پلانی تیرۆركردنی دوو بەرپرسی باڵای ئێران ئاشكرادەكرێت

جیهان

03/07/2026‌ 928 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسانی ئەمریکا ئاشكرایانكردوە، ئیسرائیل پلانی داڕشتوە بۆ تیرۆرکردنی دانوستاندنکارە باڵاکانی ئێران لەناویشیاندا تیرۆركردنی  وەزیری دەرەوەو سەرۆكی پەرلەمان.


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا لەزاری چەند بەرپرسێکی ئێستاو پێشوی وڵاتەکەیەوە ئاشکرایکردوە، واشنتۆن نیگەران بوە لەوەی ئیسرائیل هەریەک لەعەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەو محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بکاتە ئامانج، بەتایبەتی کاتێک لەمانگی نیساندا دانوستاندنەکان چڕتر ببونەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڕادەیەک نیگەران بوە، کە داوای لەوڵاتانی ناوچەکە کردوە تاران ئاگادار بکەنەوە لەئەگەری هەوڵێکی لەو شێوەیەی ئیسرائیل. 

بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوابوە هەر هەوڵێکی تیرۆرکردن لەدوای دەستپێکردنی دانوستاندنەکان، دەبوە هۆی کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانی ئاشتی و هەڵگیرسانەوەی جەنگ بەشێوەیەکی فراوانتر.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردوە، واشنتۆن زانیویەتی لانیکەم ناوی محەممەدباقر قالیباف لەناو لیستی ئامانجەکانی ئیسرائیلدا بوە، هەر بۆیە گوشاریان خستوەتە سەر تەلئەڤیڤ تاوەکو ئەو کارە نەکات.

هەروەها باس لەڕوداوێکی مانگی نیسان کراوە، کاتێک قالیباف لەئیسلامئابادی پایتەختی پاکستانەوە دەگەڕایەوە، فڕۆکەکەی ناچار بوە ئاراستەکەی بەرەو شاری مەشهەد بگۆڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران تێبینی دوو فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیلیان کردوە کە چونەتە ناو خاکی وڵاتەکەیانەوە.