المجلة
وەرگێڕان: د. حلمى رەسوڵ
رەزا
بەسیاسیی کردنی بڕیاری
سەربازی
لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی
هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، دەنگی ناڕەزایەتی لە واشنطن بەرز دەبێتەوە.
هاوپەیمانە دیارەکانی ترەمپ، وەک «ئێریک دین پرنس» و «ستیڤ بانۆن»، دەڵێن: «نابێت
ئێمە جەنگی ئیسرائیل بکەین». هەروەها کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت کە ئێران لە لێواری چەکی
ئەتۆمی نزیک نەبووەتەوە، خۆ ئەگەر نزیکیش بووبێتەوە، ئەی بۆچی ترەمپ وتی هێرشەکەی
هاوینی ڕابردوو سەرکەوتوو بوو؟
لە ناوەندی هەموو ئەمانەدا،
تەنانەت لە ناو تیمی خودی ترەمپیشدا، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەم جەنگەی ترەمپ ویلایەتە
یەکگرتووەکانی تێوەگلاندووە، لە بنەڕەتدا «جەنگی ئیسرائیل»ـە. ئەگەر بابەتەکە وابێت،
بێ گوێدانە ئەوەی بەڵگەکان چەند ڕەوان، ئەمە تیشکێکی بەهێز دەخاتە سەر سوپای ئیسرائیل
و بەتایبەتی فەرماندەکەی ئیال زامیر؛ ئەو کەسەی لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا لەوەتەی
پۆستەکەی وەرگرتووە، بە بەردەوامی سەردانی واشنتۆن و شاری تامپای لە ویلایەتی فلۆریدا
کردووە.
زامیر ناکۆکییەکی توندی
لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ هەبوو سەبارەت بە بەڕێوەبردنی جەنگی غەززە و ئامانجی کۆتایی،
هەروەها سەبارەت بەو گرژییە بەردەوامەی لە نێوان ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل و سەرکردایەتی
باڵای سوپادا هەبوو. بەڵام ئەم جەنگە لە کاتێکی گونجاودا بۆ نەتانیاهۆ هات، تاوەکو
ئەو ناکۆکییانە وەلا بنێت و لەبری ئەوە تیشک بخاتە سەر «بڕینی سەری مارەکە» واتە ئێران.
لێرەدا، زامیر دەکەوێتە پێشەوەی دیمەنەکە.
پشتبەستنی ئەمریکا بە
زامیر
چەندین ڕاپۆرت ئاماژە
بەوە دەکەن کە ئیسرائیل دەسپێشخەریی هێرشە بەردەوامەکانی سەر ئێرانی گرتووەتە دەست.
هەروەها دزەی کردووە بۆ ناو میدیاکان کە ژەنەراڵە ئەمریکییەکان و بەرپرسانی ئاسایشی
نەتەوەیی پێیان باش بووە ئیسرائیل سەرەتا هێرشەکە دەست پێ بکات و دواتر هێرشە ئەمریکییەکان
بەدوایدا بێن. باس لەوەش دەکرێت کە ئیسرائیل ئەرکە هەرە سەختەکەی گرتووەتە ئەستۆ،
ئەویش بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتی ئێرانە (بە عەلی خامنەییشەوە)، لە کاتێکدا ویلایەتە
یەکگرتووەکان تیشک دەخاتە سەر تێکشکاندنی ژێرخانی سەربازی. ئەمەش لەگەڵ باڵادەستیی
هەواڵگریی ئیسرائیل لەسەر زەوی دەگونجێت.
جەنگی غەززە لە کاتی ئیدارەی
پێشووی بایدندا بووە هۆی تووڕەییەکی زۆر لە واشنتۆن، ئەمەش بەهۆی ڕەتکردنەوەی نەتانیاهۆ
بۆ هێورکردنەوەی پەرەسەندنەکان دوای حەوتی ئۆکتۆبەر. هاوکات لەگەڵ زیادبوونی
توندوتیژیی کۆچبەرە جولەکەکان و توندبوونی سیاسەتەکانی ڕاستڕەوەکان، دیموکراتەکان
(لانیکەم لە پشت پەردەوە) هەستیان بەوە کرد کە سەبریان بەرامبەر شێوازی "بیبی"
و کردەوەکانی سوپا لە غەززەدا نەماوە.
لەو ماوەیەدا، ژەنەراڵ
مایکل کوریلا، فەرماندەی ئەو کاتی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM)، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ زامیر دروست کرد،
کە ئەو کاتە لە وەزارەتی بەرگری کاری دەکرد. زامیر پێشتر فەرماندەیی ناوچەی باشووری
کردبوو و پێش دە ساڵ مەلەفی غەززەی لەدەست بوو. لەسەر ئەم بنەمایە، زامیر زانیاریی
پێشکەش بە کوریلا و ژمارەیەک لە ژەنەراڵە ئەمریکییەکان کرد. دەوترێت زامیر لە مامەڵەیدا
لەگەڵ ئەمریکا وێنەی "پۆلیسە باشەکە"ی چەسپاندووە، لە بەرامبەر وێنەی
"پۆلیسە خراپەکە" کە نەتانیاهۆ (بیبی) پێشکەشی کردبوو.
دوای ئەوەی پۆستی فەرماندەیی
گرتە دەست، زامیر بەردەوام بوو لە هەوڵە بێدەنگەکانی لە نێوان شارەکانی تامپا (بنکەی
سێنتکۆم) و واشنتۆن، لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندی و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا. هەروەها
هەوڵی دا ئەو مەترسییانە بڕەوێنێتەوە کە باسیان لە هەژموونی ڕاستڕەوەکان دەکرد بەسەر
دامەزراوەی سەربازی و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلدا. ئەمە خاڵێکی بنەڕەتی بوو بۆ
ئەمریکییەکان تا زامیر وەک فەرماندەیەک ببینن کە دژی ئێران دەجەنگێت و لە هەمان
کاتدا ڕێگری لە نفووزی ڕاستڕەوەکان لە ناوخۆی ئیسرائیلدا دەکات.
پێش ئەوەی باس لە تەنگژەی
ئێستای زامیر لەگەڵ نەتانیاهۆ و ڕاستڕەوەکان بکەین، زۆر گرنگە لە چوارچێوەی مێژوویی
ڕووداوەکان بگەین. سوپای ئیسرائیل ڕۆڵێکی بێهاوتا لە وڵاتدا دەگێڕێت، ئەمەش بەهۆی
بەشداریی لە جەنگەکان و بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتەوە. ژەنەراڵەکانی
وەک پاڵەوان دەبینرێن کە ئیسرائیلیان لە لەناوچوون ڕزگار کردووە لە بەرامبەر دوژمنە
هەرە مەترسیدارەکاندا. ئەمە پێگەی سوپای لە ناو کۆمەڵگەی ئیسرائیلیدا چەسپاندووە و
ئامادەیی لە کایەی گشتیدا بەهێز کردووە. لێرەوە هەندێک لە سەرکەوتووترین و ناودارترین
سەرکردەکانی ئیسرائیل دەرکەوتن کە سەرەتا وەک کەسایەتیی یەکلاکەرەوەی جەنگەکان
ناسرابوون، وەک: مۆشێ دایان، ئیسحاق ڕابین، ئارێل شارۆن و ئیهود باراک.
بەڵام جێگەی سەرنج ئەوەیە
کە ئەم «پاڵەوانانە» زۆر زوو لە دیدی زۆر کەسدا گۆڕان بۆ «خراپەکار» کاتێک لەگەڵ ڕاستڕەوەکانی
وڵاتدا تووشی پێکدادان هاتن. زۆر کەس مۆشێ دایانیان بە بەرپرسیاری شۆکی جەنگی ١٩٧٣
دەزانی. زۆر کەسیش ئیسحاق ڕابینیان بە بەرپرسیار دەزانی، پێش ئەوەی لە کۆتاییدا بەهۆی
واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ یاسر عەرەفات بکوژرێت. ڕاستڕەوەکانیش ئارێل شارۆنیان
(کە بە هیچ شێوەیەک لیبراڵ نەبوو) وەک خائین دەبینی دوای ئەوەی کۆچگەی جولەکەکانی
لە غەززە هەڵوەشاندەوە. سەبارەت بە ئیهود باراک، زۆر کەس بە لاوازیان دەزانی و وەک
ئەوەی «قودسی ڕادەستی عەرەفات کردووە» وەسفیان دەکرد، بۆیە لە دەسەڵات دوورخرایەوە
سەرەڕای ئەوەی خاوەنی زۆرترین مەدالیای سەربازییە لە مێژووی ئیسرائیلدا.
بەم شێوەیە چیرۆکەکە
دووبارە دەبێتەوە: هەر کە ژەنەراڵەکە ڕووبەڕووی کۆچبەرە جولەکەکان یان ڕاستڕەوەکان
دەبێتەوە، ڕەسید و ناوبانگەکەی نامێنێت و لە پلەی «پاڵەوان»ەوە دەگۆڕێت بۆ ئامانجی
هێرش و دوورخستنەوە. ئەمڕۆش زامیر نوێترین ناوە لەم زنجیرە ئەفسەرە باڵانەی کە ڕاستڕەوەکانیان
هێناوەتە جۆش. لە حاڵەتەکانی ڕابین، شارۆن و باراکدا بەتایبەتی، یەک نەیار دەرکەوت
کە ڕووبەڕووی هەموویان بووەوە و بەشداربوو لە دوورخستنەوەیان لە گۆڕەپانەکە، ئەویش
نەتانیاهۆیە؛ ئەو کەسەی لە مێژە سەری ڕمی کۆچبەران و ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ناو دەوڵەت
و کۆمەڵگەی ئیسرائیلییە.
زامیر لەسەر شوێنپێی ڕابین
و باراک دەڕوات
زامیر لە پشت پەردە و
بە ئاشکرا، جارێکی تر ڕووبەڕووی ڕاستڕەوەکان دەبێتەوە کە نەتانیاهۆ سەرکردایەتییان
دەکات. یائیر نەتانیاهۆ، کوڕی نەتانیاهۆ، زامیری تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی کودەتا
دژی باوکی دەدات. هەروەها وەزیری بەرگری، ئیسرائیل کاتس، چەندین جار بە ئاشکرا ڕەخنەی
لە زامیر گرتووە بەهۆی "زیادەڕەوی" لە لێدوانەکانی سەبارەت بە مەلەفی غەززە
و ناکۆکی لەسەر دامەزراندنی ئەفسەرە نوێیەکانی سوپا. هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل جەخت
لەوە دەکەنەوە کە بنەماڵەی نەتانیاهۆ و بازنە نزیکەکەی ناو حکومەت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ
ئەرکی زامیر ئاڵۆزتر دەکەن. لەگەڵ توندبوونی ئەم کەشوهەوایەدا، فشارەکان گەیشتوونەتە
ئاستی ئەوەی باس لە گۆڕینی زامیر بکرێت بە ژەنەراڵێکی ڕاستڕەوتر کە بە ئاسانی لەگەڵ
سیاسەتەکانی نەتانیاهۆ بگونجێت.
زامیر دەمێکە لە بازنەی
نەتانیاهۆدا دەردەکەوێت، چونکە سێ ساڵ سکرتێری سەربازیی ئەو بووە؛ ئەم پۆستەش ڕێگەی
پێ داوە ببێتە نزیکترین ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆک وەزیران لەو مەلەفانەی کە لە دەرەوەی
چوارچێوەی ئەرکانی گشتی سوپادا بەڕێوە دەبرێن. لەو ماوەیەدا پەیوەندیی نێوان زامیر
و نەتانیاهۆ زۆر بەهێز بوو.
قۆناغی یەکلاکەرەوە لە
نێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ بوو، کاتێک نەتانیاهۆ بۆ یەکەمجار دەستی کرد بە دوورکەوتنەوە
لە کەسایەتییەکانی وەک ئیهود باراک (کە ئەو کاتە وەزیری بەرگری بوو) پێش ئەوەی ناکۆکییەکانیان
بتەقێتەوە. شارەزایانی مێژووی سوپا، بەتایبەتی لە یەکەی بژاردەی "سایێرت مەتکاڵ"
(یەکەی هەواڵگریی ئەرکانی گشتی)، دەڵێن نەتانیاهۆ کاتی خۆی لەژێر فەرمانی باراکدا
سەرباز بووە و هەمیشە بە "گەورەم" بانگی کردووە، سەرەڕای ئەوەی دواتر نەتانیاهۆ
وەک سەرۆک وەزیران بووە فەرماندەی سیاسیی وەزیرەکەی. دوای پچڕانی پەیوەندیی ئەم
دوو پیاوە، ململانێی نەتانیاهۆ لەگەڵ ژەنەراڵە باڵاکان توندتر بوو و چەندین جار لەگەڵ
ناوی وەک گانتس، ئایزنکۆت و هەلێڤی تووشی پێکدادان بووە.
زامیر تایبەتمەندییەکی
تری هەیە؛ ئەو یەکەمین سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیلە کە دایک و باوکی لە دوو وڵاتی
جیاوازی عەرەبییەوە هاتوون؛ باوکی خەڵکی یەمەنە و دایکی خەڵکی سووریایە. دایکی و هەندێک
لە ئەندامانی خێزانەکەی لە نەوەدەکاندا و لە سەردەمی حافز ئەسەددا سووریایان جێهێشتووە.
زامیر ماوەیەک لە
واشنتۆن لەناو سەنتەری توێژینەوەی ناسراوی "پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی
نزیک" کاری کردووە. هەروەها سوودی لە ئەزموونی ئیهود یەعاری وەرگرتووە کە یەکێکە
لە دیارترین شارەزایانی ئیسرائیل لە کاروباری عەرەبیدا. یەعاری یەکێکە لەو کەمە ڕۆژنامەنووسانەی
ئیسرائیل کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرکردە عەرەبە گەورەکانی وەک یاسر عەرەفات، حوسنی
موبارەک، شا حوسێن و موعەمەر قەزافی کردووە. بەم شێوەیە زامیر کاتی خۆی بۆ خوێندن
و نووسین لەگەڵ نوخبەیەک لە ناوە دیارەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە بواری ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا تەرخان کردووە. ئەو بەهۆی ڕەگی دایکییەوە بایەخێکی تایبەت بە سووریا دەدات
و تێگەیشتنێکی قووڵتری بۆ ئەو وڵاتە هەیە، نەک تەنها وەک سەربازێک، بەڵکو وەک کەسێکی
ئەکادیمی و ئارەزوومەندیش.
زامیر ڕووبەڕووی چی دەبێتەوە؟
ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل
نەک تەنیا ڕووبەڕووی هەڕەشەی دەرەکیی دوژمنەکانی نابێتەوە، بەڵکو بۆ یەکەمجار لە مێژوودا
ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ناوخۆیی بووەتەوە. لە پێش هەموو شتێکیشەوە، هەوڵەکانی نەتانیاهۆ
بۆ «بەسیاسیی کردنی بڕیاری ئەمنی» لەسەر حیسابی سەرۆک ئەرکانی سوپا و سەرۆکی دەزگا
هەواڵگرییەکان.
لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا،
زیاتر لە ١٢ سەرۆکی پێشووی سوپا و دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک)، پێش مانگێک گرتەیەکی
ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە و تێیدا داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززەیان کرد. هەروەها یۆسی
کۆهین، سەرۆکی پێشووی مۆساد و کاندیدی ئەگەری بۆ سەرۆکایەتی وەزیران، ڕایگەیاند کە
کاتی ڕۆشتنی نەتانیاهۆ هاتووە و وتی: نەتانیاهۆ چیتر ناتوانێت بە لێهاتووییەوە سەرپەرشتی
ژەنەراڵەکانی سوپا بکات.
دووەم تەحەددی کە زامیر
ڕووبەڕووی دەبێتەوە، قەیرانی سەربازییەکردنە (تەجنید). زۆرێک لە ئیسرائیلییەکان ڕەتیدەکەنەوە
بجەنگن چونکە پێیان وایە ئەمە جەنگی ئیسرائیل نییە، بەڵکو جەنگی نەتانیاهۆیە. لە هەمان
کاتدا، بەرزترین ڕێژەی خۆکوشتن لە نێوان سەربازان و جەنگاوەرە دێرینەکاندا تۆمارکراوە.
سەربازەکان لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە سێ بۆ چوار جار گەڕاونەتەوە بۆ خزمەتی سەربازی
لە غەززە و تەواو شەکەت بوون؛ ئەمەش وای کردووە پاڵنەری شەڕکردنیان نەمێنێت لەبەر
نەبوونی هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ.
هاوکات نەتانیاهۆ و
کاتس بەردەوامن لە توندکردنی گەمارۆکانی سەر زامیر لە مەلەفی دامەزراندنی ژەنەراڵەکاندا.
جێگەی سەرنجە کە هەندێک لە ئیسرائیلییەکان دەچنە بەردەم ماڵی زامیر بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ
فشاری لێ بکەن، هەندێکی تریش فشار دەخەنە سەر ژەنەراڵە خانەنشینەکانی وەک گانتس و
ئایزنکۆت تاوەکو کێشی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی زامیر دەنگی بەرزتر بکاتەوە دژی نەتانیاهۆ.
زامیر دژی ئۆپەراسیۆنەکانی
ناو شاری غەززەیە و هانی بەردەوامبوونی دانوستانەکان دەدات. ئەو لەسەر لێوارێکی
باریک دەڕوات: یان دەبێت خۆڕاگر بێت و لە کۆتاییدا لە نەتانیاهۆ بباتەوە لە ڕێگەی
گەیشتن بە ڕێککەوتن لە غەززە، یان جەنگ بەردەوام دەبێت و درزە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل
قووڵتر دەبنەوە. زۆر کەس زامیر وەک کەسایەتییەک دەبینن کە توانای ڕزگارکردنیانی هەیە
لە نەتانیاهۆ، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو فەرماندەیەکی سەربازییە لە دەوڵەتێکی دیموکراتی
و ناچارە بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران جێبەجێ بکات، ئەمەش مەودای جووڵەی تەسک دەکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، چەند هەفتەی داهاتوو نەک تەنها داهاتووی ئەو، بەڵکو سیمای قۆناغی
داهاتووی ئیسرائیلیش دیاری دەکەن.
لەگەڵ فراوانبوونی شەپۆلی
تووڕەیی لە واشنتۆن و لە ناو گرووپی (MAGA)ی سەر بە ترەمپ، زامیر
وەک تاقە کەسایەتیی «مامناوەند» دەردەکەوێت کە ئەمریکییەکان مەیلیان بۆی هەبێت. ڕەنگە
ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران دوایین تاقیکردنەوە بێت بۆ توانای ئیسرائیل لە
پاراستنی هەژموونی خۆی لەسەر سیاسەتەکانی واشنتۆن. سوپای ئەمریکا توانای بەرگەی زیانی
گەورەی گیانی یان لەدەستدانی فڕۆکەی نییە لە جەنگێکی ئاوادا، بۆیە ئەرکی زامیر دەبێت
کە جەنگەکە بەرەو کۆتاییەکی گونجاو ببات و پارێزگاری لە یەکگرتوویی هاوپەیمانیی سەربازیی
ئەمریکا-ئیسرائیل بکات، بەتایبەت دوای ئەو لێکەوتە ناوخۆییانەی کە بە دڵنیاییەوە
کاریگەرییان لەسەر ترەمپ و هەڵبژاردنەکان دەبێت.
