شارپرێس:
لەپێشهاتێکی کتوپڕو زۆر گرنگی سیاسییو سەربازیدا لەسەر ئاستی ناوچەکە، میدیا فەرمییەکانی ئێران دیمەنی نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازیی سەر بەهێزە ئاسمانییەکانی سعودیەیان لەفڕۆکەخانەی سەربازیی مێهرئاباد لەناوجەرگەی پایتهختى تاران بڵاوکردەوە، بهگوێرهى سهرچاوهكان، نیشتنەوەی ئەم فڕۆکە جەنگییە لەجۆری (سی ـ 130 هێرکولیس ـ C-130 Hercules)، هاوکاتە لەگەڵ گەیشتنی وهفدێكى باڵای ئەمنیو بەرگریی لەوڵاتانی واژۆکەری ڕێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
عەلی باقری جێگری ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بەشێوازێکی فەرمی گەیشتنی ئەم وهفدهى بۆ تاران پشتڕاستکردەوەو بهگوێرهى زانیارییە دزەپێکراوەکانیش، وهفدهكه لەبەرزترین ئاستی ئەمنیی ناوچەکە پێکهاتوەو ههریهك لهشازادە خالید بن سەلمان وەزیری بەرگریی سعودیە، مارشاڵ عاسم مونیر فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان، ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لهخۆدهگرێت.
بڕیارە ئەم بەرپرسە باڵایانە ڕاستەوخۆ لەگەڵ موحسن ڕەزایی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆببنەوە بۆ داڕشتنی نەخشەیەکی نوێی ئەمنیی.
ئەم گەشتە نائاساییە سەربازییە لەکاتێکدایە کە هەرسێ وڵاتی (سعودیە، تورکیاو پاکستان) لە7ى ئابی ڕابردودا ڕێککەوتننامەیەکیان بۆ بەرگریی هاوبەش واژۆکردوە، بهگوێرهى بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە، هەر هێرشێکی چەکداریی بۆسەر یەکێک لەو سێ دەوڵەتە، وەک هێرش بۆسەر هەرسێکیان تەماشا دەکرێت، ئێستاش ناردنی فڕۆکەی سەربازیی سعودی بۆ تاران وەک هەنگاوێکی کتوپڕ سەیردەکرێت بۆ ڕاکێشانی ئێران بەرەو هاوسەنگییەکی نوێو دورخستنەوەی ناوچەکە لەئەگەری تەقینەوەی شەڕێکی گشتگیر.
ئەمڕۆ، نوێنەرانی ڕێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش (کە لەنێوان سعودیە، تورکیاو پاکستان بەستراوە) لەتارانن، ئامانجی ئەم گەشتە سەربازییو دیپلۆماسییە کتوپڕە هەرێمییە، دۆستایەتی نییە، بەڵکو هەوڵێکی ناچاریی دیپلۆماسییە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانو نێوەندگیریی لەنێوان ئێرانو ئەمریکادا، ئەمەش بۆ ڕێگریگرتنە لەتەقینەوەی جەنگێکی بەرفراوان کە بەرژەوەندیی وڵاتانی هاوپەیمانیی مەککەو کێڵگەکانی وزەی سعودیەش بخاتە مەترسییەوە.
ئەم جوڵە دیپلۆماسییە دوای ئەوەدێت، هەرسێ وڵاتەكه، ڕێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان هاوشێوەی مادەی پێنجی ناتۆ واژۆکردوە، بەهۆی ئەوەی هەر شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەناوچەکەدا کاریگەریی قورسی لەسەر ژێرخانی وزەی سعودیە دەبێت، هاوپەیمانییەکە دەیەوێت لەڕێگەی فشارو دیپلۆماسییەوە، تاران قەناعەت پێبکات کە هێزە ناوچەیییەکانی خۆی کۆنترۆڵ بکات.