ترەمپ: هاوکاتی ڕێککەوتنی ئێران، دەبێت سعودیەو قەتەر و تورکیا و پاکستان بچنە ڕێککەوتنی ئیبراهیمیەوە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 204 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران "بە باشی بەڕێوەدەچێت"  دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیە یان دەبێت "بارودۆخێکی باش بۆ هەمووان" بێت، یان ئەگەرنا ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ و شەڕی فراوانتر.

 ترەمپ لەپۆستێکی نوێدا دەڵێت، لە میانەی وتووێژەکانی ڕۆژی شەممەی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی موسڵمانان، لەوانە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن و هەروەها بەرپرسانی پاکستان و بەحرەین، پێشنیاری کردووە کە ئەم وڵاتانە لە یەک کاتدا بەشداری "ڕێککەوتنی ئیبراهیمی" بکەن.

دەشڵێت، ئەمەریکا زۆر ماندوو بووە بۆ پێکهێنانی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەگەڵ ئێران و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە وڵاتانی ناوچەکە بەلایەنی کەمەوە پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری بکەن بە پەیوەستبوون بە ڕێککەوتنی ئیبراهیمیەوە. 

هەروەها ترەمپ  دەڵێت، ئەگەر ئەو وڵاتانە ئامادە نەبن هاوکاری بکەن، ڕەنگە لە ڕێککەوتنی ئەگەری لەگەڵ ئێران دەر بکرێن، چوونکە ڕەتکردنەوەیان نیشان دەدات نیاز پاک نین.

وتیشی، ڕێککەوتنی ئیبراهیمی تا ئێستا "گەشەی دارایی و ئابووری و کۆمەڵایەتی" بۆ ئەندامەکانی هێناوەتە ئاراوە، لەوانە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرەین، مەغریب، سودان و کازاخستان و تەنانەت هیچ کام لە ئەندامەکان بیریان لە جێهێشتن یان ڕاگرتنی ئەندامێتی خۆیان نەکردووەتەوە.

هاوکات ترەمپ باسی لەقەتەر و سعودیە کردو وتی، پەیوەستبوونی  سعودیە و قەتەر بەو ڕێککەوتنە خاڵی دەستپێکی گۆڕانکارییەکی مێژوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو دەڵێت، ئەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوان تاران و واشنتن واژۆ بکرێت، بوونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێککەوتنی ئیبراهیمیشدا دەکرێت ببێتە ڕووداوێکی تایبەت و مێژوویی.