شارپرێس:
سوپای پاسدارانی ئێران جەخت لەبەردەوامیی بەرهەمهێنانی موشەکی زیرەکو
توانای گواستنەوەی هێرشەکان بۆسەر ژێرخانی دوژمن دەکاتەوە؛ هاوکات هۆشداریی بەواشنتۆن
دەدات لەهەر دەستدرێژییەک بۆسەر ژێرخانی وڵاتەکەی.
عەمید حسێن موحیبی وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، "پڕۆسەی
بەرهەمهێنانی موشەکی زیرەک بەبێ هیچ پچڕانێک بەردەوامە، ئەمەش بەپێچەوانەی هەموو ئەو
خەیاڵو لێکدانەوە هەڵانەی کە دوژمن هەیبوە".
موحیبی ڕونیکردەوە، وەڵامدانەوەی ئێرانو پێشکەوتنی سەربازیی لەمەیدانەکەدا،
بونەتە هۆی شکستپێهێنانی زۆربەی ئەو ئامانجانەی دوژمن ڕایگەیاندبون کە لەسەروی هەمویانەوە
هەوڵی "کردنەوەی نمایشییانەی گەروی هورمز" بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگترین دەستکەوت کە لەم جەنگەدا بەدەستهاتوە، سەرکەوتن
بوە لەگواستنەوەی لێدانە ڕاستەوخۆکان بۆسەر ژێرخانە هەستیارەکانو ناوەندەکانی سەر
بەدوژمن.
وتەبێژی سوپای پاسداران وتیشی، "ئەمریکا بەڕونی لەوە تێگەیشتوە کە ئەگەر
هەر هەڕەشەیەک بۆسەر ژێرخانی ئێران جێبەجێبکات، ڕوبەڕوی لێدانی ڕاستەوخۆ دەبێتەوە
کە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانیو ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لەناوچەکەدا دەگرێتەوە".
سوپای پاسداران لەبەیاننامەیەکی دیکەدا جەختی لەوەکردەوە، ئێستا "جەنگی
ئابوریی" گۆڕەپانی سەرەکیی جەنگە لەگەڵ دوژمن، ئامادەیی تەواویشی نیشاندا بۆ
هاوکاریی ستراتیژیی لەگەڵ حکومەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دۆخە.
سوپای پاسداران ڕاشیگەیاندوه، "هەماهەنگیو یەکگرتویی نێوان سوپای
پاسدارانو حکومەت، کلیلە بۆ تێپەڕاندنی سزاکانو بەهێزکردنی خۆڕاگریی نیشتمانی".
ئهوهشى وت، "هەوڵە بەردەوامەکانی هەموو کەرتە حکومییەکان، لەوانە
ئابوریی، بازرگانی، نەوت، پیشەسازیی، کشتوکاڵ، بانکو دیپلۆماسی، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەو
بێوێنە دەگێڕن لەپوچەڵکردنەوەی سزاکان، بەڕێوەبردنی بازاڕ، دابینکردنی پێداویستییە
سەرەکییەکانو کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدا دێن کە ئێران بەردەوامە لەڕوبەڕوبونەوەی ئەو گەمارۆ
دەریاییەی خراوەتەسەر بەندەرو کەناراوەکانی، لەپاڵ بەرەنگاربونەوەی چەندین دەیەی
فشاری ئابوریی کە واشنتۆن نەیتوانیوە لەڕێگەیانەوە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی بپێکێت.
