هێمن هەورامی رەتیدەكاتەوە ئێران‌و توركیا سنوور بەڕووی هەرێم دابخەن

کوردستان

28/08/2017‌ 592 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێمن هەورامی ڕاوێژكاری مەسعود بارزانی رەتیكردەوە، كە وڵاتانی درواسێ لەئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان سنوورەكانیان بەڕووی هەرێمدا دابخەن.

هێمن هەورامی ئەمڕۆ دوو شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، راستە وڵاتانی دراوسێ‌ ناڕازین بەئەنجامدانی ریفراندۆم، بەتایبەتی توركیاو ئێران، بەڵام بەدڵنیایی كاردانەوەی سنوور داخستینیان نابێت.

راوێژكارەكەی مەسعود بارزانی ئەوەشی راگەیاند، راستە ئەوان سنووریان هەیە، بەڵام ئەو سنوورە چەندێك بۆ هەرێمی كوردستان بەسوودە، ئەوەندەش بۆ توركیاو ئێران بەسوودە، كە ساڵانە برێك لەداهاتی گیشتیان لەبازرگانی لەگەڵ هەرێم دابیندەكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی‌و زۆرێك لەلایەنە سیاسییەكان بڕیاریانداوە، رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدەن، كە ئەمە كاردانەوەی توندی چەند وڵاتێكی بەدواوە هاتووە، لەوانە ئێران‌و توركیا.

لەبارەی هەڵوێستی عێراقیش لەو بارەوە هەورامی باسی لەوە كردووە شاندی هەرێم بۆ پرسی ریفراندۆم سەردانی بەغدای كردووەو باسی پرسەكەیان كردووەو بڕیارە لەو بارەشەوە گفتوگۆكان بەردەوامی هەبێت.

هـ ـ ح