بۆ موچه‌ى ئه‌م مانگه‌ حكومه‌تى هه‌رێم قه‌رزده‌كات‌و شاره‌زایه‌كى ئابوریش ڕه‌خنه‌ى توند ده‌گرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9473 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌غدا زیاتر لە80 ملیار دینار کەمتری لەکۆی تەمویلی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردوە، ده‌شڵێت، "بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دروستنه‌بێت، ناچاربوین قه‌رزبكه‌ین"، ئاشكراشیده‌كات، ئه‌مڕۆ لیستى موچه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌ر له‌مڕۆشه‌وه‌ دابه‌شكردنى موچه‌ ده‌ستپێده‌كات، شاره‌زایه‌كى ئابوریش ده‌ڵێت، "ناکرێت حکومەت‌و وەزارەتێکی دارایی گەورە 79 ملیار دیناری تێدانەبێت، ناکرێت بەخۆت بڵێی حکومڕان‌و ئەو بڕە کەمە لەگیرفانتدا نەبێت‌و نەتوانیت موچەی پێ پڕبکەیتەوەو باسى قه‌رزبكه‌یت".


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا وه‌زاره‌تى دارایی نوسیویه‌تى، "دوای ناردنی لیستی موچەی مانگی ئایارو ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی مانگی نیسان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق لەکۆتایی هەفتەی ڕابردوو، لەپێناو ئەوەی هەرچی زوە موچەی مانگی ئایار بنێردرێت‌و بەر لەجەژن دابەشبکرێت، سەرلەبەیانی دوێنێ دوشەممە وەک وەزارەتی دارایی بڕی (50) ملیار دینارمان وەک نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار خستەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "ئەوەش لەهیچ سیستەمێکی ژمێریاری دونیادا نەبوە هێشتا مانگەکە شەش ڕۆژی ماوە بۆ کۆتایی، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای نیوەی داهاتی ئەو مانگە بکات، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ نەهێشتنی هیچ بیانویەک، ئامادەبوو ئەو بڕە داهاتە پێش وادەی خۆی ڕەوانە بکات".

باس له‌وه‌شكراوه‌، "سەرەڕای هەموو ئەو ڕێوشوێن‌و ڕێکارانە، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەکۆی بڕی 970 ملیارو 741 ملیۆن‌و 514 هه‌زارو 914 دینار، لەکاتی کۆتایهاتنی دەوامی فەڕمی بانکی ناوەندی عێراق‌و لەکاتژمێر سێی دوانیوەڕۆ بڕی تەنها 890 ملیارو 502 ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە گەیشتوه‌تەسەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، بەوەش دەردەکەوێت کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە80 ملیار دینار کەمتری لەکۆی تەمویلی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردوە".

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، "سەرەڕای نەبونی دەوامی فەرمی‌و پشوو لەعێراق‌و هەرێم، لەپێناو هەرچی زوو دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێم، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانک‌و گەنجینەو بەڕێوبەرایەتیەکانی ڕاسپاردوە کە دوای وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق‌و گواستنەوە بۆ بانکە ئەهلیەکانی ناو پڕۆژەی هەژماری من‌و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان، هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت".

سه‌باره‌ت به‌واده‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى لیست‌و دابه‌شكردنى موچه‌، دارایی وتویه‌تى، "دوای ڕاگەیاندنی لیستی موچە کە هەر ئەمڕۆ بڵاودەکرێتەوەو دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت، لەڕۆژانی جەژنیشدا دابەشکردنی موچە لەدوای کاتژمێر 10ى بەیانیەوە بەشێوەی کاش‌و لەڕێگه‌ی هەژماری من بەردەوامدەبێت".

ڕونكردنه‌وه‌ى زیاتریش ڕاگه‌یه‌نراوه‌و تێیدا ده‌ڵێت، "بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی پارە لەهەولێرەوە بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان‌و شارو قەزاکان پێویستی به‌کاتە، بۆیە داوا لەسەرجەم ئەو موچەخۆرانە دەکەین کە لەخشتەی موچەدا موچەکانیان دەکەوێتە ئەمڕۆ کە بەشێوەی کاش موچە وەردەگرن لەکاتژمێر پێنجی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانکەکان بکەن‌و ئەو موچەخۆرانەشی لەڕێگه‌ی هەژماری منەوە موچە وەردەگرن لەکاتژمێر سێ بەدواوە دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)ەکان بکەن‌و موچەکانیان ڕابکێشن، هەر فەرمانبەرو موچەخۆرێکیش نەتوانێت لەماوەی ئەو سێ ڕۆژە موچەکەی وەربگرێت دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام موچەکەی وەربگرێت".

له‌كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا وه‌زاره‌تى دارایی ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "لەپێناو ئەوەی بەرە جەژنانەو تا سەرجەم موچەخۆران بتوانن شایستەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن‌و هیچ موچەخۆرێک بێبەشنەبێت لەوەرگرتن‌و دواکەوتنی موچەکەی، وەک وەزارەتی دارایی بڕیارماندا ئەو کورتهێنانەی بۆ  موچە دروستبوە لەڕێگه‌ی وەرگرتنی قەرزەوە پڕى بکەینەوە".

سه‌باره‌ت به‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌ى دارایی هه‌رێم، هاوكار عزه‌ت میكه‌ شاره‌زاى ئابوریى‌و كاروبارى بانكیى باس بۆ شارپرێس له‌وه‌ده‌كات، "حکومەتی عێراق 790 ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێم کردوە بۆ موچەی مانگی ئایار، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە بەغدا داوای 120 ملیاری داهاتی ناوخۆی کردوەو پارتی‌و یەکێتیش تەنها 50 ملیار دیناریان ڕەوانەکردوە، بەغداش مەقاصەی 70 ملیار دیناری لەپارەکەی خۆی کردوەو نۆ ملیار دیناری خانەنشینانیش کورتهێنان هەیە، بەم پێیە بێت، بۆ خەرجکردنی موچە تەنها 79 ملیار دینار کورتهێنان هه‌بوه‌ ئه‌و بڕه‌ش کەمتره‌ لە52 ملیۆن دۆلار، ئەم بڕە بڕێکی هێندە زۆر نییە کە موچەی میللەتێکی لەڕۆژی عەرەفەدا بۆ ڕابگیرێت‌و عه‌یبه‌شه‌ حكومه‌تێك بڵێت ئه‌و پاره‌یه‌م نییه‌".

سه‌باره‌ت به‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی، هاوكار عزه‌ت بۆچونى وایه‌، "ناکرێت حکومەت‌و وەزارەتێکی دارایی گەورە 79ملیار دیناری تێدانەبێت، ناکرێت بەخۆت بڵێی حکومڕان‌و ئەو بڕە کەمە لەگیرفانتدا نەبێت‌و نەتوانیت موچەی پێ پڕبکەیتەوەو باسى قه‌رزبكه‌یت، گریمان حکومەت نییەتی‌و دەست‌و گیرفانی بەتاڵە، پڕکردنەوەی ئەم بڕە زۆر زۆر ئاسانە، بەرپرسان‌و کۆمپانیاکانی حزب‌و کۆمپانیای کوڕو ئامۆزاو خاڵۆزای بەرپرسەکانی هەردوو زۆنەکە زۆر بەئاسانیی دەتوانن لەماوەی یەک کاتژمێردا ئەم بڕە پڕبکەنەوەو بیگەیەننە گەنجینەکەی بەناو وەزارەتی دارایی‌و موچەکەش زیاتر دوانه‌كه‌وتایه‌و زوتر دابەشبكرایه‌".

ئه‌وه‌شى وت، "بەڵام ئیرادەی دابەشکردنەکە نییەو ماوەی 10 ڕۆژە مێشکی خەڵکیان خستوە بەهات‌و نەهاتی موچەوە، لێدوانی نابەرپرسانەو پۆپۆلیستی‌و یاریکردن بەهەستی خەڵکی ئەم هەرێمە، هەر ڕۆژەو بوەتە ئیشی حزب‌و وەزیرو پەرلەمانتارێک‌و کەس دەستی لێ ناپارێزێت".