شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، کۆتایی بە سەردانە خێراکەی بۆ پەکین هێنا، کە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئەمریکی بوو بۆ چین دوای نزیکەی 10 ساڵ، هەرچەندە سەردانەکە لە کەشێکی ئاهەنگێڕانی فراواندا بەڕێوەچوو، بەڵام بێ هیچ ڕوونییەک لەسەر ئەنجامە ڕاستەقینەکان.
ترامپ ڕایگەیاند کە ئەو و سەرۆکی چین، شی جین بینگ، زۆر کێشەی جیاوازیان چارەسەر کردووە، بەڵام وردەکارییەکانی باس نەکرد، چاودێرانیش ئەم کۆبوونەوەیەیان بە "لوتکەی چەقبەستوویی" ناوبرد و جەختیان کردەوە کە جەوهەری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات نەگۆڕاوە.
دوای چەند کاتژمێرێک لە جێهێشتنی پەکین، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز وردەکاری زیاتری خستەڕوو، ئەو پرسە سەرەکیانەی خستەڕوو کە لەگەڵ سەرۆکی چین تاوتوێی کردووە.
ئێران و گەرووی هورمز:
قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبەهێزی خۆی سەپاند و ترامپ ڕایگەیاند کە لەگەڵ چین هاوڕان لەسەر ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و کراوەهێشتنەوەی ڕێڕەوە دەریاییەکان. لایەنی چینیش ئاماژەی بە دەستپێشخەریی چوار خاڵیی "شی جین بینگ" کرد بۆ بەدیهێنانی ئاشتی.
تایوان:
ترامپ ڕایگەیاند کە هێشتا لێکۆڵینەوە لە ناردنی پاکێجە چەکە گەورەکەی ئەمریکا بۆ تایپێ دەکات کە بەهای 14 ملیار دۆلارە. چین ئەم دوورگەیە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و "شی" هۆشداری دا کە تایوان گرنگترین مەلەفی نێوانیانە.
بازرگانی:
ترامپ باسی لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی بازرگانیی نایاب کرد، بەتایبەت لە سێکتەرەکانی (گۆشتی مانگا، سۆیا، و فڕۆکەی بۆینگ). باس لەوە کرا کە چین 200 فڕۆکەی بۆینگ دەکڕێت و ڕەنگە بگاتە 750 فڕۆکە. بەڵام هیچ ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان ڕانەگەیەندرا، بەتایبەت کە ئاگربەستی گومرگی لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا کۆتایی دێت.
کانزا دەگمەنەکان:
چین ساڵی ڕابردوو هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکانی سنووردار کردبوو، هەرچەندە لە مانگی تشرینی یەکەمدا ڕازی بوو بە دەستپێکردنەوەی، بەڵام هێشتا پرۆسەی پێدانی مۆڵەتەکان خاوە.
ترامپ بێ ڕێککەوتنی ڕوون لەمبارەیەوە پەکینی جێهێشت. لە مەلەفی مافی مرۆڤیشدا، ترامپ وتی کە "شی" بە جدی بیر لە ئازادکردنی چەند قەشەیەکی دەستبەسەرکراو دەکاتەوە، بەڵام دۆسیەی بازرگانی میدیایی "جیمی لای" لە هۆنگ کۆنگ بە ئاڵۆز وەسف کرد.
