شارپرێس:
ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر ڕوخانی ڕژێمی پێشوی سوریا بەسەرۆكایەتی بەشار ئەسەددا تێدەپەڕێت، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، قۆناغی داهاتوو پێویستی بەدەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانی ڕاستەقینە و هەمەلایەنەیە، كە دور لەجیاکردنەوە و بڕیاری تاکلایەنەبێت.
لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، پێویستمان بەگرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ هەیە، کە ڕێگری لەگەڕانەوەی عەقڵییەتی بەعس بکات و ماف و هاوبەشی بۆ هەموو سورییەکان دەستەبەر بکات.
دەشڵێت، لەكاتێكدا هاوڵاتیانی سوریا چاویان لەبونیادنانی ئایندەیەكی نوێیە، هێشتا زمانی رق و كینە لەلایەن هەندێك لەلایەنەكانی دەسەڵات و نزیكەكانیەوە بەكاردەهێنرێن، كە لەهەوڵی دوبارەكردنەوەی هەمان گوتاری دابەشكاری ڕابردودان.
لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەی هەسەدە ئەوەش هاتوە، وتاری گرژو خۆبەزلزانە چیتر قبوڵكراونیەو ناكرێت ببێتە بنەمایەك بۆ بونیادنانی وڵاتێكی نوێ، بەڵكو بەردەوامییەكی راستەوخۆیە بەعەقڵییەتی ڕژێم كە ڕوخاو ناگەڕێتەوە.
لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا جەختكراوەتەوە لەم قۆناغە هەستیارەدا، وەك هێزێكی بنەڕەتی دەمێنێتەوە بۆ پارێزگاریكردن لەگەلەكەی، روبەڕوی هەر دوژمنكاری و هەڕەشەیەكیش دەبێتەوە بكرێتە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكانی باكورو ڕۆژهەڵاتی سوریا.
