ئه‌مریكا ده‌ستى به‌سه‌ر كه‌شتیه‌كدا گرت نه‌وتى ڤەنزوێلاى باركردبوو

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

داواکاری گشتیی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگرداگرتوە کە بۆ گواستنەوەی نەوتی سزادراوی ئێران‌و ڤەنزوێلا بەکارهاتوە، دۆناڵد ترەمپیش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.


پام بۆندی داواکاری گشتیی ئەمریکا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، ویلایەتەیەکگرتوەکان فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتی خاوی جێبەجێکردوە کە لەکەناراوەکانی ڤەنزوێلا بوە.

بەوتەی بۆندی ئەو کەشتییە "ماوەی چەندین ساڵ بوو بەهۆی بەشداریکردن لەتۆڕێکی نایاسایی گواستنەوەی نەوت‌و پاڵپشتیکردن لەڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان، لەژێر سزاکانی ئەمریکادا بوو".

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستیکردبوەوە هێزەکانی وڵاتەکەی لەنزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری سزادراوداگرتوە.

لەلایەکی دیکەوە لیندسی گراهام سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، "ئەم کەشتییە بۆ گواستنەوەی نەوتی سزادراوی ئێران‌و ڤەنزوێلا بەکاردەهات، بۆیە کاتی ئەوەهاتوە دەسەڵاتی مادۆرۆ کۆتایی پێبێت‌و خەڵکی ڤەنزوێلا لەستەم ڕزگاریان بێت".

ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە پێشنیازیکرد هەمان مۆدێل‌و شێواز بۆ "کەشتیگەلی سێبەر"ی ڕوسیاش جێبەجێبکرێت، کە بەوتەی ئەو "مەکینەی جەنگیی پوتن بەهێز دەکەن".

گراهام حکومەتی ڤەنزوێلای وەک "حکومەتێکی دیکتاتۆریی نارکۆ-تیرۆریست" ناوبرد کە بەزیانی ئەمریکا کاردەکات‌و وتی:"کاتی ڕوخانی حکومەتی تیرۆری مادۆرۆ هاتوە تاوه‌کو زەمینە بۆ دروستبونی هاوپەیمانێتی نوێ لەنێوان ڤەنزوێلاو ئەمریکا بڕەخسێت".