شارپرێس:
بەکارھێنانی زۆری موشەکە بەرپەرچدەرو هێرشبەرەکان گوشارێکی زۆر دەخاتەسەر کۆگا ستراتیژییەکانی ئەمریکا؛ ئەمەش واشنتۆنی ناچارکردوە پڕۆسەی بەرهەمهێنان خێرابکاتو زنجیرەی دابینکردنی پێداویستییەکان سەرلەنوێ بونیادبنێتەوە.
جەنگ لەگەڵ ئێران ڕوبەڕوی تەحەدایەکمان دەکاتەوە کە تەنها پەیوەست نییە بەکارایی سیستمی چەکەکانی ئەمریکا، بەڵکو پەیوەستە بەتوانای ویلایەتەیەکگرتوەکان بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو تەقەمەنییانەی کە بەخێراییەکی زۆر لەمەیدانی جەنگدا بەکاردێن، لەجەنگە درێژخایەنەکاندا، تەنها خاوەندارێتی موشەکی پێشکەوتوی وەک "پاتریۆت"و "تۆماهۆک" بەس نییە، بەڵکو پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە، ئایا پیشەسازیی ئەمریکا دەتوانێت بەو بڕە موشەک بەرهەمبهێنێت کە بۆ بەردەوامبونی جەنگەکە پێویستە؟
"پاتریۆت".. سەرکەوتنێک هاوکێشەی نوێ دەسەپێنێت
ئەزمونی جەنگی ئۆکرانیا دەریخست کە کارایی سیستمی "پاتریۆت" مەرج نییە بەواتای توانای کارکردنی بێسنوربێت، لەیەکی ئابی ڕابردودا، ڕوسیا 27 موشەکی بالیستی ئاراستەی ئۆکرانیا کرد، کیێڤ تەنها توانیی یەک دانەیان تێکبشکێنێت، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی ئەمەی بۆ کەمیی موشەکی بەرپەرچدەر گەڕاندەوە.
بهگوێرهى خەمڵاندنەکانی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژییو نێودەوڵەتی (CSIS)، ئەمریکا نزیکەی 65٪ی کۆگای موشەکەکانی پاتریۆتی لەنێوان مانگەکانی شوباتو تەمموزدا بەکارهێناوە، بەو هۆیەشەوە یەدەگی ئەو موشەکانە بۆ کەمتر لە 850 دانە دابەزیوە، لەکاتێکدا پێش جەنگی ئێران نزیکەی 2330 دانە بوە.
ئەم کێشەیە بەهۆی تێچوی زۆرەوە ئاڵۆزتر دەبێت؛ نرخی یەک موشەکی (PAC-3) بەچوار بۆ پێنج ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، بۆیە کێشەکە لە"توانای تێکشکاندنی موشەک"ەوە دەگۆڕێت بۆ "توانای دابینکردنی تێچوی تێکشکاندنەکان".
داخوران گەیشتوەتە موشەکە هێرشبەرەکانیش
گوشارەکان تەنها لەسەر سیستمی بەرگریی ئاسمانی نین، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە کە ئەمریکا نزیکەی تەواوی کۆگای جیهانیی موشەکەکانی (ATACMS)و (PrSM)ی لەپێنج مانگی یەکەمی جەنگدا بەکارهێناوە کە نرخی هەندێکیان لەملیۆنێک دۆلار تێدەپەڕێت، ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە توانای سوپای ئەمریکا بۆ بەردەوامبون لەجەنگێکی درێژخایەن، بەندە بەنەرمیو خێرایی پیشەسازیی وڵاتەکە لەقەرەبوکردنەوەی کۆگاکاندا.
واشنتۆن ئاستی بەرهەمهێنان بەرزدەکاتەوە
وەک وەڵامێک بۆ ئەم دۆخە، ئەمریکا دەستیکردوە بەفراوانکردنی توانای بەرهەمهێنان. لە29ى تەمموزدا، سوپای ئەمریکا گرێبەستێکی بەبەهای 58.6 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای (لۆکهید مارتن) واژۆکرد بۆ بەرهەمهێنانی موشەکی پاتریۆت تاوهكو ساڵی 2032، کۆمپانیاکە ئامانجیەتی ئاستی بەرهەمهێنانی مووشەکی (PAC-3 MSE) بگەیەنێتە 20000 دانە لەساڵێکدا، ئەمەش بەواتای سێ هێندە زیادکردنی بەرهەم دێت تا کۆتایی ئەم دەیهیە.
بەڵام زیادکردنی بەرهەمهێنان پڕۆسەیەکی خێرا نییە؛ موشەکە نوێیەکان پێویستیان بەتۆڕێکی ئاڵۆزی دابینکەران، پارچەی تایبەتو هێزی کارو شارەزا هەیە، هەر پچڕانێک لەم زنجیرەیەدا دەبێتە هۆی دواکەوتنی تەواوی پڕۆسەکە.
گەڕان بەدوای کارگەی دەرەکی
لەبەر ئەم هۆکارە، واشنتۆن بەدوای بژاردەی بەرهەمهێنان لەدەرەوەی خاکی خۆیدا دەگەڕێت، بهگوێرهى ئاژانسى ڕۆیتەرز، ئەمریکا لەگەڵ ئۆکرانیا تاووتوێی ئەگەری دروستکردنی هەندێک پارچەی پاتریۆت لەوێو ناردنی بۆ ئەڵمانیا دەکات بۆ کۆکردنەوەی کۆتایی (TSE)، بەڵام دروستکردنی هێڵی نوێی بەرهەمهێنان ڕەنگە چەند ساڵێکی بخایەنێت، ئەمەش واتە ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ دەدرێن، مەرج نییە چارەسەری کەمیی ئێستا بکەن، بەڵکو ئامانجیان ڕێگریگریکردنە لەدوبارەبونەوەی لەجەنگەکانی داهاتودا.
لەقەیرانی گولـلە تۆپەوە بۆ ئابوریی جەنگ
ئەم تەحەدایە لەمێژوی جەنگەکاندا نوێ نییە، لەجەنگی جیهانیی یەکەمدا، بەریتانیا لەساڵی 1915دا ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورەی پیشەسازییو سیاسیی بوەوە، دوای ئەوەی کارگەکان نەیانتوانیی پێداویستیی جەنگی سەنگەرەکان دابین بکەن، ئەو قەیرانە وای لەلەندەن کرد وەزارەتێکی تایبەت بۆ تەقەمەنی دابمەزرێنێتو سەرلەنوێ ئابورییو هێزی کار ڕێکبخاتەوە.
وانە سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیە، کاتێک خەرجکردنی تەقەمەنی لەتوانای قەرەبوکردنەوەی کارگەکان زیاتر دەبێت، جەنگ لەبەرەکانی شەڕەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو کارگەکانو زنجیرەی دابینکردنی پێداویستییەکان.
تاقیکردنەوەی توانای ئەمریکا بۆ جەنگە هاوکاتەکان
جەنگی ئێران، واشنتۆن دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ستراتیژیی ڕاستەوخۆ، گرێبەستە نوێیەکانی پاتریۆتو پلانەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی "تۆماهۆک"، نیشانەی ئەوەن کە ئەمریکا تێگەیشتوە تەنها "باڵادەستیی تەکنیکی" بەس نییە.
پێوەرە نوێیەکەی هێزی ئەمریکا چیتر ژمارەی ئەو موشەکانە نییە کە لەکۆگاکاندا هەن، بەڵکو توانای وڵاتەکەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئەوەی کە جەنگەکە بەو خێراییەی پێویستە دەیسوتێنێت، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا واشنتۆن دەتوانێت بنکەیەکی پیشەسازیی وەها بونیادبنێتەوە کە هاوکات پشتیوانی جەنگێکی درێژخایەن بکاتو پێداویستی هاوپەیمانەکانیشی دابین بکات؟
