شارپرێس:
تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا، یەكگرتنی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدەی لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەتی سوریا بە "پێشكەوتنێكی مێژوویی" وەسف كرد
لە پۆستێكیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێكس، باراك ڕایگەیاندووە كە پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو پێشەوە دەچێت، هاوبەشێكی واشنتۆنیش دەگوازرێتەوە بۆ چوارچێوەیەكی نیشتمانیی یەكگرتوو.
نێردەی ئەمریكا ئاماژەی بە دانپێدانانی زمانی كوردی لە پەروەردە و ڕۆڵی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد كرد، بەتایبەت قوربانیدانی هاوبەشە كوردەكان و بەشداریكردنیان لە گەیشتن بە سەقامگیری ناوچەكە زانی.
وتیشی، یەكگرتنی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای بوونی براوە و دۆڕاوەكان نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای هاوكاری نێوان ئەو لایەنانەیە كە دژایەتیان دەكرد.