پێگە سەربازییە شاراوەو نهێنییەکانی جیهان

توێژینەوە و شیکاریی

43 خولەک پێش ئێستا‌ 1589 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پوختە
پێگە سەربازییە شاراوەکان تەنها شوێنی جێگیرکردنی هێزی سەربازی نین؛ بەڵکو بەشێکن لە سیستمی گەورەی پاراستنی نیشتمانی، هەواڵگری، کۆنترۆڵی هێز، پشتیوانی لۆجستیکی و بەردەوامیی دەسەڵات. ستراتیژیی بە نهێنی مانەوەى ئەم شوێنانە زۆرجار لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دامەزراوە:  دووری جۆگرافیایی، پاراستنی فیزیکی و کۆنترۆڵی زانیاری.

پێنج نموونەی دیار لە ئەم جۆرە دامەزراوانە بریتین لە ناوچەى 51 لە نەڤادا، جایین ماونتەن لە کۆلۆرادۆ،  دیگۆ گارسیا لە ئۆقیانووسی هیندی، مێنوێس هیڵ لە بەریتانیا و ماونت وێزەر لە ڤیرجینیا. هەر یەکەیان ئەرکی جیاوازی هەیە، بەڵام هەموویان لە یەک ئامانجی گشتی هاوبەشن:  پاراستنی توانای وڵات بۆ بەردەوامبوونی کارکردن لە کاتی هەڕەشە و قەیران.

پێشەکی
لە مێژووی جەنگی نوێدا، پێگەى سەربازى بە ئەندازەى خودی هێزی سەربازی گرنگ بووە. لە سەردەمی جەنگی ساردەوە تا ئێستا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەوڵیان داوە شوێنە هەستیارییەکان لە شوێنێک دابنێن کە بتوانرێت زانیارییە هەستیارییەکان بپارێزرێن، تەکنەلۆژیای نوێ لە ژێر چاودێرییەکی توند تاقی بکرێتەوە، کۆنترۆڵ و فرماندەیی لە کاتی هێرش بەردەوام بێت، هێزەکان بە شێوەیەکی خێرا پشتگیری بکرێن، و لە کاتی قەیرانی نیشتمانی، حکومەت توانای بەردەوامبوونی هەبێت.

بۆیە نهێنی پارێزى لەم بابەتەدا تەنها بە مانای ئەوە نییە کە شوێنەکە بە تەواوی نەزانرێت؛ بەڵکو زۆرجار شوێنەکە ناسراوە، بەڵام وردەکاریی ئەرک، تواناکان و پرۆژەکانی ناوی بە نهێنی دەمێنێتەوە.

1.    ناوچەى 51 / Area 51  تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیای ئاسمانى
‌أ.    شوێن: دەکەوێتە دەشتی نەڤادا، ئەمریکا.  بەناوبانگترین نموونەی سەربازگەى نهێنیی جیهانە. بەڵام بە پێی بەڵگەکانی  CIA، گرنگیی ڕاستەقینەی ئەم شوێنە زیاتر لە بواری تاقیکردنەوەی فڕۆکە و سیستمە هەواڵگرییە پێشکەوتووەکان بووە. لە ساڵی 1955 بۆ تاقیکردنەوە و پەرەپێدانی فڕۆکەی U-2 هەڵبژێردرا، چونکە دوور و دابڕاو بوو و دەیتوانی نهێنیی پرۆژەکە بپارێزێت. دواتر A-12 OXCART ـیش لە هەمان شوێن تاقیکرایەوە.
‌ب.    گرنگیی ستراتیژی:  نموونەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی چۆن نهێنیی جۆگرافیایی + نهێنیی زانیاری + پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا دەتوانن یەک سیستم دروست بکەن. U-2 بەتایبەتی بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی ئاسمانى بەکارهێنرا و توانای فڕین لە بەرزیی زۆر هەیە، CIA  دەڵێت U-2 لە بەرزیی نزیکەی 70,000 پێ دەتوانی وێنەی وردی زەوی وەربگرێت.
‌ج.    ئەنجام: Area 51 زیاترە لە پایەگای نهێنی؛ نموونەیەکە لە سیستمی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای سەربازی و هەواڵگری.

2.    جایین ماونتەن/ Cheyenne Mountain قەڵای فرماندەیی و کۆنتڕۆڵ لە ناو شاخ
‌أ.    شوێن: کۆلۆرادۆ. ئەم ناوچەیە لە سەردەمی جەنگی سارددا وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشەی بۆمبی ئەتۆمی و مووشەکییەکان دروست کرا. بیرۆکەی دامەزراندنی ناوەندی فرماندانێکی بەهێزکراو لە ناو شاخەکان لە کۆتاییی 1950کاندا پەرەی پێدرا و لە 20ی نیسانی 1966 بە تەواوی کارا کرا. لە ناو شاخەکەدا کۆمەڵێک بینای ناوخۆیی هەیە کە لە بەردی گرانیت هەڵکەندراون. بڕی بەردی هەڵکەندراو نزیکەی 693,000  تۆن گرانیت بووە.
‌ب.    ئەرکی سەرەکی: بۆ ئاگادارکردنەوەی ئاسمانى، چاودێریکردنی هەڕەشەی مووشەکی، فرماندەیی و کۆنترۆڵ، و بەردەوامکردنی ئۆپەراسیۆن لە کاتی قەیران دروست کراوە.
‌ج.    ئەنجام:  ئەم شوێنە نموونەیەکی تەواوە بۆ بیرۆکەی بەردەوامیی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ لە ژێر هەڕەشەدا.

3.    دیگۆ کارسیا / Diego Garcia قەڵای لۆجستیکی لە ناو ئۆقیانووسی هیندی
أ‌.    شوێن:  ئۆقیانوسی هیندى. نهێنیی سەرەکییەکە لە دووری جۆگرافیایی و گرنگیی ستراتیژیی شوێنەکە دایە. بەپێی زانیاریی فەرمیی U.S. Navy، ئەرکی سەرەکیی پشتیوانیکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانە کە لە ئۆقیانووسی هیندی و ناوچەکانی دەریای عەرەب و  کەنداو  کار دەکەن. لە مێژووی دامەزراندنەکەیدا، شوێنەکە سەرەتا وەک ناوەندی پەیوەندی دەریایی دەستی پێکرد، بەڵام لە ساڵى 1970 وە تا 1980 ،  وەک بنکەیەکى گەورەی پشتیوانی و لۆجستیکی گەشەی پێدرا.
ب‌.    بۆچی گرنگە؟ چونکە شوێنی جۆگرافیاییەکەى ڕێگە دەدات هێزەکان بتوانن لە دوورەوە پشتگیری بکرێن. ئەوەی ئەم پایەگایە دەکاتە نموونەیەکی تایبەت ئەوەیە کە: جۆگرافیا + لۆجستیک + هێزی دەریایی + هێزی ئاسمانى + توانای جوڵە لە چەند ناوچەیەک دایە. بە واتایەکی تر، دیگۆ کارسیا نموونەی هێزی جۆگرافیاییە.

4.    مێنوێس هیڵ/ Menwith Hill یا ناوەندی پەیوەندی و هەواڵگری
أ‌.    شوێن بەریتانیا. مێنوێس هیڵ نموونەیەکی جیاوازە، چونکە گرنگیی سەرەکیی لە پەیوەندی، هەواڵگری و تۆڕەکان دایە. حکومەتی بەریتانیا بە فەرمی ئەم ناوچەیەى وەک شوێنێکی پارێزراوی وەزارەتی بەرگری ناساندووە. لە بەڵگەکانی پەرلەمانی بەریتانیا، Menwith Hill  بە پەیوەندیی بە دامەزراوەکانی ئەمریکا و GCHQ ـەوە باس لێوەکراوە، بەڵام حکومەتی بەریتانیا بە ئاشکرا دەڵێت کە وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکان نابێت بڵاو بکرێنەوە. بەڵگەکانی پەرلەمانی بەریتانیا هەروەها پەیوەندیی شوێنەکە بە تۆڕەکانی پەیوەندیی بەرگریی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانى بەریتانیا، US و NATO پشتڕاست دەکەنەوە.

ب‌.    شیکاری ستراتیژی:  Menwith Hill  پیشانى دەدات کە لە جەنگی نوێدا تواناى سەربازى تەنها فڕۆکە و تانک نییە. زانیاری و پەیوەندییەکان خۆیان بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە هێزی سەربازی. لە جەنگی سەردەمی دیجیتاڵدا: زانیاری + پەیوەندی + هەڵسەنگاندن + بڕیاردان + هێزی سەربازی زنجیرەیەکی یەکگرتوو پێکدەهێنن.

5.    ماونت وێزەر/Mount Weather  پاراستنی بەردەوامیی دەسەڵات
أ‌.    شوێن: ڤیرجینیا، ئەمریکا. Mount Weather  جیاوازە لە چوار نموونەکەی پێشوو، چونکە ئەرکە سەرەکییەکەى بە شێوەى ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە جەنگەوە نییە؛ بەڵکو پەیوەندی بە بەردەوامیی کارکردنی حکومەتەوە هەیە لە کاتی قەیراندا. لە دووری نزیکەی 64 میل لە ڕۆژئاواوی Washington, D.C. کە بۆ بەڕێوەبردنی قەیران، بەرنامە نهێنییەکان و چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە هەموو جۆرە مەترسییەکان بەکاردێت. هەروەها بەشێکە لە سیستمی National Continuity Programs و توانای پشتیوانیکردنی کارە گرنگە حکومییەکان، پەیوەندی، لۆجستیک و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان هەیە.

6.    هاوبەشییە ستراتیژییەکانی پێنج پایەگا


        
7.    لە جەنگی ساردەوە بۆ جەنگی نوێ
گرنگترین گۆڕانکاری ئەوەیە کە پێگە شاراوەکانی ئەمڕۆ تەنها بۆ هەڕەشەی مووشەک و فڕۆکە دروست ناکرێن. هەڕەشە نوێکان بریتین لە هێرشی سایبەری، جەنگی ئەلیکترۆنی، هەواڵگریی دیجیتاڵ، هێرشی مووشەکیی دوورمەودا، هێرشی درۆن، تێکدانی تۆڕەکانی پەیوەندی، و هەڕەشە لە ژێرخانەکانە هەر بۆیە پێگەى سەربازی لە شێوەی کلاسیکییەکەیەوە دەگۆڕێت بۆ تۆڕێکی پەیوەستکراو لە شوێنە فیزیکی و دیجیتاڵییەکان.

8.    بنەمای دابەشکردنی مەترسی 
یەکێک لە گرنگترین وانە ستراتیژییەکانى ئەو نموونانە بریتییە لە دابەشکردنی تواناکان.
ئەگەر هەموو توانای فرماندەیی، هەواڵگری، لۆجستیک و بەردەوامیی حکومەت لە یەک شوێن کۆبکرێتەوە، لە کاتی هێرشدا مەترسییەکە زۆر دەبێت. بەڵام کاتێک تواناکان لە شوێنە جیاوازەکان دابەش دەکرێن هێرش لە یەک شوێن ≠ کۆتاییی تەواوى سیستمەکە. ئەمە بنەمایەکى سەرەکیی توانای سیستەمە بۆ مانەوە و گەڕانەوە بۆ کارکردن لە دوای قەیران.

 هەڵسەنگاندنی ستراتیژی
ئەگەر ئەم پێنج نموونەیە بە یەک سیستم سەیر بکەین، وێنەیەکی گرنگ دەردەکەوێت:
ناوچەى 51: پاراستنی نوێکاری و تەکنەلۆژیا.
شاخى جایین: پاراستنی فرماندەیی و کۆنتڕۆڵ.
دیگۆ گارسیا: پاراستنی گەیشتن و لۆجستیک.
مینویس هیڵ: پاراستنی زانیاری و پەیوەندی.
ماونت وێزەر: پاراستنی بەردەوامیی حکومەت.

لە کۆی ئەمانەدا سیستەمێک دروست دەبێت کە بتوانێت لە ژێر فشاردا بەردەوام بێت.
 
ئەنجام
پایەگا شاراوەکانی جیهان تەنها شوێنێک نین کە سەرباز و چەک تێدا هەڵدەگیرێت. لە جەنگی نوێدا، ئەوان بوونەتە بەشێک لە زنجیرەی توانای نیشتمانی.

لە Area 51 ـەوە کە نوێکاریی هەوایی و هەواڵگری تاقی دەکرێتەوە، بۆ Cheyenne Mountain کە توانای فرماندەیی لە ژێر هەڕەشەدا پارێزراوە؛ لە Diego Garcia ـەوە کە لۆجستیک و گەیشتنی هێزەکان بە ناوچەیەکی فراوان پشتیوانی دەکات، بۆ Menwith Hill کە تۆڕەکانی پەیوەندی و هەواڵگری گرنگن؛ و لە Mount Weather ـەوە کە بەردەوامیی کارکردنی حکومەت لە کاتی قەیران پشتیوانی دەکرێت.

بنەمای هاوبەشی هەموو ئەو پێگانە ئەمەیە: هێزی سەربازی تەنها بە ژمارەی چەک و سەرباز پێوانە ناکرێت؛ بە توانای دەوڵەت بۆ پاراستنی زانیاری، فرماندەیی، لۆجستیک، تەکنەلۆژیا و بەردەوامیی کارکردنیش پێوانە دەکرێت.

لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، ئەم پێگانە نموونەیەکی ڕوونن لە گواستنەوەی هێزی سەربازی لە قەڵاوە بۆ تۆڕ؛ واتە لە پاراستنی تەنها شوێنێکی دیاریکراوەوە بۆ دروستکردنی سیستمێکی دابەشکراو کە بتوانێت لە کاتی هێرش و قەیراندا بەردەوام بمێنێتەوە.

بەپەلە