شارپرێس:
دوای هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنەسەر ئێران، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان بەڕێژەی 4% بەرزبوەوەو نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو 71 دۆلاری تێپەڕاند.
بەگوێرەی ماڵپەڕی (oil price) کە تایبەتە بە نرخی نەوت و سوتەمەنی، لەئێستا یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لەبازاڕەکانی جیهان بە 71 دۆلار و 89 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەوەش بەراورد بە پێشتر نرخەکەی بە رێژەی 4.81% بەرزبوەتەوە.
هاوکات، هەر بەپێی ئەو ئامارانە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە 66 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەهاکەشی بە رێژەی 4.90% زیادیکردوە.
چاودێران باس لەوەدکەن کە هۆکاری سەرەکی بەرزبونی نرخی نەوت هەڕەشەکانی ئەمریکایە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران، ئەوەش ترسی کەمبونەوەی وزەی لە بازاڕەکانی جیهان دروستکردوە، هۆکارێکی دیکەی بەرزبونەوەی نرخەکەی، کەمبونەوەی نەوتە لە عەمبارەکانی ئەمریکا.