شارپرێس:
لە هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆی كنێستی ئیسرائیل عەرەبەكان بەچڕی بەشدارییان كرد و ئەوەش توڕەیی هاوپەیمانییەكەی ناتانیاهۆ و ڕاستڕەوەكانی لێكەوتەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ دەڵێت، پارتە عەرەبەكان هەوڵدەدەن هەڵبژاردنەكە "بدزن" و سێ بەرپرسی پارتی عەرەبی ئیسرائیل دەستگیركراون كە پارەیان بەسەر دەنگدەراندا دابەشكردووە.
لای خۆیەوە لیژنەی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەكان دەڵێت ڕووداوەكە لەناوچەیەكی دیاریكراو ڕوویداوە لێكۆڵینەوە بەردەوامە، بەڵام كاریگەری لەسەر كۆی پرۆسەكە نییە.
بنیامین ناتانیاهۆ، هۆشدارییدا لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەنگدەرانی عەرەبی، ئەمەش لە هەوڵێكی كۆتاییدا بۆ هاندانی لایەنگرانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكان، داوای لەلایەنگرانی بەرەی ڕاستڕەو كرد بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان تا كات ماوە، هۆشداری دا كە بەیانی هەڵدەستن حكومەتێكی چەپ لەدایك دەبێت.
شرۆڤەكاران لەو بڕوایەدان بەرەی ڕاستڕەوی ناتانیاهۆ مەترسییان لەبەرزی ڕێژەی دەنگدەرانی عەرەب هەیە كە ببنە هۆی ڕێگری لەوەی ناتانیاهۆ جارێكی دیكە ببێتەوە سەرۆك وەزیران.
ئیتمار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی و لە بەرەی ڕاستڕەوی توندڕەو دەڵێت بەشداری عەرەبەكان شێتانە بوو.
بن گڤیر لە پۆستێكدا نووسیویەتی "ئێستا ئەوە ئێوەن ئەگەر دەتەوێت ئەم دەوڵەتە جولەكە بمێنێتەوەو ئەگەر ناتەوێت بكەوێتە دەستی مەنسور عەباس و ئەحمەد تیبی، ئەوا بچنە دەرەوە دەنگ بدەن".
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، بن گڤیر مەبەستی لە مەنسور عەباس، سەرۆكی لیستی یەكگرتووی عەرەبی و ئەحمەد تیبی ئەندامی لیستی هاوبەش بووە.
هاوكات بن گڤیر لە بەردەم زیندانێكی ئیسرائیل وەستاوە و دەڵێت "ئەگەر ناتەوێت تیرۆریستان بگەڕێنەوە بۆ ئاهەنگگێڕان لەناو زیندانەكاندا، ئەوا بچنە دەرەوە و دەنگ بدەن".