شارپرێس:
بازرگان و کاسبکارانی ناوەندە گەورەکانی بازاڕ لە تاران دوابەدوای دابەزینی خێرای بەهای تومەن، دوکانەکانیان داخست و ڕژانە سەر شەقامەکان. داخستنی هاوشێوە لە بازاڕەکانی دیکەی شارەکانی دیکە ڕوویدا، ئەوە گۆڕا بۆ خۆپیشاندانی فراوان و گۆڕینی داواکاری و دروشمەکان لەئابورییەوە بۆ سیاسی.
بازاڕ، هەمیشە لە ژیانی سیاسی ئێراندا ڕۆڵێکی کارای هەبووە، دەسەڵاتی تاڕادەیەک سەربەخۆی خۆی پاراستووە، کە دەسەڵاتداران بە درێژایی مێژووی ئێران نەیانتوانیوە بە تەواوی کۆنترۆڵی بکەن.
بە گوێرەی فەهمی هویدی لە کتێبی "ئێران لە ناوەوە"، سیستەمی بازاڕ تا ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە ٢٥٠ هەزار خاوەن دوکان پێکهاتبوو و نزیکەی دوو لەسەر سێی بازرگانی تاکەکەسی کۆنترۆڵکردبوو.
بازاڕی تاران ١٠ هەزار دوکان و پێشەنگای لەخۆگرتبوو، بە شێوەیەکی سروشتی قەبارەی ئەم بازاڕانە لە دەیەکانی دواتردا زیاتر فراوانتر بوو. لە هەمووی گرنگتر پەیوەندییەکی نزیک و هەمیشەیی لە نێوان بازرگانان و دامەزراوەی ئایینی ئێراندا هەبووە.
بە وتەی هوەیدی، "ئەم کەرتە فراوانە، چ گەورە و بچووک و پیشەسازییەکان وەک سەرچاوەی سەرەکی دارایی بۆ دامەزراوە ئاینییەکان ماوەتەوە".
ئەو بازاڕە ڕۆڵێکی سەرەکی بینی، لە ڕێگەی هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ دامەزراوەی ئایینی، لە بەهێزکردنی جوڵەی دژی ڕژێمی شا و دواجاریش ڕووخانی ڕژێمی شا، بە گوتەی هوەیدی دوای سەرکەوتنەکە، "بازاڕەکە بەهێز دەرکەوت و چاوەڕێی ئەوە بوو ئەو دامەزراوە ئایینییەی کە دەسەڵاتی وەرگرتبوو، لە پاڵی بوەستێت. بەڵام ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە ساڵی یەکەمدا دەریانکرد، وەک شۆکێک بۆ بازرگانانی بازاڕەکە هات، بەو پێیەی چەندین کۆت و بەندیان بەسەر ئازادی بازرگانی دەرەکی و خاوەندارێتی زەویدا سەپاند".
توێژەر عەبدولعەزیم ئەلبەدران لە لێکۆڵینەوەیەکدا سەبارەت بە داڕشتنی سیاسەتی گشتی لە ئێران لە دوای ساڵی 1989 لە ژێر ناوی "ئێران چۆن بەڕێوەدەچێت؟" وردەکاری خستۆتەڕوو، جگە لەوەش توانای دابەشکردنی زەکات و بەخشینەکانی زۆرترین توانای هەیە، بەمەش پەیوەندی نێوان پیاوانی ئایینی و بازرگانانی بازاڕ بەهێزتر دەبێت.
بەگشتی سیستەمی سیاسی لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ توانی بەڕووی بازرگانان و بازاڕدا بکرێتەوە و بۆ ئەندامێتی لە زۆرێک لە دامەزراوە سیاسییەکان ڕابکێشرێن، سەرەڕای پەرۆشی بازرگانانی بازاڕ بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دامەزراوە ئاینییەکەدا، بەڵام بە گوتەی ئەلبەدران، خەمی سەرەکییان بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان بوو.
ڕەوتی پارێزگاران لە ئێران بە گشتی بازاڕی کۆنترۆڵ کردووە، هەرچەندە زۆرێک لە کەسایەتییەکانی بزووتنەوەی ڕیفۆرمخواز سەر بەو بنەماڵانەن کە بە تێوەگلانیان لە بازرگانیدا ناسراون، وەک عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران و میر حوسێن موسەوی کاندیدی پێشووتری ڕیفۆرمخواز بۆ سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندانی تر.
لە ئێراندا بازاڕ نوێنەرایەتی زیاتر لە ناوەندێکی بازرگانی دەکات. هەروەک مایکل ئەکسوورسی لە کتێبی "مێژوویەکی ئێران"دا باس لەوە دەکات، "تۆڕێکی نافەرمییە کە دەگاتە هەموو چینێکی کۆمەڵایەتی" و نوێنەرایەتی "دەسەڵاتێکی بەدیل بۆ دەوڵەت" دەکات. لە کاتێکدا کە بازاڕەکە لە سەردەمی ڕەفسەنجانیدا قۆناغێکی خۆشگوزەرانی بەخۆیەوە بینی لە چوارچێوەی ئەو شوێنەی کە بە "کۆماری بۆرژوازی بازرگانی" ناسرابوو، ئەو خۆپیشاندانانەی ئێستا لە تاران بەڕێوەدەچن، ڕەنگدانەوەی درزێکی قووڵ لەم هاوپەیمانییە مێژووییەدایە. لە کاتێکدا بازرگانەکان سەردەمانێک "بەردی بناغەی پشتیوانی لە پیاوانی ئایینی" بوون، ئێستا خۆیان لە ژێر فشارە ئابوورییەکاندا دەبیننەوە کە قۆناغی پێش شۆڕشی ١٩٧٩ دەهێنێتەوە یاد، کاتێک ڕژێمی شا هەوڵیدا شکستە ئابوورییەکانی خۆی داپۆشێت بە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە ناوی لێنابوو "قازانجخواز و قۆرخکار لە بازاڕدا" سیاسەتێک کە شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەمڕۆ لەگەڵ گۆشەگیرییەکەدا دووبارە دەکرێتەوە بەهۆی داڕمانی دراوەوە.
بەشداریی بازرگانانی بازاڕ لە ناڕەزایەتییەکاندا قورسایی ڕەمزی بەرچاوی هەڵگرتووە. بازاڕی تاران لە مێژە وەک ئابووری و سیاسی کاری کردووە. مانگرتنەکانی ڕابردووی بازاڕەکان بە بەردەوامی نیشانەی لاوازی دەسەڵات بوون.
ئ.ح
