شارپرێس:
موقتەدا سەدر جیابونەوەی
تەواوەتی هێزەکانی سەرایا سەلامی لە رەوتی نیشتیمانی شیعەکان راگەیاند و وەک یەکەم گروپی چەکداری شیعی، بڕیاریدا
ئەو هێزانە بخرێنە سەر دەوڵەت و بچنە ژێر دەسەڵاتی هێزە فەرمییەکانی وڵاتەکە.
موقتەدا سەدر، رابەری
رەوتی نیشتیمانی شیعەکان لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لەسەر بنەمای
بەرژەوەندییە گشتییەکان وڵات و دورخستنەوەی عێراق لەمەترسییەکان، بڕیارماندا
هێزەکانی سەرایا سەلام بەتەواوەتی لە رەوتی نیشتیمانی شیعی جیاببێتەوەو و بچنە ژێر
دەسەڵاتی حکومەت و بەرپرسی گشتی لە پێکهاتە سەربازییەکانی وڵات ".
ئەوەشیخستەڕوو، ئەو
لایەنە مەدەنییانەی سەر بە سەرایا سەلامن بەبێ هیچ بارەگا و چەک و ناونیشانێک
دەمێننەوە.
موقتەدا سەدر لەپەیامەکەیدا
دەشڵێت،" هیواخوازم سەرجەم پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی جیاببنەوە لە فەرمانە
حزبی و تائیفییەکان و چەکەکانیان رادەستی وڵات بکەن".
ئەم هەڵوێستەی سەدر
لەکاتێکدایە، لەماوەی چەند ساڵی رابردودا ئەمریکا بەردەوام داوای چەکدانانی هێزە
چەکدارییەکانی سەر بە حەشدی شەعبی کردوەو و چەند جار لەسەر ئەو پرسە هەڕەشەشی لە
حکومەتی عێراق کردوە.