هەولێر دژی ڕێککەوتنه‌كه‌ى شنگال هاته‌ده‌نگ‌و بەغداش پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی یەبەشە دەستپێدەکات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2184 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەلەفی کێشمەکێشە دەستوریی‌و ئەمنییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر دۆسیەی قەزای شنگال گەیشتە قۆناغێکی هەستیار، ئەمەش پاشئەوەی وەزیری ناوخۆی هەرێم بەتوندی دژایەتیی خۆی بۆ "جوڵە تاکڕەوییەکانی حکومەتی فیدراڵ" ڕاگرت‌و هۆشداریدا، "هەر بڕیارێک بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ هەرێم بنرێت، دەرەنجامی خراپی دەبێت"، لەبەرامبەردا، هێزەکانی یەبەشە جێگیربونی خۆیان لەناو سوپای عێراقدا وەک تاکە گەرەنتیی پاراستنی مافەکانیان ناوده‌به‌ن، لەکاتێکدا فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی ئێزدخان هاتەده‌نگ‌و جەختده‌كاته‌وه‌، "ناسنامەی شنگال به‌گوێره‌ى مادەی 140 کوردستانەو ناچێتە ژێر هیچ سازشێکەوە".


ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم  لەلێدوانێکدا جەختیکردەوە، هەولێر دان بەهیچ ڕێککەوتنێکدا نەنێت کە بەبێ پرسی ئەو لەقەزای شنگالدا ئەنجامدرابێت.

وەزیرى ناوخۆ هۆشداریداو ڕایگەیاند، "هەر هەنگاوێک لەشنگالدا بەبێ ڕاوێژو هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێم بنرێت، دەرەنجامەکانی ئەرێنی نابن‌و خزمەت بەسەقامگیریی ناوچەکە ناکەن".

وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم به‌فه‌رمى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ هاته‌ده‌نگ‌و پێیوایە، ئەم هەنگاوەی بەغدا بۆ جێگیرکردنی هێزە نزیکەکانی پەکەکە، پاشەکشەیەکی ڕونە لەڕێککەوتننامەی شنگال کە لەساڵی 2020 لەنێوان هەردولادا واژۆکرابوو، هەوڵێکە بۆ سەپاندنی واقیعێکی ئەمنیی نوێ کە خزمەت بەلایەنە هەرێمییەکان دەکات.

لەبەرامبەردا، سەرکردایەتیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) داکۆکیکردنی لەبڕیاری چونە ناو ڕیزی هێزە فیدراڵییەکانی عێراق واڵاکردو ئەم هەنگاوەی وەک شایستەیەکی یاسایی‌و سروشتی دانا بۆ پاراستنی پێکهاتەی ئێزدی.

یەکینەکان لەبەیاننامەیەکی تونددا ڕایانگەیاند، "گەورەترین سەرکەوتن بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەی (جینۆساید) کە ڕوبەڕوی خەڵکەکەمان بوەوە، ئەوەیە کە گەلەکەمان بەزیندویی، ئازادی، ئارامی لەسەر خاکی مێژویی خۆی بمێنێتەوەو مافەکانی لەنیشتمانی دایکی، واتە عێراقدا پارێزراوبن".

سەرکردایەتیی یەبەشە جەختیکردەوە، بونی ئەوان لەچوارچێوەی دەوڵەتدا تاکە گەرەنتییە بۆ ڕێگریگرتن لەدوبارەبونەوەی کارەساتەکانی ساڵی 2014و ڕاشیگەیاند، هەر جۆرە وەسیەتێکی حزبی یان دەرەکی ڕەتدەکەنەوە کە بیەوێت قەزاکە لە ژێر سەروەریی بەغدا دەربهێنێت.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی ئێزدخان هاتەسەر هێڵی قەیرانە دەستورییە گەرمەکە، تاوەکو جەخت لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی‌و جوگرافیی ناوچەکە بکاتەوە، به‌گوێره‌ى تێڕوانینی کوردستان.

شەشۆ بە زمانێکی یەکلاکەرەوە ڕایگەیاند، "شنگال کوردستانەو مادەی 140ى دەستوری عێراق ڕاستییەکی دەستوریی جێگیرە کە ناکرێت چاوپۆشی لێبکرێت".

چاودێرانى سیاسیى بۆچونیان وایه‌، لێدوانەکەی شەشۆ ڕەنگدانەوەی ترسی سەرکردە کوردەکانە لەوەی کە تاکڕەویی بەغدا لەبەڕێوەبردنی مەلەفی ئەمنیدا ببێتە هۆی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی‌و سیاسیی هەمیشەیی کە ڕێگه‌ لەبەردەم جێبەجێکردنی مادەی 140ی تایبەت بەناوچە جێناکۆکەکان دابخات، ئەمەش قەزاکە دەخاتە بەردەم سیناریۆگەلێکی کراوەوه‌.