شارپرێس:
باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا، هێرشێکی توندو گاڵتەئامێزی کردەسەر دۆناڵد ترەمپو ڕەخنەی توندی لەئارەزوی زیادەڕۆیی ئەو گرت بۆ گۆڕینی دیکۆراتو نەخشەکارییەکانی ناو کۆشکی سپی، ئەم لێدوانە ئاگرینانەی ئۆباما لەکاتی بەشداریکردنی بوو لەدوو گردبونەوەی جەماوەریی گەورەی دیموکراتهكان لەویلایەتەکانی ئۆهایۆو میشیگان بەمەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە3ی نۆڤەمبەردا.
ئۆباما بەتەنزەوە باسی لەبڕیارەکەی ترەمپ کرد بۆ دروستکردنی هۆڵێکی گەورەی بۆنەکان کە لەڕوبەری کۆشکی سپی خۆی گەورەترە، لەپاڵ داپۆشینی باخچەی بەناوبانگی "ڕۆز گاردن" بەکۆنکرێت بۆ دروستکردنی فڕگەیەکی هێلیکۆپتەر.
ئۆباما بەسەرنجدان لەبەکارهێنانی زۆری زێڕ لەئەساسی کۆشکەکەدا، بەپێکەنینەوە وتی، "ترەمپ کۆشکی سپی وا لێکردوە وەک ئەوەی سەدام حوسێن سەرۆکی پێشوتری عێراق، لقی چێشتخانەی (تشیزکێک فاکتۆری) تێدا کردبێتەوە"؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دیزاینە زێڕینو شێوازی توندی هاوشێوەی کۆشکەکانی سەدام.
ئۆباما ئەم بابەتەی بەکارهێنا بۆ ناردنی پەیامێکی سیاسی قورسو ڕایگەیاند، "سەرقاڵبونی ترەمپ بەم گۆڕانکارییانە دەیسەلمێنێت کە ئەو شیاوی بەڕێوەبردنی دەوڵەت نییەو بێباکە لەبەرامبەر قەیرانی گرانیی بژێوییو بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی کە هاوڵاتیان پێوەی دەناڵێنن"، پاشان داوای لەدەنگدەران کرد بچنەسەر سندوقەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم پشێوییە.
دوای ڕوخانی ڕژێمی سهدام لەساڵی 2003و چونە ناوەوەی هێزە ئەمریکییەکان بۆ ناو کۆشکەکانی سەدام حوسێن لەبەغداو تکریت، وێنەی ناوەوەی کۆشکەکان لەمیدیا جیهانییەکاندا بڵاوبونەوە، دیزاینی ناوەوەی کۆشکەکانی سەدام بەوە دەناسرانەوە کە پڕبون لەخشڵی زێڕین، مۆبیلیاتی گەورەی زێڕپۆش، نەخشو نیگاری زۆر لەسەر دیوارەکانو شێوازێکی تەلارسازیی شاهانە کە لەلایەن ڕۆژئاواییەکانەوە وەک نیشانەی خۆپەسەندی، ڕوکەشگەراییو نەبونی زەوقی مۆدێرن سەیر دەکرا، ئۆباما وتى، "ترەمپیش هاوشێوەی سەدام، ئارەزوی لەوەیە هەموو شتێک بەزێڕ داپۆشێتو دیکۆراتی کۆشکی سپی لەشێوازە فەرمیو مێژوییەکەی خۆی بگۆڕێت".
چێشتخانەی تشیزکێک فاکتۆری چییە؟
ئەمە زنجیرە چێشتخانەیەکی زۆر بەناوبانگی ئەمریکییە، ئەم چێشتخانەیە لەناو ئەمریکادا بەدوو شت ناسراوە: مینیوەکەی (لیستی خواردنەکانی) کە یەکجار درێژەو بێسەروبەرەو دیزاینی ناوەوەی شوێنەکانیان، دیکۆراتی ناوەوەی ئەم چێشتخانەیە بەوە جیادەکرێتەوە کە تێکەڵەیەکی غەریبە لەستایلی فیرعەونی، ڕوناکیو بەکارهێنانی ڕەنگی زێڕینی زۆر لەسەر ستونو دیوارەکان، بەشێوازێک کە خەڵک زۆرجار وەک تەنز پێی دەڵێن "دیکۆراتێکی گەورەو قورس بەڵام بێتام".
