دوبارە داڕشتنەوەی ڕۆڵی ئەمریکا لەناوچەکەدا

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1206 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پێشەکی
بەڵگەنامەى ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا 2025 ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەتێڕوانینی واشنتۆن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە چیتر وەک گرنگترین پێگەى ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵدا ناکات، وەک چۆن لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بووە. ئەم گۆڕانکارییە درێژکراوەی ڕەوتێکە کە لەسەردەمی ئیدارەی ئۆباما دەستیپێکردووەو لەسەردەمی ترەمپدا چڕتربووەتەوەو ئێستا زیاتر بەرچاو دەکەوێت.

بەڵگەنامە نوێیەکە لەسەر بنەمای: بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی هاوبەشەکانەوە، کەمکردنەوەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی سەربازی، لە هەمان کاتدا پاراستنی ڕێگریکردن لە هەڕەشە گەورەکان ڕێکخراوە.

تایبەتمەندییەکانی ستراتیژی نوێی ئەمریکا
بەڵگەنامەکە چوار پایەی سەرەکی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەستنیشان دەکات کە بریتین لە:
1.    کەمکردنەوەی دەستێوەردانی سەربازی ڕاستەوخۆ، کە سەلماندوویەتی کە تێچووی زۆری هەیە وەک لە عێراق و ئەفغانستان بەدیار کەوت.
2.    بەرەنگاربوونەوەی هەژمونى ئێران لە ڕێگەی ئامرازە سنووردارەکانی دیپلۆماسی و سەربازییەوە.
3.    پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تیرۆر.
4.    بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی زیاتر لە بەڕێوەبردنی هەڕەشە ناوچەییەکاندا بگرنە ئەستۆ.

گۆڕینی ئەولەویەتە جیۆپۆلەتیکییەکان: بۆچی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چیتر ئەولەویەت نییە؟
بەڵگەنامەکەى ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی سێ هۆکاری سەرەکی دەخاتە ڕوو: 
1.    کۆتایی هاتنی ناوەندی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: سەرچاوەکانی وزە لە ئاستی جیهانیدا هەمەچەشن بوون، ئەمریکاش بووەتە هەناردەکاری وزەی پاک، ئەم پێشهاتە یەکێک لە پایەکانی بەرژەوەندی ئەمریکی لە ناوچەکەدا تێکدەدات.
2.    دابەزینی ڕکابەری نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: هەرێم چیتر گۆڕەپانی ململانێی ڕاستەوخۆی نێوان زلهێزەکان نییە، وەک لە سەردەمی جەنگی سارددا بوو و لە بەرامبەردا پرسگەلێکی زۆر زەقتر بۆ واشنتۆن هاتۆتە پێش وەک ڤەنزوێلا و ئاسایشی نیوەگۆی ڕۆژئاوا، ئاسیا و کۆنتڕۆڵکردنی ستراتیژی چین و ئاسایشی سنووری باشووری ئەمریکا.

بەڕێوەبردنی کاریگەری لە ڕێگەی هاوبەشە ناوچەییەکانەوە: لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆوە بۆ شاندی ستراتیژی
بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا ئەرکی بەڕێوەبردنی هاوسەنگییە ناوچەییەکان دەداتە دەست هاوبەشەکانی وەک سعودییە و ئیمارات و قەتەر و ئیسرائیل و عێراق و لوبنان. ئەم گۆڕانکارییە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە بەهۆی باشتربوونی پەیوەندییەکانی عەرەب و ئیسرائیل و فراوانبوونی تۆڕی هاوپەیمانانی ئەمریکی، ناوچەکە توانای بەڕێوەبردنی خۆی زیاتر کردووە. واشنتۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە گۆڕینی ڕژێم یان سەپاندنی چاکسازی لە سەرەوە تا ئێستا سەرەوتنى بەدەستنەهێناوە و لەبری ئەوە سەرنجی لەسەر هاندانی چاکسازی ئۆرگانی دەبێت بەبێ ئەوەی کە لە دەرەوە بیسەپێنرێت.

دۆسێی ئێران: جڵەوکردن بەبێ شەڕ
دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل و دواتر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ستراتیژی ئەمریکا وەک هێزی سەرەکی ناسەقامگیرکەر لە ناوچەکەدا مامەڵەی لەگەڵ ئێراندا کرد. بەڵام واشنتۆن بەدوای شەڕێکی تەواودا ناگەڕێت؛ بەڵکو پشت دبەستێت بە ئامرازگەلێکی تر لەوانە بەهێزکردنى هاوبەشەکانی لەناوچەکە، پاڵپشتیکردنی تواناکانی بەرگری ئیسرائیل، بەشداریکردن لە دانوستانی مەرجدار بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێران و کەڵک وەرگرتن لە گوشاری ئابووری و تەکنۆلۆژی بۆ لاوازکردنی ژێرخانی ئێران، بەم شێوەیە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران زنجیرەیەک بڕیاری تاکتیکی دەبێت نەک ستراتیژییەکی ڕەق.

ئیسرائیل و فەلەستینییەکان: بەڕێوەبردنی ململانێکان
بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری ترەمپ، هەنگاوێکە بەرەو ئاشتییەکی بەردەوامتر. لە ڕوانگەی ئەمریکاوە حەماس دوای ئەو زیانانە سەربازییانەی پێی گەیەنراوە توانراوە کۆنترۆڵ بکرێت، لە لایەکى دیکەوە هاوپەیمانە عەرەبەکانی واشنتۆن بوونەتە گەمەکارێک کارا لە ڕێکخستنی کارەکانى دوای جەنگ، بەمپێی لە ئێستادا ئەولەویەت بەڕێوەبردنی ململانێیە نەک چارەسەرکردنی.

سوریا: نۆژەنکردنەوەی دەسەڵات لەچوارچێوەی ڕێکخستنە ناوچەییەکاندا
بەڵگەنامەکە، سوریا بە کێشەیەکی ئەگەری وەسف دەکات، بەڵام کێشەیەک کە دەتوانرێت بە پشتیوانی ئەمریکا وڵاتە عەرەبیەەکانى کەنداو و تورکیا سەقامگیر بکرێت. ڕاپۆرتەکانی ناوەندەکانی توێژینەوەی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن کە هانی دانوستانی پێشوەختەی نێوان دیمەشق و تەلئەبیب دەدرێت بە تایبەت دواى لاوازبوونی هەژمونى ئێران لە سوریا.  پشتیوانی کردن لە پرۆسەیەکەش بە سەرکردایەتی وڵاتە عەرەبییەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغى ڕژیمى سوریا لە بەرامبەر سنووردارکردنی ڕۆڵی ئێران. ئەم دیدە ئامانجی یەکخستنی سوریایە لەگەڵ پێکهاتەیەکی نوێی ناوچەیی کە ڕێگری لە دووبارە داڕمانی ئەو وڵاتە بکات.

وزەو گۆڕانی جیۆ-ئابووری ناوچەکە
بەڵگەنامەکە، بەو شێوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانێت کە لە کۆگاى نەوتەوە گۆڕاوە بۆ ناوەندێکی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و هێزێکی وزەی ئەتۆمی مەدەنی و ژینگەیەک کە گرنگی بە پڕۆژەى زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای بەرگری بدات. واشنتۆن ئەم گۆڕانکارییە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ کەمکردنەوەی بەشدارییە ئەمنییەکانی، چونکە ناوچەکە لەمەودا پاڵنەرەکانى زیاتر لە ڕووی ئابوورییەوە دەبێت نەک لە ڕووی سەربازییەوە.

بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕێگریکردن لە کۆنترۆڵکردنی ڕێگا گرنگەکان
ئەمریکا سێ هێڵی سووری دیاریکردووە: ڕێگریکردن لە نەیاران لە کۆنترۆڵکردنی دابینکردنی وزە، ڕێگریکردن لەوەی ناوچەکە ببێتە سەرچاوەی تیرۆر دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ڕەهای ئیسرائیل. واشنتۆن بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هێڵە سوورانە، کەمترین ئامادەیی سەربازی دەبێت و ئارەزووی شەڕی نوێ ناکات.

کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەى ئامادەیی سەربزاى ئەمریکا بۆ وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل
وڵاتە عەرەبییەکان و وڵاتانى کەنداو ڕووبەڕووى سێ ئاڵنگارى سەرەکى دەبنەوە:

1.    بەرپرسیارێتی زیاتر لە بەرامبەر بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران بەبێ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا.
2.    جێگیرکردنى سیستمی بەرگری ئاسمانی ناوچەیی پێشکەوتوو بۆ خۆپاراستن.
3.    هەمەچەشنکردنی هاوپەیمانییە ئابوورییەکانیان بەرامبەر بە چین و هیندستان و ئەوروپا.
4.    فراوانکردنی ڕێککەوتننامەکانی ئیبراهیم بۆ ئەوەی وڵاتانی نوێش بگرێتەوە.

دەرەنجام: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێک بەبێ ئەولەویەت
بەڵگەنامەى ستراتیژی ئەمریکا ئاماژە بە ڕاستییەکی بنەڕەتی دەکات ئەویش ئەوەیە کە چیدی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسی یەکەم نییە لە ستراتیژی جیهانی ئەمریکادا و پرسگەلێکى دیکە هەیە کە پێویستە دەست و پەنجەى لەگەڵ نەرم بکات بەو پێیەى ناوچەکە چیتر شایەنی ئەو ئاستە گرنگە نییە کە لە ماوەی ساڵانى ڕابردوودا هەیبووە.

بەپەلە