شارپرێس:
پاشەکشەی پەکەکە لەهەندێک پێگەی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکان دەربارەی داهاتوی بنکە سەربازییەکانی تورکیای لەو ناوچەیە زیندوکردۆتەوە.
ئەمەش پرسیار لەبارەی ئامادەیی ئەنقەرە بۆ کەمکردنەوەی بونی سەربازیی خۆی دروستکردوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەڕەشەی چەکداریی پەکەکە کەمبۆتەوە؛ ئەو هەڕەشەیەی تورکیا کردبوی بەپاساو بۆ بڵاوبونەوەی هێزەکانی لەناو خاکی عێراق.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی بەریتانیی "ئەمواج میدیا"، هەر پاشەکشەیەکی فراوانتری تورکیا پەیوەستە بەچارەنوسی چەکەکانی پەکەکەو توانای بەغدا بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەمنیی لەو ناوچانەی ئەنقەرە دەڵێت هێزەکانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەکەکە تێیاندا جێگیرکراون.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە بەڵێنی تورکیا بۆ ڕادەستکردنەوەی بنکەی بەعشیقە، لەنزیک موسڵ، بەهێزە عێراقییەکان، دەتوانێت نمونەیەک بێت بۆ ڕێکخستنەوەی بونی سەربازیی تورکیا؛ بەڵام چۆنیەتیی گشتاندنی ئەم نمونەیە بۆ بنکەکانی نزیک سنور هێشتا ڕون نییە.
پەکەکە لە 8ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە چوار شوێنی تونێلی لەشاخی مەتینا، لەپارێزگای دهۆک، چۆڵکردوە.
ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئەو ڕێکخراوە و ئەنقەرەدایە کە لەتشرینی یەکەمی 2024ەوە دەستی پێکردوە.
پەکەکە پێی وایە ئەم پاشەکشەیە پاساوی مانەوەی هێزە تورکییەکان بەبیانوی هەڕەشەی چەکداریی لاواز دەکات، بەڵام حکومەتی تورکیا بە نەگرتنەبەری هەنگاوی کرداری بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتیی تۆمەتبار دەکات.
لەبەرانبەردا، ڕونی نەکردۆتەوە چەکدارەکانی بۆ کوێ گواستراونەتەوە، چارەنوسی چەکەکانیان چییە و ئایا چالاکییەکانیان لەعێراق بەردەوام دەبێت یان نا.
لە 20ی تشرینی یەکەمدا، یەشار گۆلەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هێزەکانی لەعێراق دەھێڵێتەوە تا دڵنیایی لەپاراستنی ئاسایشی سنوورەکان بەدەست بهێنێت. بەرپرسیارێکی ئەمنیی تورکیش بەڕاپۆرتەکەی گوتوە کە بەردەوامبونی بڵاوبونەوەی سەربازی پەیوەستە بەکۆتاییهاتنی ڕاستەقینەی هەڕەشەکە.
ڕادەستکردنەوەی بنکەی بەعشیقە لە 23ی ئەیلولی ڕابردودا، لەکۆبونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، و عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەنیویۆرکدا ڕێککەوتنی لەسەر کرا. ڕادەستکردنەوەکە بەگەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لەقەزای شنگال، لەپارێزگای نەینەوا، بەستراوەتەوە.
شنگال بەهۆی بونی یەکەکانی پاراستنی شنگال کە بەنزیک لەپەکەکە هەژمار دەکرێن، گرنگیی تایبەتی هەیە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، کەمکردنەوەی بوونی سەربازیی لە عێراقی بە چەکدانانی پەکەکە و گرووپە پەیوەندیدارەکانی، بە تایبەتی لەشنگال، بەستۆتەوە. لە هەمان کاتدا، یەکەکانی پاراستنی شنگال چەکەکانیان ڕادەستکرد و لەهێزە ئەمنییە عێراقییەکاندا تێکەڵ بون.
بەڵام بنکە تورکییەکانی ناو هەرێمی کوردستان، لە نزیک سنوور، لەگەڵ بەعشیقە جیاوازن؛ چونکە بەعشیقە دوورە لە هێڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوە. بۆیە چۆڵکردنی بەعشیقە ئاسانترە لەو شوێنانەی تورکیا لە ساڵی 2019ەوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە پەکەکە دروستی کردوون.
ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدان کە بەغدا فشار دەخاتە سەر گرووپە چەکدارە عێراقییەکان بۆ خستنەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، بەڵام دواوادەی ئەم پرۆسەیە لە ئەیلوولی 2026ەوە بۆ حوزەیرانی 2027 دواخراوە.
کتائبی سەیدولشوهەدا چەکدانانی بە دەرچوونی هێزە تورکییەکانەوە بەستۆتەوە، لە کاتێکدا هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، داوای پاشەکشەی هێزە تورکییەکان و چەکدانانی گرووپە هەڕەشەکەرەکان لە خاکی عێراق دەکات.
ڕاپۆرتەکە هۆشداریی دەدات کە هەندێک گرووپ ڕەنگە فشارەکانیان زیاد بکەن بۆ ڕێگریکردن لە مانەوەی هێزە تورکییەکان، دوای یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی پەکەکە؛ ئەمەش دەتوانێت حکومەتی عەلی زەیدی بخاتە دۆخێکی سەختەوە. لە لایەکی دیکەوە، بەغدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە چارەسەرکردنی دۆسیەی شنگال کاروبارێکی عێراقییە.
لە کۆتاییدا، پاشەکشەی پەکەکە بە مانای کۆتاییهاتنی بوونی سەربازیی تورکیا لە عێراق نییە، بەڵام دەتوانێت پاساوەکانی مانەوەی هێزەکانی بەو قەبارەیەی ئێستا لاواز بکات. گۆڕانکارییەک لەم ئاراستەیەدا بە توانای بەغدا بۆ بەڕێوەبردنی ئاسایش و پابەندبوونی لە مەرجەکانی ئەنقەرە و بەرژەوەندیی لایەنە ناوچەییەکانەوە بەستراوەتەوە.