شارپرێس:
بهبڕواى چاودێرانى سیاسیى
شرۆڤهكارانى سهربازیى، تەنها هەنگاوێكى هەڵە بەسە بۆ ئەوەی جیهان بەرەو وێرانکارییەکی
ئەتۆمیی ههنگاوبنێت، فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا-ش پێیانوایە، مۆسکۆ چەکی كۆمهڵكوژ
بەکارناهێنێت مەگەر لەیەک دۆخی بێهیواکەردا نهبێت، لەبەرامبەریشدا ڕوسیا بەئاشکرا
ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی جیهانی تائێستا لەشەڕێکی گشتگیر پاراستوە، تەنها ژێرزەمینە ئەتۆمییەکانی
کرێملینە.
ژنهراڵ بن هودجز فەرماندەی
پێشوی هێزە وشکانییەکانی ئەمریکا لەئەوروپا بۆ ڕۆژنامەی کیێڤ پۆست قسهیكردوهو
وتویهتى، "مۆسکۆ چەکی ئەتۆمی لەململانێی ئێستای ئۆکرانیادا بەکارناهێنێت، پێموایە
هیچ دەرفەتێک نییە بۆ بەکارهێنانی دژی ئۆکرانیا یان لەهەر شوێنێکی دیکە، مەگەر لەحاڵەتێکدا
کە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر خودی ڕوسیا هەبێت".
ئاماژەی بەوەشکردوه،
پێویستە کیێڤ ئەم ئەگەرە بەهەند وەربگرێت، بەهۆی ئەوەی ڕوسیا خاوەنی توانای ئەتۆمییە،
بەڵام پێیوابوه، سیناریۆیەکی لەو شێوەیە لەڕوی کردارییەوە دورە.
لەکۆتایی مانگی حوزەیرانی
ڕابردودا دمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوسیا لەدوازدەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی
"خوێندنەوەکانی پریماتۆڤ" ئاماژەی بەوەکردبوو، لەئێستادا تەنها چەکی ئەتۆمی،
جیهان لەشەڕێکی گشتگیر دەپارێزێت.
هاوكات ڤلادیمێر پوتن
سەرۆکی ڕوسیا، چەندینجار ڕایگەیاندوە، ڕوسیا تەنها لەوکاتەدا پەنا بۆ چەکی ئەتۆمیی
دەبات کە "قەوارەو بونی دەوڵەتی ڕوسیا" بکەوێتە ژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆوە،
ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ئەو شیکارییەی کە ژنراڵ بن هودجز ئاماژەی پێکردوە.
بەرپرسانی کرێملین وەک
دمیتری پێسکۆڤو ماریا زاخارۆڤا، هەمیشە دەڵێن، لێدوانەکانی ڕۆژئاوا بۆ کەمکردنەوەی
مەترسی چەکی ئەتۆمی ڕوسیا، هەڵەیەکی کوشندەیە، ئەوان واشنتۆن تۆمەتباردەکەن بەوەی
کە دۆخەکە بەرەو پێکدادانی ڕاستەوخۆ دەبات.
مۆسکۆ تەنها بەلێدوان
وازناهێنێت؛ لەماوەی ڕابردودا ڕوسیا چەندین مانۆڕی سەربازیی بۆ بەکارهێنانی چەکە ئەتۆمییە
تاکتیکیو ستراتیژییەکانی ئەنجامداوە (وەک مانۆڕەکانی مۆسکۆو بێلاڕوس)، ئەمەش وەک
وەڵامێکی کرداریی بوو بۆ ناردنی چەکی پێشکەوتوی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا، ڕوسیا پێیوایە
کە "هاوسەنگیی ئەتۆمی" تەنها هۆکارە کە ڕێگریی لەتەقینەوەی شەڕێکی جیهانیی
گشتگیر دەکاتو نەیارەکانی ناچاردەکات هێڵە سورەکان نەبەزێنن.
