شارپرێس:
دواى هێرشهكهى دوێنێ بۆسهر ژمارهیهك لهخێزانه كوردهكانو
سوتاندنى ئۆتۆمبێلهكانیان لهكاتى گهڕانهوهیان بۆ شارهكهى خۆیان گرێ سپى،
پارتی یەکێتیی دیموکراتى (پهیهده) داوا لەمەزڵوم عەبدی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی
سوریا دهكات، پهلهبكات لهو بهرپرسیارێتیانهى لهسهرشانیهتى، دهشڵێت،
"ئەم هێرشانە بەتەواوی پێچەوانەی بنەماکانی ڕێککەوتننامەی مانگی کانونی دوەمی
ساڵى ڕابردوە کە لەگەڵ دیمەشقدا واژۆکراوە".
دوێنێ دوشەممە، لهڕۆژئاواى كوردستانهوه چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بۆ
شارپرێس نێردران تێیدا ژمارهیهك لەئاوارە کوردەکانی شارۆچکەی گرێ سپی لەڕۆژئاواى
كوردستان، کاتی گەیشتنیان بۆ ناوشارەکەو لەکاتی هەوڵدانیان بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ماڵەکانی
خۆیان، ڕوبەڕوی هێرشو توندوتیژیی بونەوە.
ماوەیەکی کورت دوای ڕوداوەکە، لیژنەی ئاوارەکانی شارۆچکەی سەرێکانی بەتوندی
هێرشەکانی سەرکۆنە کردو ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە 100 خێزانی کورد لەناو باڵەخانەی
بەڕێوەبەرایەتیی قەزای گرێ سپیدا گیرابون؛ لیژنەکە لەبەیاننامەیەکدا داوای لە دەسەڵاتداران
کرد بەکتوپڕی دەستوەردان بکەن بۆ پاراستنو دهستهبهركردنى سەلامەتیی گیانیان،
پاش ڕوداوەکە، میدیا خۆجێییەکان بڵاویانکردەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ هاوکاریکردنی
ئەو خێزانە گیراوانە، ڕەوانەی شوێنەکە کراون.
پەیەدە لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوه، "ئێمە داوا لەبەڕێز مەزڵوم
عەبدی، پارێزگاری ڕەققەو سەرجەم بەرپرسانی پەیوەندیدار لەناو حکومەتی سوریا دەکەین
کە بەرپرسیارێتییە یاساییو نیشتمانییەکانی خۆیان جێبەجێبکەن، داوایان لێدەکەین ڕێکاری
پێویست بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییانە بگرنەبەر، لایەنی بەرپرس ڕوبەڕوی لێپرسینەوە
بکەنەوەو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کاربکەن بۆ پاراستنی خێزانە کوردەکانو
دهستهبهركردنى ئاسایشو مافەکانیان".
پەیەدە پارتی فەرمانڕەوا بوو لەسەردەمی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی کوردی
لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) لەکاتی جەنگی ناوخۆی سوریادا، لەکاتێکدا
عەبدی وەک فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) چالاکبوو، کە هێزی سەربازیی
سەرەکیی خۆبەڕێوەبەرییەکە بوو.
لەمانگی کانونی دوەمی ڕابردودا، دیمەشقو هەسەدەی هەڵوەشاوە گەیشتنە ڕێککەوتنێک
بۆ تێكهڵكردنى هێزە کوردییەکان لەناو دامهزراوهى ئەمنییو سهربازیى سوریادا، ئەمەش
لەپاش هێرشی سەربازیی سوپای سوریا بۆسەر ڕۆژئاواى كوردستان کە بوە هۆی کۆتاییهێنان
بەدەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی.
خاڵێکی سەرەکی لەو ڕێککەوتنە مێژوییەدا بریتیبوو لەگەڕانەوەی ئاوارە
ناوخۆیییەکان، لەنێویاندا ئەو هاوڵاتییە مەدەنییە کوردانەی کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنە
سەربازییەکانی تورکیادا لەنێوان ساڵانی 2018و 2019 لە(عەفرین، سەرێکانیو گرێ سپی)
ئاوارە ببون، پەیەدە دهشڵێت، "ئەم توندوتیژییە کتوپڕە بەتەواوی پێچەوانەی بەندە
سەرەکییەکانی ڕێککەوتننامەی کانونی دوەمى ساڵى ڕابردوه کە تایبەتبوو بەگەڕانەوەی
ئارامو بەکەرامەتی ئاوارهكان بۆ ناوچهكانى خۆیان".
هەروەها پەیەدە داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی کرد کە ئەرکی دهستهبهركردنى
گەڕانەوەی ئارامو بەکەرامەتی ئاوارەکان بێت، هاوكات هاوسۆزیی ڕەهای خۆی لەگەڵ زیانلێکەوتوواندا
دەربڕییو پابەندبونی پەیەدەی بەداکۆکیکردن لەمافەکانیان دوپاتکردەوە، داوای لێپرسینەوەشی
لەئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکان کردو جهختیكردهوه، "گرێ سپی زەوییەکی بێخاوەن
نییە؛ نابێت دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ڕوبەڕوی پێشێلکاریی سەپێندراو ببنەوە، یان لەمافە
شەرعییەکانیان لەسەر خاک، موڵکو ماڵو ناسنامەی خۆیان بێبەشبکرێن".
پێشتریش لەمانگی ئابدا، لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی ڕایگەیاندبوو، بەشێوازێکی
کاتیی کاروانەکانی گەڕانەوەی ڕاگرتوە تائەوکاتەی گەرەنتیی تەواو بۆ پاراستنی خێزانە
ئاوارەکان دابیندەکرێت، ئەمەش دوای هێرشکردنەسەر گەڕاوەکان هاتبوو، ئەم پێشهاتانەش
دوای گەیشتنی کاروانێک هات کە زیاتر لە400 خێزانی لەکەمپی ئاوارەکانی حەسەکەوە بۆ
سەرێکانی (ڕەسولعەین) دەگواستەوە، کاتێک گرتە ڤیدیۆیییەکان دەریانخست کە چەکداران
هێرشدەکەنەسەر گەڕاوەکان.
لەمانگی ئاداری ڕابردوشدا، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، ڕەزامەندیی دەربڕیی
لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی فەرمی کە ئەرکی مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرینو
سەرێکانی بێت بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان.
