شارپرێس:
فشارە ئابورییەکانی ئەمریکا دەتوانێت ئێران بەرەو گەڕانەوە بۆ بژاردەی سەربازی پاڵ پێوەبنێت، ئەگەر هەیە هێزەکانی ئێران هەوڵبدەن کۆمپانیاکانو بەرژەوەندییە دارایییە پەیوەستەکان بەئەمریکا لەناوچەکەدا بکەنە ئامانج، یان دوبارە دەست بەهێرشکردنەسەر بنکەو دامەزراوە سەربازییە ئەمریکییەکان بکەنەوە.
ڕێبەرایەتیی ئێران لەڕۆژانی ڕابردودا هەڕەشەی لەهەر وڵاتێک کردوە کە بەشداریی لەکەمپەینی فشاری ئابوریی ئەمریکا بکات.
تاران جەختیکردوەتەوە، هەر وڵاتێک پشتگیریی ئەم هەنگاوانە بکات، وەک دوژمن مامەڵەى لەگەڵ دەکرێتو ئێران هەوڵدەدات زیان بەبەرژەوەندییەکانی بگەیەنێت.
لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تۆڕێکی فراوان لەدامەزراوەو بەرژەوەندییە ئابورییەکان هەیە کە پەیوەندییان بەئەمریکاو وڵاتانی کەنداوەوە هەیە، پێشتریش ئێران هەڕەشەی لەهەندێک لەم بەرژەوەندییە کردوە.
ئەگەر ئێران بڕیاربدات ئاڵۆزییە سەربازییەکە بەرەو قۆناغێکی نوێ بەرێت، ئەوا بازنەی ئامانجەکانی دەتوانێت زۆر فراوانو جۆراوجۆربێت؛ لەوانە دامەزراوە سەربازییەکان، ژێرخانی وزە، کۆمپانیاو بەرژەوەندییە ئابورییەکان، سامانو دامەزراوە دارایییەکان.
لەچوارچێوەی ئەوەی بەجەنگی ئابوریی ناودەبرێت، بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوەکردوە، توندکردنەوەی سزاکانو زیادکردنی فشارە دارایییەکان لەوانەیە پێشەکییەک بێت بۆ گەڕانەوە بۆ بژاردەی سەربازیی لەقۆناغێکی دواتردا؛ بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا لەتشرینی دوەمى 2026.
