شارپرێس:
بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوە مەدەنی و ڕۆشنبیرییەکانی هەرێمی کوردستان بەدروشمی هاوارێک بۆ ویژدانی جیهان و پاراستنی شکۆی نەتەوەیی کورد لەحەلەب ئاڕاستەی خەڵكی كوردستان و ڕای گشتی جیهان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان كراو جەخت دەكەنەوە، ئەوەی ڕودەدات، تەنها هێرشێکی سەربازی نییە، بەڵکو هەوڵێکی پلان بۆ داڕێژراوە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیەک و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤی کورد.
لەدرێژەی بەیاننامەكەیاندا دەڵێن،" لەکاتێکدا جیهان باس لەئاشتی و مافەکانی مرۆڤ دەکات، خوشک و براکانمان لەگەڕەکەکانی (شێخ مەقسود و ئەشرەفییە)ی شاری حەڵەب، ڕوبەڕوی شەپۆلێکی دڕندانەی ڕەشەکوژی و هێرشی بێبەزەییانە بونەتەوە".
دەشڵێن،" ئەوەی ئەمڕۆ لەوێ ڕودەدات، تەنها هێرشێکی سەربازی نییە، بەڵکو هەوڵێکی پلان بۆ داڕێژراوە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیەک و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤی کورد کە مێژویەکی درێژی لەتێکۆشان و پێکەوەژیان هەیە".
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، كە ئەوان وەک کۆمەڵێک لەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەهەرێمی کوردستان، کە ئەرکی خۆمان لەپاراستنی بەها مرۆیی و ڕۆشنبیرییەکان دەبینینەوە، ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕادەگەیەنین:..
١. پەیام بۆ داگیرکەران و گروپە توندڕەوەکان: ئاگادارتان دەکەینەوە کە گەلی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان یەک جەستەیە. هەر هێرشێک بۆ سەر شکۆی کورد لە حەڵەب، بریندارکردنی هەستی هەموو کوردێکە لە جیهاندا. مێژوو دەلمێنێت کە عەقڵییەتی داعشیزم و سڕینەوەی ئەوی تر، سەرەنجامەکەی تەنها شکست و ڕووڕەشی دەبێت.
٢. بانگەواز بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە جیهانییەکان: بێدەنگیی ئێوە لە ئاست ئەم تاوانە دژە مرۆییانە، نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر هەموو ئەو دروشمانەی بۆ داکۆکی لە مافی مرۆڤ بەرزی دەکەنەوە. داوا دەکەین دەستبەجێ ناوچەی "دژە فڕین" و "پاراستنی نێودەوڵەتی" بۆ ئەو ناوچانە دابین بکرێت تا ڕێگری لە جینۆسایدێکی تر بکرێت.
٣. پاراستنی کولتوور و ژیان: ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوا، پاراستنی کولتوور و ڕەسەنایەتی ناوچەکەیە. نالی و ڕێکخراوە هاوبەشەکانمان هەموو توانایەکی دیپلۆماسی و مەدەنی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم کەیسە بگەیەننە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان.
٤. بانگەواز بۆ گەلی کورد: داوا لە هەموو تاکێکی کورد و چالاکوانان دەکەین، بە زمانێکی ئاشتییانە و شارستانییانە لە شەقام و سۆشیاڵ میدیا ببنە دەنگی مەزڵومییەتی شێخ مەقسود. با جیهان بزانێت کە کورد خاوەنی هەیە و شکۆی نەتەوەیی ئێمە هێڵی سوورە.
ڕێکخراوی ڕۆشنبیری نالی (KCO)
ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مەدەنیەت
ڕێکخراوی ژیان بۆ دیموکراسی
ڕێکخراوی لانەی مناڵان
ڕێکخراوی ئایندە
ڕێکخراوی مامۆستایان
ڕێکخراوی پەنا
ڕێکخراوی ماڵی گەنجان
رێکخراوی داریکەلی بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگە
رێکخراوی رۆشنبیری و داکۆکی کردن لە کرێکارانی بیانی
رێکخراوی میدیا بۆ راهێنانی رۆژنامەنووسان
رێکخراوی گەشەپێدانی کاری ئەندازیاریی
رێکخراوی کوردانی فەیلی
