخانی قەڵاکان ببینن. ئەم پەلە پەلی فیکرییە لە ڕێگا درێژەکەی دوور خستەوە و بەرەو پردێكی سیاسی كورتمەودای برد، هەموو پردێكی كورتمەوداش خاوەنێکی هەیە کە کۆتایی ڕێگاکە دیاری دەکات.
چینی ناوەندی شاری سلێمانی، هەستی دەکرد لە بەشی خۆی لە سامان و ڕێز و بڕیار بێبەش کراوە. ئەم چینە پێویستی بە زمانێک بوو بۆ دەربڕینی تووڕەییەکەی و، ڕۆشنبیرانی ڕەهەند ئەو زمانەیان پێشکەش کرد. بەم شێوەیە ڕۆشنبیر، بێ ئەوەی ئاگای لێ بێت، لە ڕەخنەگری سیستەمەوە گۆڕدرا بۆ دەمڕاستی ناڕەزایی چینێک کە نەیدەویست سیستەمەکە هەڵبوەشێتەوە، بەڵکو دەیویست بەشی خۆی لێی وەربگرێت.
پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی گۆڕان دواتر بە ئاسانی لەگەڵ هەمان سیستەم ڕێککەوتن كە پێشتر داوای رووخاندنی دەكرد؟. وەڵامەكە ئەوەیە بنکە کۆمەڵایەتییەکەی گۆڕان لە ناخەوە شۆڕشگێڕ نەبوو، بەڵکو داواکاری بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوە بوو.
باشە گرووپی رەهەند بۆچی ئەوەندە باوەڕیان بە نەوشێروان هەبوو؟ وەڵامەکە لەوەدایە نەوشیروان مستەفا لە سەرکردە تەقلیدییەکانی کورد نەدەچوو. ئەو خاوەنی قەڵەم بوو، یادەوەری و مێژووی دەنووسی، کتێبخانەیەکی گەورەی هەبوو، هەندێك زاراوەی نوێی بۆناو زمانی كوردی داهێنا، وەك (مەكۆ، ڕایەڵە، ئاڵنگاری....هتد)، بێدەنگ و دوور لە شانۆی ڕووکەش دەژیا و،لە کتێبی پەنجەکان یەکتری دەشکێنن زۆر بە ساردیی مێژوونووسانە باسی شەڕە ناوخۆییەکانی کردبوو.
بۆ ڕۆشنبیرێکی ماندوو لە سەرکردەی نەخوێندەوار و ماكیاڤیلی و خێڵەکی، ئەمە وەک بەرجەستەبوونی خەونی کۆنی ئەفلاتوون دەردەکەوت، حاکمی فەیلەسووف، یان ئەمیری ڕۆشنگەر(ئەمیری ڕۆشنگەر وەرگێڕانی چەمکی فەرمانڕەوای ڕۆشنگەرە لە سەدەی 18 ی ئەوروپادا. مەبەست لێی فەرمانڕەوایەکی خاوەن دەسەڵاتی تەواوە کە بە هۆی زانست و هزری ڕۆشنگەرییەوە دەسەڵاتەکەی لە خزمەتی چاکسازی و پێشکەوتنی کۆمەڵگادا بەکار دەهێنێت، نەک بۆ بەرژەوەندیی خۆی.
فرێدریکی گەورەی پروسیا و کاترینی دووەمی ڕووسیا نموونەی ناسراوی ئەم جۆرە فەرمانڕەوایەن. ڤۆڵتێر و هەندێک لە فەیلەسووفانی ئەو سەردەمە هیوایان بەم جۆرە فەرمانڕەوایانە هەبوو. مەبەست ئەوەیە ڕۆشنبیران لەو کەسایەتییانەدا وێنەی سەرکردەیەکیان دەبینی کە هەم بیرمەندە و هەم دەسەڵاتدار. ئەمەش ڕەخنەی جدی لەسەرە، چونکە ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە ئەم خەونە زۆرجار ڕۆشنبیر لە پێگەی ڕەخنەگرەوە گوازتۆتەوە بۆ پێگەی شوێنکەوتوو). لێرەدا هەڵەیەکی مەعریفیی بنەڕەتی ڕوویدا.
ڕۆشنبیران وایان زانی ئەو کەسەی دەتوانێت ڕەخنەگرانە باسی مێژوو بکات، ئیتر ئەو مێژووەی تێپەڕاندووە. دەقیان خستە پێش کردەوە، ڕەوانبێژییان کرد بە بەڵگەی پاکبوونەوە. نەوشێروانیش زۆر زیرەكانە گوتارێكی لەناو گۆڕان دروست كرد، كە هەوڵی دەدا گوتارەكانی لە هی پارتی و یەكێتی نەچێت، تەنانەت شێوەی رێكخراوەییشی بە شێوازێكی دیكە دروست كردبوو. بەڵام راستییەك هەیە دەبێت رۆشنبیران باش بیزانن، ئەویش ئەوەیە نووسینی مێژوو هەمیشە بە مانای دەرچوون لە مێژوو نییە؛ زۆرجار شێوازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی گێڕانەوەکەی و دیاریکردنی ئەوەی چی بگوترێت و چی بە بێدەنگی بمێنێتەوە.
ماکیاڤیلی پێشتر فێری کردبووین میر پێویستە ڕووکاری فەزیلەتی هەبێت، نەک ناوەڕۆکەکەی. ڕۆشنبیرانی ئێمە، کە ماکیاڤیلییان بە باشی دەخوێندەوە، لە بەردەم ماکیاڤیلییەکی زیندوودا کوێر بوون. جگە لەوە،نەوشیروان ببوو بەو ئاوێنەیەی كەزۆربەی رۆشنبیرانی كوردستان خۆیانیان تێدا دەبینییەوە!. ئاخر نەوشێروان زۆر زیرەكانە هات زمانی ئەوانی بەکار دەهێنا، کتێبەکانی ئەوانی دەخوێندەوە، گوێی لە ڕەخنەکانیان دەگرت و....هتد. ئەم دانپێدانانە بۆ نوخبەیەک کە لە راپەڕینەوە تەواو هەستی كردبوو لە پەراوێزدا ماوەتەوە، وەک قومێك ئاوی سازگار بوو بۆ تینوویەك كە خەریك بوو دەخنكا. پێوەندییەکە لە ژێرەوە پێوەندیی ناسینەوە بوو، هیگڵ دەڵێت ململانێی ناسینەوە قووڵترین ململانێی مرۆڤە، ئەوەی ئێمە دەناسێتەوە، بە ئاسانی دەسەڵاتی بەسەرماندا پەیدا دەکات .
جولیان بێندا لە کتێبی خیانەتی ڕۆشنبیراندا ئەم دیاردەیەی پێش نزیکەی سەد ساڵ ناسیبووەوە، ڕۆشنبیر کاتێک دەستبەرداری بەها گەردوونییەکان دەبێت و دەچێتە خزمەت شەهوەتی سیاسیییەوە، خیانەت لە پیشەکەی خۆی دەکات، تەنانەت ئەگەر مەبەستی پاکیش بێت.
گرامشی لە لایەکی ترەوە دەیویست ڕۆشنبیر ئۆرگانیک بێت و بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ببەسترێتەوە. ڕۆشنبیرانی ئێمە لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا گیریان خواردبوو، دەیانویست ئۆرگانیک بن بێ ئەوەی ئۆتۆنۆمیی ڕەخنەیی لەدەست بدەن، بەڵام لە واقیعی کوردیدا ئەو بزووتنەوەیەی پێی دەبەسترانەوە، دامەزراوەی سەربەخۆی نەبوو، بەڵکو تەنها سەرکردەیەکی هەبوو. بەستنەوە بە سەرکردەوە، نەک بە پرۆژەوە، ئەو خاڵە بوو کە ئۆرگانیکبوون كۆتایی هات و بۆ پاشکۆیەتی گۆڕدرا، بەڵام لە پشت ئەو ڕووخسارە ئارام و خوێندەوارەدا، مێژوویەکی خوێناوی هەبوو.
نەوشیروان مستەفا لە ساڵانی هەشتاکاندا یەکێکبوو لەئەندازیارە سەرەکییە سەربازیی و ئەمنییەکانی یەکێتی، لەو سەردەمەی کە شەڕی براکوژی لە نێوان یەکێتی و حیزبەکانی دیکەی کوردستاندا گەیشتبووە لووتکەی دڕندەیی و دۆڵەکانی شاخ پڕ ببوون لە تەرمی پێشمەرگە و سیاسییەكان، ئایا ڕۆشنبیران ئەم مێژووەیان نەدەزانی؟ بێگومان دەیانزانی. کەواتە کێشەکە ساویلکەیی نەبوو، بەڵکو شتێکی ترسناکتر بوو، هەڵپەساردنی ئاگایانەی یادەوەری(كورد بە گشتی لەم رووەوە زۆر بیركۆڵ و لاوازە). ئەمە ئەوەیە کە دەتوانین ناوی بنێین ڕێککەوتنی فاوستی*.
فاوست ڕۆحی خۆی بەشەیتان فرۆشت لەبەرانبەر زانین و دەسەڵاتدا؛ ڕۆشنبیرانی ئێمەش یادەوەریی قوربانییەکانیان لە بەرانبەر ئومێدی گۆڕاندا هەڵپەسارد. ئەوان گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی کە هیچ هێزێکی مەدەنی و پاک ناتوانێت ئەو دوو قەڵا سەربازییە تێکبشکێنێت، تەنها کەسێک دەتوانێت سیستەمەکە هەڵبوەشێنێتەوە کە خۆی لە هەناویدا گەورە بووبێت و ڕێگە تاریکەکانی بناسێت. بەمشێوەیە پێشینە خوێناوییەکە لە تاوانەوە گۆڕا بۆ شارەزایی، لە بارێکی ئەخلاقییەوە گۆڕا بۆ سەرمایەیەکی سیاسی.
لێرەدا ئەوان یاسایەکی سادەی سۆسیۆلۆژییان لەبیر کرد،ناکۆکیی ناو سیستەمە تۆتالیتارەکان زۆرجار شەڕی دوو بیروباوەڕی جیاواز نییە، بەڵکو شەڕی دوو باڵی هەمان مۆدێلە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات.
جیاوازیی نەوشیروان لەگەڵ هاوڕێکانی شاخ ئەوە نەبوو کە ئەو دیموکرات بوو و ئەوانی دیكە دیكتاتۆر، بەڵکو ئەوە بوو ئەو لە دەرەوەی یارییەکە مابووەوە و ئەوان لە ناوەوە بوون. کەسێک کە بە لۆژیکی حیزبی لینینیستی و شەڕی بێ ئامانی شاخ پەروەردە بووبێت، تەنها بە گۆڕینی زمان، لە ناخەوە ناگۆڕێت. نەیار بوون بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەدیل بوون نییە و، بە تەنها ڕقلێبوونەوە لە دەسەڵات ناتوانێ فەزیلەت دروست بکات.
لە ناو ئەم ئاپۆرایەدا، هەندێک کەس زوو لە کاروانەکە دابڕان، دیارترینیان فارووق ڕەفیق بوو. ئەم دابڕانە زووە دەکرێت وەک بەڵگەیەکی فەلسەفی بخوێنرێتەوە، نەک تەنها وەک هەڵوێستێکی کەسی. فارووق ڕەفیق لە ناو نوخبەی ڕەهەنددا زیاتر لە هەمووان پەیوەست بوو بە فەلسەفەی ڕەخنەیی وەک پیشە، نەک وەک ئامرازێکی سیاسی.
بۆ ئەو، فەلسەفە گومانێکی بێکۆتایی بوو کە هیچ فریادڕەسێک لێی بەدەر نییە. کەسێک کە لە نیچە و فێرگەی فرانکفۆرت فێر بووبێت کە ڕۆشنگەری خۆی دەتوانێت ببێتە ئەفسانەیەکی نوێ، زووتر لە ئەوانی تر هەست بەوە دەکات بزووتنەوەیەک بە ناوی ڕۆشنگەرییەوە، خەریکە دەبێتە دەزگایەکی نوێی سەرکردەپەرستی.
دابڕانی زووی فارووق ڕەفیق ئەوەی سەلماند کێشەکە نەزانین نەبوو؛ ئەگەری بینینی ڕاستی هەبوو، هەندێک کەس بینییان. ئەمەش بەرپرسیارێتیی ئەوانی تری قورستر كرد. ئەوانەی مانەوە، کوێر نەبوون و ڕاستییەکەیان دەبینی، بەڵام ئومێد ڕێگەی نەدەدان دان بەو بینینەدا بنێن. چونکە کاتێک ئومێد دەبێتە پێداویستییەکی دەروونی، مرۆڤ لە لەدەستدانی دەترسێت، بۆیە ئامادەیە چاو لە ڕاستی بپۆشێت تا ئومێدەکەی نەڕووخێت.
لێرەدایە کە ئومێد زیاتر لە ترس پەردە بەسەر چاودا دەدات، چونکە ترس لە دەرەوە بێدەنگت دەکات، بەڵام ئومێد لە ناوەوە وات لێ دەکات خۆت ڕاستی لە خۆت بشاریتەوە. لە ڕاستیدا جیاوازیی نێوان ئەوەی زوو ڕۆیشت و ئەوانەی دواتر ڕۆیشتن، جیاوازیی نێوان دوو جۆر پێوەندییە بە سیاسەتەوە: یەکێکیان سیاسەت وەک بابەتی ڕامان و تەئەمول دەبینێت، ئەوانی دیكە وەک مەیدانی بەرجەستەبوونی خود دەیبینن. بۆ یەکەم، شکستی پرۆژەیەکی سیاسی هەڵەیەکی تیۆرییە کە دەکرێت شی بکرێتەوە. بۆ دووەم، برینێکی شوناسییە خودی ڕۆشنبیرەکە دەشکێنێت. هەر بۆیە ئەوانەی خۆیان بە گۆڕانەوە بەستبووەوە، ساڵانێک دواتر نەیانتوانی بە ئاسانی بڕۆن، چونکە ڕۆیشتن دانپێدانان بوو بە شکستی خودی خۆیان.
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پاڵێوراوانی پەرلەمان لە ساڵی 2009، بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، دەربڕینی ئیرادەیەکی کۆمەڵایەتی بوو کە دوای 18 ساڵ بێدەنگی، بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا بە دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی گوت نا. سلێمانی و دەوروبەری بوونە شانۆی خەونێکی گەورە،خەونی ئەوەی دەکرێت بەبێ چەک و بەبێ خوێن، دەسەڵات بگۆڕدرێت.
ئەم ئیرادەیە گەورەترین سەرمایەی ئەخلاقیی کۆمەڵگای کوردی بوو لە دوای ڕاپەڕینەوە. گەورەترین تاوانی گۆڕانیش ئەوە بوو کە ئەم سەرمایەیەی قڵپ كردەوەو هەمووی رژاند. شکستی گەورەی گۆڕان لە ساتی چوونە ناو حکومەتی ساڵی 2014 دا دەستی پێکرد. ماکس ڤێبەر هۆشداری داوە ئەوەی دەچێتە ناو سیاسەتەوە، خۆی دەخاتە بەردەم هێزە شەیتانییەکانی دەسەڵات.
گۆڕان کە بە حیساب بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی شەراکەتی نەوتی و میلیشیایی دروست ببوو، كەچی بوو بە بەشێک لەو سیستەمە و دۆخەكەی ئاسایی کردەوە. کاتێک لە ساڵی 2015 سەرۆکی پەرلەمانەکەی ڕێگری لێکرا بچێتە هەولێر و وەزیرەکانی دەرکران، بزووتنەوەکە نەیتوانی ئەو ساتە بکات بە ساتی شکاندنی سیستەمەکە، بەڵکو تەنها بوو بە قوربانییەکی تووڕە، بەڵام شەرمنانە.
پاش کۆچی دوایی نەوشیروان لە ساڵی 2017، ئەوەی مایەوە ئاشکرای کرد کە بزووتنەوەکە لە بنەڕەتدا دەزگا نەبوو، بەڵکو کەسایەتی بوو. ململانێی میرات و کێشەی کۆمپانیا و دەزگا میدیاییەکان، دووبارە لە پێناو هەندێك پۆستدا گەڕانەوە بۆ ناو حکومەت، هەمان ئەو نەخۆشییانە بوون کە گۆڕان بۆ چارەسەرکردنیان لەدایک ببوو. ئەمە تەنها شکستی سیاسی نەبوو، بەڵكو داڕمانێكی گەورەی ئەخلاقی بوو، ئەو بزووتنەوەیەی بە ناوی هاووڵاتیبوونەوە هات، لۆژیکی خێزان و موڵکی دووبارە کردەوەو تا هێزی تێدا بوو شاپێكی لە ئەخلاق دا.
گورزە ڕاستەقینەکە لێرەدایە. کاتێک ئیرادەی خەڵک لە لایەن دوژمنەکانییەوە دەشکێت، برینەکە قووڵە بەڵام ئومێد دەمێنێتەوە، بەڵام کاتێک لە لایەن ئەو هێزەوە دەشکێت کە خۆی هەڵگری ئەو ئیرادەیە بوو، ئەوە ئیمانی کۆمەڵایەتی بە خودی ئەگەری گۆڕان دەمرێت. دوای گۆڕان، نەوەیەکی تەواو فێر بوو کە هەموو پرۆژەیەک لە کۆتاییدا دەبێتە حیزبێکی دیكەو، هەموو فریادڕەسێک لە کۆتاییدا دەبێتە پاشاو میرێکی دیكە.
ئەم پووچگەراییە سیاسییە، کە لە کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی دەنگدان و بێمتمانەیی گشتیدا خۆی دەبینێتەوە، گەورەترین خزمەت بوو کە گۆڕان بە ئاگایی بووبێ یان بە بێئاگایی بووبێت، پێشکەشی هەمان ئەو دوو حیزبەی کرد کە دژی وەستابوو.
دوای فارووق رەفیق، ساردبوونەوەو دوورکەوتنەوەی بەختیار عەلی،لە دواییشدا مەریوان وریا قانع، ڕێبین هەردی و ئەوانی تر، کە بە پلە و بە شێوازی جیاواز دووركەوتنەوە، دەکرێت وەک گەڕانەوە بۆ پێگەی ڕەسەنی ڕەخنە بخوێنرێتەوە. بەڵام ئەم گەڕانەوەیە بە تەنها بەس نییە. ڕۆشنبیر کاتێک دەچێتە پشت پرۆژەیەکی سیاسی و بە ناوی خۆی و قەڵەمی خۆی شەرعییەتی پێدەبەخشێت، ئیتر بەشێکە لە بەرپرسیارێتیی شکستەکەی.
گەڕانەوەی بێدەنگ، بێ رەخنە گرتن لە خودی خۆی و بێ لێکۆڵینەوەی ئاشکرا لەوەی بۆچی ئەو هەڵەیەی كرد، هەمان هەڵە بۆ نەوەی داهاتوو بە کراوەیی جێ هێڵدرایەوە. تراژیدیای ڕاستەقینە ئەوەیە ئەم ئەزموونە تا ئێستا وەک برینێکی شەخسی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، نەک وەک بابەتێکی فیکری کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی گشتی هەیە. ئەو ڕۆشنبیرانەی بە دەیان کتێبیان لەسەر ڕەخنەی دەسەڵات نووسی، هێشتا کتێبێکی جیددییان لەسەر ڕەخنەی بەشداریی خۆیان لە دروستکردنی شەرعییەتی گۆڕاندا نەنووسیوە. ئەم بێدەنگییە بەشێکە لە هەمان نەخۆشی( ڕۆشنبیری کوردی لە ڕەخنەی ئەوی تردا بوێرە، بەڵام لە ڕەخنەگرتن لە خۆی ترسنۆکە).
ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، دادگاییکردنی کەسەکان نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئەو میکانیزمە دەروونی و فیکرییەیە کە ڕێگەی دا ئەقڵێکی ڕەخنەیی ببێتە پاسەوانی کاریزما. ئەگەر ئەم میکانیزمە ناسراو و ناوزەند نەکرێت، فریادڕەسی داهاتوو بە ڕووخسارێکی دیكەو بە زمانێکی نوێتر دێتەوە و، هەمان نوخبە یان نەوەی دوای ئەوان، دووبارە بە هەمان ئاسانی دەکەونە هەمان تەڵەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، کە چوار ڕۆشنبیر لەسەر یەک هەڵوێست کۆنابنەوە، درێژکراوەی ڕاستەوخۆی ئەو شکستەیە. کاتێک دوایین گێڕانەوەی گەورەی هاوبەش رووخا، تەنها شەڕی خۆپەرستی و پاراستنی ناوبانگ مایەوە. دەسەڵاتیش بە زیرەکی ئەم بۆشاییەی پڕ کردەوە، لە جیاتی سەرکوت، کڕینی دەستپێکرد، لە جیاتی زیندان، پاداشت و پۆست پلەی پێدان و، ژمارەیەکی زۆر ڕۆشنبیری ساختەی هێنایە کایەکەوە تا دەنگی ڕەسەن لە ناو هاوار و ژاوەژاودا ون بێت.
ئەنجامەکەی بێ متمانەییەکی گشتیی دروست بوو، هەر کەسێک گومان لە هەر کەسێکی دیكە بکات، ئێستا رێك ئەم دۆخەیە كە ئێمە تێیداین. ئەم دۆخە لە وڵاتانی دیكەشدا هەبووە، بۆنموونە، ڕۆشنبیرانی چیکۆسلۆڤاکیا و پۆڵۆنیا دوای پانکردنەوەی بەهاری پراگ لە ساڵی 1968دا، تووشی هەمان نائومێدی و خیانەت و پەرتەوازەیی بوون. بەڵام ڤاتسلاڤ هاڤێڵ و ئادەم میشنیک ڕێگایەکیان دۆزییەوە کە ئەمڕۆ بۆ ئێمە پڕمانایە.
ئەوان دەستبەرداری خەونی یەکگرتنی ئایدۆلۆژی بوون و لە جیاتی حیزب، بەرەیەکی ویژدانییان دروست کرد لەسەر کەمینەیەکی ئەخلاقیی حاشاهەڵنەگر( کەرامەتی مرۆڤ، بەرگریکردن لە هەر ستەملێکراوێک بێ گوێدانە بیروباوەڕی، ژیان لە ناو ڕاستیدا. پەیماننامەی 77 حیزب نەبوو، بەڵکو پەیمانێک بوو کە هەر واژۆکەرێک بە ژیانی خۆی بەرگریی لێدەکرد). وانەی هاڤێڵ بۆ ئێمە ئەوەیە پێویست ناکات هەمووان ڕێکبکەون. چەند کەسێکی کەم کە ئامادە بن بە ڕاستگۆیی بژین، نەفرۆشرێن و ڕەخنەی هاوڕێ نەکەنە دوژمنایەتیی شەخسی، دەتوانن کولتوورێکی تەریب دروست بکەن کە لە کۆتاییدا لە دەسەڵات بەهێزتر دەبێت. فرەدەنگی نەخۆشی نییە، بەڵكو نەخۆشییەکە لەدەستدانی قیبلەنومای ئەخلاقییە.
ئەزموونی ڕەهەندییەکان و نەوشیروان مستەفا یەک وانەی گەورەی بۆ فیکری کوردی جێهێشت، ئەویش ئەوەیە کۆمەڵگایەک ژێرخانە ئەخلاقی و کولتوورییەکەی هێشتا بە پاشکۆیەتی و سەرکردەپەرستی داپۆشراوە، بە گۆڕینی کەسەکان لە سەرەوە چاک نابێتەوە. ڕۆشنبیری کوردی، کە لە کتێبەکانیدا کۆتایی سەرکردەی پیرۆزی ڕاگەیاند، لە ناخی خۆیدا هێشتا بە دوای باوکێکی بەهێزدا دەگەڕا کە تۆڵەی بێهێزییەکانی بۆ بکاتەوە. ئەمە ڕیسوابوونی ئەقڵانییەت بوو لە بەردەم کاریزمادا، نیشانەی ئەوە بوو دەرچوون لە کۆمەڵگای خێڵەکی، لە ناو مێشکی ڕۆشنبیرەکانیشدا تەواو نەبووە. ڕۆشنبیر بۆ ئەوەی ڕۆشنبیر بمێنێتەوە، دەبێت هەمیشە نەیار و گومانکەری هەموو دەسەڵاتێک بێت، بە دەسەڵاتی ئەو کەسانەشەوە کە خۆشی دەوێن. هەرگیز نابێت چەکی ڕەخنە ڕادەستی هیچ فریادڕەسێک بکات، چونکە لە چرکەساتی لەدایکبوونی فریادڕەسدا، ئەقڵی ڕەخنەیی دەمرێت و پەروەردەکردنی دەروێشی نوێ دەست پێدەکات. ڕێگای ڕاستەقینە کورت نییە، ڕێگای پەروەردە، دامەزراوە، ڕەخنەی خود و ژیانە لە ناو ڕاستیدا و، ئەم ڕێگایە هیچ سەرکردەیەک ناتوانێت لە جیاتی ئێمە بیبڕێت.
* ڕێککەوتنی فاوستی ئەو مامەڵەیەیە کە مرۆڤ شتێکی بنەڕەتی و نەگۆڕ، وەک ڕۆح و ویژدان و بەهاکانی دەفرۆشێت بۆ ئەوەی شتێکی کاتی بەدەست بهێنێت، كە بریتین لە(زانین، دەسەڵات، چێژ، ناوبانگ). ئەم دەستەواژەیە لە ئەفسانەی دکتۆر فاوستەوە هاتووە، زانایەکی ئەڵمانی کە ڕۆحی خۆی بە شەیتان فرۆشت. فاوست زانایەکە هەموو زانستەکانی سەردەمی خۆی خوێندووە، وەک فەلسەفە و پزیشکی و یاسا و ئیلاهیات، بەڵام هەست دەکات هیچیان تینوێتیی ناشکێنن. بۆیە پەنا دەباتە بەر جادوو و مێفیستۆفیلیس( مێفیستۆفیلیس ناوی شەیتانە، واتا ئەوەی رووناكی خۆش ناوێت، هێمای ڕۆحی نەفیکردنە، ئەو هێزەی هەموو بەهایەک ڕەت دەکاتەوە و مرۆڤ بە بەڵێنی زانین و دەسەڵات و چێژ هەڵدەخەڵەتێنێت)بانگ دەکات. پەیمانێک بە خوێنی خۆی واژۆ دەکات. شەیتان 24 ساڵ خزمەتی دەکات و هەموو خواستێکی بۆ جێبەجێ دەکات، لە بەرانبەردا ڕۆحەکەی دەبێتە هی شەیتان. بەڵام فاوست ئەو هێزە گەورەیە بە شتی بچووک و گاڵتەجاڕی بەفیڕۆ دەدات. دوا جاریش کاتێک چركەساتی مەرگ لێی نزیكدەبێتەوە، پەشیمان دەبێتەوە!، بەڵام کات بەسەر چووە و دەبرێتە دۆزەخ. ئەمە تراژیدیایەکی ئایینییە دەربارەی لووتبەرزیی مرۆڤ.
