شارپرێس:
بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیەکانی پەیوەست بەسزاکان، داراییە بلۆککراوەکان و بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، بڕیارە لە 11 ی ئەم مانگەدا گەڕێكی دیكەی دانوستانەكان لەنێوان ئەمریكاو ئێران بەنێوەندگیری پاكستان بەڕێوەبچێت.
سەرچاوەیەک بەکەناڵی العربیەی ڕاگەیاند، پاکستان لە 11ـی ئەم مانگەدا، میوانداری گەڕێكی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران دەکات، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان دەستپێکردنەوەی رێڕەوی گفتوگۆکانی نێوان هەردولایە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەخولی ئەمجارەدا سێ دۆسیەی سەرەکی تاوتوێ دەکرێن، کە بریتین لە، سزاکانی ئەمریکا بەسەر تاراندا، پارە بلۆککراوەکان و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، ئاستی نوێنەرایەتیی شاندی ئێرانی لەم دانوستانەدا هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوەو دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوی ئێران، یەکلایی دەکرێتەوە.
هاوكات، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان لەلێدوانێکی میدیاییدا ڕایگەیاند، سەرەڕای رێگری و زەحمەتییەکان، پرۆسەی نێوەندگیریی ئیسلام ئاباد لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا بەباشی بەڕێوەدەچێت؛ هیواشی خواست لەماوەی دوو مانگی داهاتودا ئاشتییەکی بەردەوام و کۆنکرێتی لەنێوان هەردولادا واژۆ بکرێت.