شارپرێس:
ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لە دیمەشق كرا بەبەشداری فەرماندەكانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەكە و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی سوریا، ئەم كۆبوونەوەیە بەشێكە لە ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی تێكەڵبوونەوە.
كۆبوونەوەكە دوای سەردانی شاندێكی سەربازی و ئەمنی و ئیداری بە سەرۆكایەتی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر بۆ دیمەشق دێت بەبەشداری نەورۆز ئەحمەد ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەكینەكانی پاراستنی ژنان یەپەژە و سەمیر ئوسۆ بریكاری وەزارەتی بەرگری بۆ كاروباری هەرێمی ڕۆژهەڵات و سەركردە ئەمنییەكانی دیكە.
دوێنێ عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە كۆبوونەوە بۆ بەدواداچون بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی 29ی كانونی دووەم و گواستنەوە بۆ قۆناغی نوێ.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ڕێكخستنەكان و ڕاسپاردنی هەندێك سەركردە بۆ پۆستەكانی پارێزگای حەسەكەو پرۆسەی یەكخستنی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەكان و دامەزراوەكان لەچوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی سوریا كرا.
هەروەها بڕیارە كۆبوونەوەیەكی دیكە لە نێوان سەركردەكانی یەكینەكانی پاراستنی ژنان یەپەژەو وەزارەتی بەرگری سوریا ئەنجام بدرێت لە چوارچێوەی پرۆسەی یەكگرتن.
