شارپرێس:
بنیامین ناتانیاهۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجام دەدات و هەردولا رێکدەکەون لەسەر کۆبونەوەیەک لەماوەیەکی نزیکدا لەئەمریکا، لەكاتێكدا داوادەكرێت سزابدرێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی سکای نیوز، گروپێکی فرەحزبی کە لە 71 ئەندام پەرلەمان و لۆردی بەریتانی پێکهاتون، فشار دەخەنە سەر حکومەتی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی سزا بەسەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یاریڤ لیڤین، وەزیری داددا بسەپێنێت.
ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئیسرائیل بەتۆمەتی سەرپەرشتیکردنی ئەشکەنجەدانی سیستماتیکی دەستبەسەرکراوە فەلەستینییەکان تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن سزاکانی ئێستا کاریگەر نەبون و دەبێت لێپرسینەوەی زیاتر بکرێت.
هەر لەهەواڵەکەدا هاتوە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ناتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە، لەو پەیوەندییەدا ناتانیاهۆ ڕایگەیاندوە کە ئەمریکا زامنکەری ئازادی جیهانییەو پیرۆزبایی 250هەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ئەو وڵاتەی لەترەمپ کردوە، هەردولا رێککەوتون کە لەداهاتویەکی نزیکدا لەناو خاکی ئەمریکا کۆبونەوەیەک ئەنجام بدەن.
بەگوێرەی نووسینگەی ناتانیاهۆ، هەردوو سەركردە ڕێككەوتوون كە "بەم نزیكانە" لە ئەمریكا كۆببنەوە، بەبێ ئەوەی وادەیەك دیاریبكەن و كارنامەكەیان ئاشكرابكەن.
لەم دواییانەدا ناكۆكی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەسەر "یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن" كە لە نێوان واشنتۆن و تاران بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕ واژوكرا، پەرەی سەند.