کەشناسی: خۆڵبارین بەڕێوەیە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 775 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینی دەکات رۆژی هەینی کە دەکاتە سێیەم رۆژی جەژنی قوربان، لەزۆربەی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆڵبارین دەستپێبکات و بۆ رۆژی یەکشەممە کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە.


دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" سبەی پێنجشەممە، ئاسمانی زۆربەی ناوچەکانی عێراق پەڵەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە رۆژی پێشووتر کەمێک بەرز دەبنەوە ".

سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژی هەینی، کەشناسی عێراق دەڵێت،" لەناوچەکانی باکور و ناوەڕاست ئاسمان لەنێوان هەور و پەڵەهەور دەبێت و لەناوچە سنورییەکانی باکور ئەگەری بارانی مامناوەند هەیە، لەناوچەکانی باشوریش ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و خێرایی با دەگاتە 40 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا، بەهۆیەوە لەزۆربەی ناوچەکانی وڵات خۆڵبارین لەنێوان سوک و مامناوەند دەبێت ".

سەبارەت بە رۆژی شەممە کە دەکاتە کۆتا رۆژی جەژنی قوربان، بەپێی پێشبینییەکان ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و خێرایی با بۆ  30 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا دادەبەزێت، بەڵام کاریگەرییەکانی خۆڵبارین هەر دەمێنێت، بەتایبەت لەناوچەکانی باشوری رۆژهەڵاتی عێراق، پلەکانی گەرماش بەراورد بە باکور و ناوەڕاست کەمێک بەرزتر دەبن.