شارپرێس:
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق هۆشداری دەدات و دەڵێت، قبوڵی ناکەین عێراق بەشدار بێت لەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر ئێران، داواش لەحکومەت و پەرلەمان دەکات هەڵوێستێکی یەکگرتوو و نیشتمانییان هەبێت.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند،"جێگەی نیگەرانییەو بەتەواوی ڕەتکراوەیە کە ببینین ئێران بەوشکانی، دەریایی و ئاسمانی گەمارۆ دراوەو عێراقیش تەنیا بینەر بێت یان بەشداری لەو گەمارۆیە دا بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، کولتوری و ئایینییەکانی نێوان هەردوو وڵات رێگە بەم جۆرە مامەڵەیە نادەن.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق وتی،"دەبێت هەڵوێستی عێراق هاوشێوەی ئەو هەڵوێستانە بێت کە پێشتر بەرامبەر گەمارۆکانی گەلانی وەک تورکیاو ئەفغانستان هەیبوە".
وتیشی،"پێویستە بڕیارێکی سەروەری و مرۆیی دوور لەترس و هەڕەشە بدرێت"، داواش لەهێزە سیاسییەکان دەکات یەکڕیزبن و دوربکەونەوە لەتۆمەتبارکردنی یەکدی.
قەیس خەزعەلی داوای لەحکومەت و پەرلەمانی عێراق کردوە، بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن و رێگە نەدەن عێراق ببێتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە زیان بەگەلانی ناوچەکە دەگەیێنن.