وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیسرائیل هێرشێكى توند ده‌كاته‌سه‌ر توركیا

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3094 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیسرائیل تۆمەتی هاندان بۆ کومەڵکوژکردنی جولەکە دەداتە پاڵ تورکیا، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا-ش ده‌ڵێت، "ئیسرائیلى یەکێکه‌ لەکێشە گشتییەکانى مرۆڤایەتيی".


گدعۆن ساعر وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل، هاکان فیدانی هاوتا تورکییەکەی تۆمەتبارکردوە بەداماڵینى مرۆڤایەتى لەگەلى جوو و هاندان بۆ کۆمەڵکوژى دژیان، ئەمەش لەسەر بنەماى ئەو لێدوانانەى کە فیدان لەکاتى چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییدا دەربارەى ئیسرائیل دابوی.

ساعر گرتە ڤیدیۆیەکی لەهەژمارى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس بڵاوکردوه‌تەوە کە وەرگێڕانى ئینگلیزى بۆ چاوپێکەوتنەکەى فیدان لەگەڵ کەناڵى سی ئێن ئێن تورک تێدابوو.

لەچاوپێکەوتنەکەدا وەزیرى دەرەوەى تورکیا ڕایگەیاندبوو، سیاسه‌ت‌و ڕێبازی ئیسرائیل بونەتە بارگرانییەک کە چیتر مرۆڤایەتیى ناتوانێت بەرگەی بگرێت.

به‌گوێره‌ى وەرگێڕانەکە، فیدان ئیسرائیلى وەک یەکێک لەکێشە گشتییەکانى مرۆڤایەتىی وەسفکردبوو و داواى فشارى نێودەوڵەتىی کردبوو لەسەرى.

ساعر ئەم لێدوانانەى بەقێزەون ناوبردو بەهاندانێکی ڕون بۆ کۆمەڵکوژى لەقەڵەمدا، ئاماژەى بەوەشکرد، نیشاندانى گەلى جوو وەک بارگرانییەکى تاقەتپڕوکێن، گوزارشت لەگوتارى باوى دیکتاتۆرەکانى مێژوو دەکات، هەروەها داواى لەهاوپەیمانانى ناتۆ کرد کە سەرکۆنەى ئەم داوایە بکەن.

ئەم گرژییە دواى ئەوەهات، ئیسرائیل بەفەرمیى دانى بەکۆمەڵکوژى ئەرمەنەکاندا لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە نا.

به‌گوێره‌ى توێژینەوە مێژوییەکان، لەنێوان ساڵانى 1915و 1916 لەسەردەمى ئیمپراتۆریەتى عوسمانیدا، نزیکەى 1.5 ملیۆن ئەرمەنى لەناوچون، بەڵام تورکیا دەستەواژەى کۆمەڵکوژى ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت، ژمارەکە لەنێوان 300 بۆ 500 هەزار کەسدا بوە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانى جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە.