شارپرێس:
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردنو دیجیتاڵ لەعێراق، دەستکەوتێکی بێوێنەی لەسەر ئاستی هەرێمی تۆمارکرد، لەبیستەمین خولی لوتکەی سەرکردەکانی تێلیکۆم ڕیڤیو (Telecom Review Leaders’ Summit) کە لەشاری دوبەی بەڕێوەچوو، (چرا حسێن) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەشی بازرگانیی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، بەفەرمی خەڵاتی بەناوبانگی (خانمی پێشەنگ لەکەرتی تەکنەلۆژیای زانیارییو پەیوەندییەکان (ICT) لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) پێبەخشرا، کە ئەمەش پێگەی عێراقی لەم کەرته داینامیکییەدا گەیاندە لوتکەی سەرکردایەتیی ناوچەکە.
ئەم خەڵاتە بەرزە لەناو یەکێک لەدیارترین بۆنە ساڵانەییەکانی کەرتی تەکنەلۆژیا لەسەر ئاستی جیهان پێشکەشکرا، پڕۆسەی دیاریکردنی براوەکان لەلایەن لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی پێکهاتوو لە15 پسپۆڕی باڵای جیهانی بەڕێوەچوو، تێیدا چرا حسێن دوای هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ توانستە تاکەکەسییەکانو ئەدای کۆمپانیاکە، لەلایەن گروپی (Telecom Review) وەک باشترین لەنێو باشترینی سەرتاسەری کەرتەکەدا دەستنیشانکرا.
بایەخی سەرەکیی ئەم ڕێزلێنانە بۆ ئاسیاسێڵ لەوەدایە کە ڕێز لەسەرکردەیەک دەگرێت کە لەناوخۆی پێکهاتەی کۆمپانیاکەدا گەشەیکردوە؛ چرا حسێن لەئێستادا سەرکردایەتیی ئاڕاستەی ستراتیژیی بازرگانیی کۆمپانیایەک دەکات کە خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بەزیاتر لە20 ملیۆن بەشداربوو لەسەرتاسەری عێراقدا دەکات، ئەم پێشەنگایەتییە گوزارشت لەڕەخساندنی ژینگەیەکی پێشکەوتوی کارکردن دەکات لەناو ئاسیاسێڵدا، تێیدا پاڵپشتیکردنی خانمان بۆ گەیشتن بەپۆستە باڵاکانی بڕیاردان بوەتە بنەمایەکی جێگیرو دامەزراو.
عامر سونناع بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ، خۆشحاڵیی قوڵی خۆی لەسەر ئەم سەرکەوتنە دەربڕییو ڕایگەیاند، "ئێمە شانازی بەچراوە دەکەین؛ ئەم خەڵاتە بەلێهاتویی خۆی بەدەستیهێناوەو ڕەنگدانەوەی ناسنامەی ئێمەیە وەک کۆمپانیایەک کە بەرەوپێشبردنی خانمان بەشێکە لەشێوازی کارکردنی ڕێکخراوەییمان".
ئەم دەستکەوتە مێژوییە دەروازەکان زیاتر بەڕوی داهاتوی خانمانی عێراقدا واڵا دەکاتو هانیان دەدات بۆ فێربون، گەشەکردنو گەیشتن بەلوتکەی سەرکردایەتی.
