شارپرێس ـ تایبهت:
پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەواشنتۆنەوەو بۆردومانێکی چڕ لەسنورەکان، کورد خرایە ناو بەرداشی جەنگێکی گەورە کە خۆی بڕیاردەری نییە، لەکاتێکدا هەندێک سەرکردە بۆ وێنەیەک لەناو خاکی ئێران پەلەپەلیانە، حکومەتی هەرێم لەبەردەم بژاردەیەکدا گیریخواردوە کە هەردوکیان مەرگن، یان ڕێگەدان بەهێزەکانی ڕۆژهەڵاتو ڕوبەڕوبونەوەی موشەکەکانی ئێران، یان ڕێگرییو بەرەوڕوبونەوەی توڕەیی بێبەزەییانەی دۆناڵد ترەمپ!.
کوردستان.. گۆڕەپانی نوێی گازگرتنی ئەمریکا لەئێران
چاودێرانی سیاسی جەختدەکەنەوە، ئەمریکا دەیەوێت بەو بۆردومانانە فەرشی سور بۆ هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات ڕابخات تا بگەڕێنەوە ناو خاکی خۆیان، ستراتیژییەتەکەش ڕونە كه بریتیه له "ههڵگیرسانى پریشکی شۆڕش لەچیاکانی کوردستانەوە"، بەڵام ئەم سیناریۆیە ماڵی کوردی کردوە بەدوو کەرتی دژبەیەکەوە.
دوبەرەکی لەناو هێزەکانی ڕۆژهەڵات.. شۆڕش یان موزایەدە؟
لەناوخۆی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتدا، کێشمەکێشێکی توند هەیە، بەشێکیان پێیانوایە ئەمە هەلە مێژوییەکەیەو دەبێت بێ دودڵی بچنەوە ناو شەڕەکە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ شارپرێس، پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لادەداتو دەڵێت، "هەندێک لەسەرکردەکان کەوتونەتە کێبڕکێی ئەوەی کێ یەکەم مەفرەزە دەنێرێتەوە، ئەمە زیاتر لەموزایەدەی سیاسییو خۆپاڵەوانکردن دەچێت نەک پلانێکی سەربازیی تۆکمە، چونکە هیچ ئەجێندایەکی ڕون لەئارادانییە".
وهكو سهرچاوهكه بهشارپرێسى وت، "لەبەرامبەردا، سەرکردە عەقڵانییەکانی دیكه دەپرسن: کوا گەرەنتی؟ ئەوان ترسیان هەیە کورد جارێکی دیكه بکرێتە سوتەمەنی جەنگێک کە ئەمریکاو ئیسرائیل هیچ بەڵێنێکی فەرمییان بۆ پاراستنیان نەداوە، هەروەها پێیانوایە شەقامی ڕۆژهەڵات لەمكاتهدا ئامادەی ڕاپەڕینێکی چەکداریی نییەو نابێت کورد بەتەنها سەری ڕم بێت".
هەرێمی کوردستان.. لەنێوان دوو ئاگرو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ
هەرێمی کوردستان ئێستا لەهەستیارترین چرکەساتی مێژوییدایە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەمدواییەی ترەمپ لەگەڵ بارزانیو تاڵەبانی، سەرکردایەتی باشوری خستوەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مەرگو ژیان.
وهكو سهرچاوهكه وتى، "ئەگەر ڕێگە بەهێزەکانی ڕۆژهەڵات بدەن، هەرێم دەبێتە ئامانجی ڕاستەوخۆی موشەکە بالیستییەکانی ئێرانو هیچ گەرەنتییەکیش نییە کە ئەمریکاو ئیسرائیل بەرگریی لەهەولێرو سلێمانیی بکەن، ئەگەریش ڕێگریی بکەن، توڕەیی توندی ترەمپ بەسەر هەرێمدا دەبارێتو ڕەنگە کورد ئەو پشتگیرییە کەمەی هەشیەتی، لەدەستی بدات".
کات خەریکە تەواو دەبێتو دەنگی بۆردومانەکان نزیکتر دەبنەوە، ئێستا هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مەرگو ژیاندایە؛ یان دەبێت بەشداریی قومارێکی گەورە بکات کە گەرەنتی سەرکەوتنی نییە، یان ڕوبەڕوی توڕەیی تاقەتپڕوکێنی ترەمپ ببێتەوە، چاودێرانیش پێیانوایه، لەم کێشمەکێشەدا، تەنها یەک ڕاستی هەیە، لەم جەنگە نوێیەدا، خوێنی کورد هەرزانترین کاڵایەو ئایندەی نەتەوەیەکیش لەنێوان تەلەفۆنێکی ترەمپو موشەکێکی تاراندا، بەهەڵواسراوی ماوەتەوە!.
