داوای ئەنجامنەدامی پرۆسەكەی لەشارەكە كردووە
بەرپرسی یەكەمی یەكێتی لەكەركوك لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم هۆشداری دەداتە بارزانی

کوردستان

17/09/2017‌ 8423 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاسۆ مامەند، بەرپرسی یەكەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەشاری كەركوك لەبارەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان‌و ئەنجامدانی لەو شارە هۆشداریداوەتە مەسعود بارزانی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، لەچەند رۆژی رابردوو ئاسۆ مامەند، كە بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لەكەركوك پەیوەندی بەمەسعود بارزانی كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئامانجی سەرەكی پەیوەندییەكە بۆ تاوتوێكردنی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بووە لەشاری كەركوك‌و لەو بارەوە هۆشداریداوە بەناوبراو.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئاسۆ مامەند هۆشدارییەكەی بەشێوەیەك بەمەسعود بارزانی داوە، كە ئەگەر ریفراندۆم لەشاری كەركوك ئەنجامبدرێت، ئەوە بەزیان بۆ كورد دەشكێتەوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، بیانووەكانی ئاسۆ مامەند ئەوە بووە، كە ئامادەكاری تەواو بۆ پرۆسەی ریفراندۆم لەشاری كەركوك نەكراوەو لقی كۆمسیۆنیش تازە لەو شارە كراوەتەوە، ئەمە سەرەڕای بوونی كێشەی ناوخۆیی لایەنەكان لەو شارە.

هەروەها بەرپرسەكەی یەكێتی ئاشكرایكردووە، لەكاتی هەڵبژاردنەكانی رابردوو بەشێكی زۆر لەتوركومان‌و عەرەبەكان لەبەر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك دەنگیان بەكورد داوە، بەڵام لەپرۆسەی ریفراندۆم لەگەڵ كورد نین، كە ئەوەش دەنگی بەڵێ‌ بۆ ریفراندۆم كەمدەكاتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، كە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك‌و سەركردایەتی سیاسی كوردیش ئەو پرۆسەیە ناوچەكانی كەركوكیش دەگرێتەوە.

لەبارەی وەڵامی بارزانی بۆ ئاسۆ مامەند، شارپرێس ئەوەی زانیوە، كە ناوبراو رایگەیاندووە، دوای تاوتوێكردنی ئەو پرسە وەڵامی دەداتەوە، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراوەتەوە، كە ئەمەش بەرپرسەكەی یەكێتی نیگەران كردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی راگەیاند، بەهۆی نیگەرانییەكانی ئاسۆ مامەندو مەڵبەندی یەكێتی لەشاری كەركوك، ئەنجوومەنی مەڵبەندەكە بڕیاریانداوە، بانگەشە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی نەكەن، كە ئەو حیزبە دەنگی یەكەمی لەشارەكە هەیە.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، لەچوارچێوەی ئەو نیگەرانییانەدا، بڕیارە بەم نزیكانە كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی سەردانی شاری كەركوك بكات، ئەوەش وەك نوێنەری مەسعود بارزانی.

شاری كەركوك لەچوارچێوەی دەستووری عێراق‌و ماددەی 140 ناوچەی كێشە لەسەری نێوان هەرێم‌و عێراقە، كە ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە نیگەرانی‌و كاردانەوەی زۆری لایەنی بەغدای بەداوە هاتووە.

هـ ـ ح