شارپرێس:
ماڵپەڕی "والا نیوز"ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە
هەواڵگرییە سەربازییەوەکانەوە ڕایگەیاندووە، حکومەتی نوێی لوبنان ئەو هەلەی لەدەستداوە
کە دوای شەڕی ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوە و لاوازکردنی هەژموونی حزبوڵڵا بۆی ڕەخسا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا سەدان ملیۆن
دۆلاری لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە تەرخان کردووە بۆ دووبارە بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی
تواناکانی حزبوڵڵا.
ئەم یارمەتییانە
بریتین لە چارەسەرکردنی بریندار و کەمئەندامان، دابینکردنی بودجەی پرۆگرامەکانی مەشق
و ڕاهێنان، پێدانی مووچەی ئەندامانی حزبوڵڵا، و پشتیوانیی خێزانی کوژراوان.
لایەنە ئیسرائیلییەکان دەڵێن حزبوڵڵا توانیویەتی بچێتە
ناو سوپای لوبنان و ئەندامانی خۆی تێدا بچێنێت، ئەمەش کاریگەریی لەسەر سیاسەتە فەرمییەکان
داناوە و گوشاری خستۆتە سەر حکومەتی نوێ، بە جۆرێک کە لە چاوی ڕۆژئاواوە "جێگەی
نائومێدی" بێت.
پێگەکە عیبرییەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە سوپای لوبنان لە
ڕاستیدا ناتوانێت کۆنتڕۆڵی چالاکییەکانی حزبوڵڵا بکات، چونکە ئەندامانی حزبوڵڵا درێژە
بە کارەکانیان دەدەن سەرەڕای بۆردوومانە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، کە بە وتەی
"والا نیوز"، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 350 ئەندامی حزبوڵڵا.
پێگەکە باس لەوە
دەکات کە حزبوڵڵا لە ڕێگەی دوو ڕێچکەی سەرەکییەوە هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی
توانا سەربازییەکانی خۆی دەدات: یەکەمیان، قاچاخچێتی بە چەکەوە، لەوانە جۆرەها
مووشەک، مووشەکی دژە زرێپۆش و پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زیانلێکەوتوو؛ دووەمیش،
دروستکردنی دامەزراوەی ژێرزەمینی، بنیاتنانی بنکەی نوێ، و گواستنەوەی بەشێک لە
چالاکییەکانی بۆ ژێر زەوی.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی