لوتکەی "بێ ڕێککەوتن"؛ چی لە پشت دەرگا داخراوەکاندا ڕوویدا؟

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 330 جار خوێندراوه‌ته‌وه



کۆبوونەوەی دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە واشنتۆن، بەوە کۆتایی هات کە هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشە سەرەکییەکانی نێوان دوو وڵات نەخستەڕوو، بەڵکو بە پێی هەندێک لێکدانەوەی ڕۆژنامەوانیی ڕۆژئاوا، تەنها هەنگاوێکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی پێشبڕکێ و ڕێگریکردن لە خراپترکردنی پەیوەندییەکان بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەرنامەی پێشوازییەکە و میواندارییەکان و دیاریکردنی دیارییەکان و نیشانەکانی نزیکبوونەوە، سەرنجی زۆریان ڕاکێشا، بەڵام لە پشت ئەو دیمەنە دیپلۆماسییەدا، زۆربەی گرێیەکان بە بێ چارەسەر مایەوە.
لە بواری بازرگانییەوە، ڕێککەوتنێکی کاتیی بۆ درێژکردنەوەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بۆ ماوەی دوو مانگ ڕاگەیەنرا، بۆ ئەوەی واشنتۆن و بەیجینگ بتوانن گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی فراوانتر بەردەوام بکەن. بەمەش کێشەی جەنگی تاریفەکان و کۆتوبەندکردنی بازرگانیی بە تەواوی چارەسەر نەکرا.
لە هەمان کاتدا، واشنتۆن هێشتا کۆنترۆڵەکانی هەناردەکردنی نیمچەگەیەنەرەکان و تەکنەلۆجیای هەستیار، لەگەڵ هەندێک کۆنترۆڵی پەیوەندیدار بە ئەمنیەتی سایبەری و زیرەکی دەستکرد، پاراستۆتەوە. شی لە بەرامبەردا جەختی لەوە کردۆتەوە کە چین و ئەمریکا، لەگەڵ پێشبڕکێیان لە بواری زیرەکیی دەستکرد، هۆکاری زۆرتریان هەیە بۆ هاوکاری لەم بوارەدا.
تایوانیش یەکێک بوو لە بابەتە هەستیارەکانی کۆبوونەوەکە. شی هێڵی سووری چین لەبارەی سەربەخۆیی تایوان دیاریکرد، لە کاتێکدا ئەم دوورگەیە بە خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی لە نێوان واشنتۆن و بەیجینگ دادەنرێت.
هەروەها، جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناو ئەو بابەتانە بوو کە چین تێیدا پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ تاران وەک کارتی فشارێکی جیوپۆلیتیکی بەکار دەهێنێت. بەیجینگ تەنها پشتگیریی خۆی بۆ گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ مێزی گفتوگۆ دووپات کردەوە.
بەم شێوەیە، کۆبوونەوەکە زیاتر لەوەی چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکان بێت، بۆ پاراستنی کەمترین ئاستی پەیوەندیی و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ناکۆکییەکان بەکار هات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی