شارپرێس:
نیوەڕۆی ئهمڕۆ سێشەممە، شاری کرمان بەدەنگی تەقینەوەیەکی گەورە هەژا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (ئایەتوڵڵا هاشمی ڕەفسەنجانی) بوە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانیی چاوەڕواننەکراو کە زیانی گەورەی بەژێرخانی فڕۆکەخانەکەو کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی گەیاندوە.
بهگوێرهى ئەو وێنەو ڤیدیۆیانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانو سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، دوکەڵێکی چڕ ئاسمانی فڕۆکەخانەکەی داپۆشیوە، لاى خۆیشیهوه ڕادیۆ فەردا ئاماژەى بهوهداوه، لەئەنجامی هێرشەکەدا، لانیکەم دوو فڕۆکەی مەدەنی لەسەر ڕێڕەوی فڕۆکەخانەکە بەتەواوی تێكشکاونو سوتاون.
هەندێک لەسەرچاوە مەیدانییەکان باس لەوەدەکەن، هۆکاری گەورەیی ئاگرەکەو دەنگی تەقینەوە یەک لەدوای یەکەکان، بۆ پێکانی ڕاستەوخۆی کۆگاکانی نەوتو تانکییەکانی سوتەمەنی فڕۆکەخانەکە دەگەڕێتەوە، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بۆ تیمەکانی فریاگوزاری زۆر سەخت بێت.
لهلایهكى دیكهوه ئاژانسی هەواڵی مێهرى ئێرانى نوسیویهتى، "تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەو فریاکەوتن لەشوێنی ڕوداوەکەنو بەردەوامن لەهەوڵەکانیان بۆ خامۆشکردنی ئاگرەکە، تائێستا بەفەرمی ژمارەی قوربانییەکان نهزانراوه، بەڵام دۆخی ناو فڕۆکەخانەکە بەنائاساییو قەیراناویی وەسفدەکرێت".
ئەو هێرشە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر گرژییەکی توندی ئەمنیدایە، چاودێران پێیانوایە، بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی کرمان، کە یەکێکە لەناوەندە گرنگەکانی گواستنەوە لەباشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران، کاریگەریی گەورەی لەسەر جوڵەی گەشتە ناوخۆییو نێودەوڵەتییەکان دەبێت.
