عێراق ژمارەی ئەو گروپانە ئاشكرادەكات كەتائێستا چەكیان ڕادەست كردوە

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەری نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ژمارەیەک بڕیارو پێشهاتی چارەنوسسازی لەدۆسیە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵات ئاشکراکردو ڕایگەیاند، سێ لەگروپەکان بەفەرمی چەکەکانی خۆیان لەدرۆن و موشەک ڕادەستی حکومەت کردوە. 


فەریق روکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی "حەدەس" ڕایگەیاند، لەکۆتایی ئەم مانگەدا بارەگای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی فەرمی دادەخرێت و لەدوای ئەو وادەیەوە هیچ بنکەیەکی سەربازی و هێزێکی شەڕکەری بیانی لەخاکی عێراقدا بونی نامێنێت و  هاوکات هێزەکانی ئەمریکاش بەتەواوەتی دەکشێنەوە. 

ئاماژەی بەوەش کرد بنکەی سەربازیی "ڤیکتۆریا" ئێستا بەتەواوی لەبونی سەربازانی ئەمریکی چۆڵکراوە.

سەبارەت بەئامادەیی و توانای هێزە نیشتمانییەکان، بەڕێوەبەری نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی سوپای عێراق، بۆشایی کشانەوەی هاوپەیمانان پڕ دەکەنەوە و هیچ مەترسی و نیگەرانییەک لەسەر ئاسایشی وڵات لەئارادا نییە.

لەتەوەرێکی دیکەدا، عەبدولئەمیر شەمەری تیشکی خستە سەر پرسی بونی سەربازیی تورکیا لەعێراق و ئاشکرایکرد، ئێستا لەئیستەنبووڵ دانوستان بەردەوامە بۆ چۆڵکردنی پێگەی بەعشیقە، بەگوێرەی رێککەوتنەکەش لەماوەی دوو مانگدا سوپای تورکیا بنکەکە چۆڵ دەکات. لەهەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە هێزە عێراقییەکان کۆنترۆڵی تەواوی چیای شنگال دەگرنە دەست

دەربارەی چارەنوسی گروپە چەکدارەکان، ئەو بەرپرسە باڵایەی فەرماندەیی گشتی ئاشکرایکرد، سێ لەگروپەکان بەفەرمی چەکەکانی خۆیان لەدرۆن و موشەک ڕادەستی حکومەت کردوە. 

هاوکات گفتوگۆی چڕ لەنێوان گروپەکانی دیکەو سەرکردە سیاسییەکاندا لەئارادایە بۆ رێکخستنیان لەچوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا. 
شەمەری هۆشداریشیدا، لەدوای کۆتایی ئەم مانگەوە، هیچ بیانوو پاساوێک بۆ هەڵگرتنی چەک لەدەرەوەی یاساو دەسەڵاتی دەوڵەت نامێنێتەوە.

لەکۆتایی لێدوانەکانیدا، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی جەختی لەوە کردەوە، بەغدا ڕەتیدەکاتەوە خاکی عێراق وەک پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت. 
ڕاشیگەیاند هەماهەنگیی ئەمنیی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت لەنێوان عێراق، ئوردن و کوەیت، لەبەرزترین ئاستدایە. لەلایەکی ترەوە ڕایگەیاند، حکوومەت لەلێکۆڵینەوەدایە بۆ دروستکردنی بنکەی پاسەوانیی سنور لەگەڵ تورکیا، سنورە شاخاوی و سەختەکانی نێوان عێراق و ئێرانیش پێویستیان بەکارو هەوڵی چڕ هەیە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیان.