شارپرێس:
لەکاتێکدا زیاتر لە216 کاتژمێرە ئێران لەژێر سێبەری شەڕو دابڕانێکی تەواوەتیی هێڵەکانی ئینتەرنێتدایە، جۆرە بازاڕێکی ڕەش بۆ دەستڕاگەیشتن بەجیهانی دەرەوە سەریهەڵداوە، هاوڵاتییان لەنێوان چەقۆو مقەستی سانسۆرو ترس لەجەنگ، پەنا بۆ ڕێگەی مەترسیدار دەبەن بۆ ئەوەی دەنگیان بەجیهان بگات.
ئێستا ئێران لەگەورەترین دابڕانی دیجیتاڵیدایە لەمێژوی خۆیدا، بڕینی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی تەنها کێشەی تەکنیکی نییە، بەڵکو بوەتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتی ژیانی ڕۆژانە، بازرگانییە ئۆنلاینەکانو پەیوەندییە خێزانییەکان، لەغیابی ئینتەرنێتی فەرمیدا، ئێران بوەتە دورگەیەکی بێدەنگ کە زانیاریی تێیدا تەنها لەیەک ئاڕاستەوە (لایەنی حکومی) دەردەچێت.
بهگوێرهى ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییانەی لەناوخۆی ئێرانەوە دزەیانکردوە، بازاڕێکی نافەرمی بۆ خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت دروست بوە كه بهشێكیان پێكهاتوه لهفۆتۆکۆپی داتاکان، لهبری گواستنەوەی زانیارییو ڤیدیۆکان لەڕێگەی میمۆریو هاردەوە لەشارێکەوە بۆ شارێکی دیكه، ئهوى دیكهش ئینتەرنێتی سەتەلایتیه، سەرەڕای قەدەغەکردنی توند، ئامێرەکانی (ستارلینک) بەنرخێکی خەیاڵی لەبازاڕی ڕەشدا دەفرۆشرێنو بونەتە تاقە هیوای چالاکوانان، یهكێكى دیكهشیان ئەوکانتە سپیکراوەکانه، لهمهشدا فرۆشتنی ئەو ڤی پی ئێن (VPN)و سێرڤەرە تایبەتانەن کە هێشتا لەلایەن سیستمە ئەمنییەکانەوە بلۆکنەکراون.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەدەن، هەندێک گروپی تەکنەلۆژی هەوڵی دابینکردنی ئینتەرنێتی خۆڕایی یان بێبەرامبەر دەدەن بۆ هاوڵاتییان، بەڵام ئەمە مەترسی گەورەی لەسەرە، چونكه وهكو باسكراوه، بەکارهێنەران لەنێوان دوو بژاردەی سەختدان، یان بێدەنگیو دابڕان، یان بەکارهێنانی هێڵە نافەرمییەکان کە ڕەنگە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە چاودێریی بکرێن.
چالاکوانانى مەدەنی لەتارانەوە دەڵێن، "ئێمە لەناو تاریکییەکی ڕەهاداین، تەنها دەمانەوێت بەکەسوکارمان بڵێین هێشتا زیندوین، ئینتەرنێت لێرە وەک ئۆکسجینی لێهاتوە، هەرچەندە گرانو مەترسیداریش بێت، ناچارین بەدوایدا بگەڕێین".
ئەم دابڕانە درێژخایەنە تەنها ئامرازێکی سیاسی نییە، بەڵکو کارەساتێکی مرۆییە کە ملیۆنان مرۆڤی لەسەرەتاییترین مافی پەیوەندیکردن بێبەشکردوە، لەکاتێکدا دەنگی تەقینەوەو ترس لەجەنگ هەموو شوێنێکی گرتوەتەوە.
